مەسعود عەبدولخالق: لە دوای موسڵ سێ‌ مەلەفی مەترسیدار لە دژی هەرێم دەجولێنرێن

لەلایەن ستاندار Posted on 202 جار بینراوە 0 سەرنج
Masud

ستاندەر – خەڵک

چاودێرێکی سیاسی پێیوایە، کورد لەشەڕی ئازادکردنی موسڵ ھیچ دەستکەوتێکی نابێ جگە لەوەرگرتنی ٤١٥ ملیۆن دۆلار.

;مەسعود عەبدولخالق لەدیمانەیەکی لەگەڵ ; (خەڵک) ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، رێککەوتنەکەی سەرکردایەتی کورد بۆ شەڕی موسڵ تەنھا لەگرێبەستێک دەچێت و لەکۆتایشدا کورد ڕووبەڕووی چوار مەلەف و قۆناغێکی سەخت دەبێتەوە، پێشی وایە لەمێژووی کورد نەبووە، سەرکردایەتی کورد لەگەڵ ئەوەی خاوەنی ئیمکانیەت و دەرفەتی زێڕین بووە، بەڵام میللەت بێ متمانەیە بەرامبەری.

خەڵک: شەڕی موسڵ کورد بەرەو کوێ دەبات؟

مەسعود عەبدولخاڵق: کاتێک باسی شەڕی موسڵ دەکرێ بەمانای شەڕی داعش دێت، کە دوژمنی مرۆڤایەتی و کوردستانیشە و شەڕکردنیشی بەرگری کردنە لەخۆمان، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە دوای ئەو شەڕە ھەموو خەڵک نیگەرانیەکی ھەیە، بۆ عێراق دوژمنێکی ھەیە و لەناوی دەبات دوژمنی تر نییە بێتەوە جێگەی، بۆ ئێران رێگەی بۆ دەکرێتەوە بەرەو سوریاو لوبنان و تورکیاش ئەجێندای خۆی دیارە و دەزانێ لەم شەڕەدا چ دەکات، ئەمەریکاش دەیەوێ ھەم دوژمنێک لەناو ببات ھەم ریکلامێک بکات بۆ دیموکراتەکان لەھەڵبژاردن، بەڵام سەرکردایەتی کورد لەسەرەتاوە ئەم لێکدانەوەی نەکردووە، ھەرچەندە سەرەتا رێککەوتنێکی سەربازی مۆرکرد کە دەتوانم بڵێم ھێزی رێککەوتنیشی نییە، چونکە رێککەوتن بەگوێرەی بنەما نێودەوڵەتییەکان یاسا و رێسای خۆی ھەیە، ئەم یاسا و رێسایانەش شمولی ئەم رێککەوتنە ناکەن و بەجۆرێک لەجۆرەکان رێککەوتنە سەربازیەکەی کورد بەشێوەی گرێبەستێک دەچێت زۆر لاوازە، بەنمونە ھێزەکانی کوردستان بەخوێن و ماندوبوونی خۆیان بەشداری ئەو شەڕە دەکەن کاتێک شەڕەکە کۆتایی ھات رێککەوتن کۆتایی دێت، نابێ بچنە ناو موسڵ ھەروەھا لەژێر فەرمانی دەوڵەتی عێراق ئەو شەڕە دەکەن و لەکوێ بوون پێشتر دەگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان، کەواتە ئەم شەڕە ئیمتیازێکی زۆر گەورەی بۆ عێراق و ئەمەریکا و خەڵکانی تر ھەیە، بەڵام بۆ خۆمان ئەوەی داوای کردووە، داواکاری نەتەوەیی نەکردووە، تەنھا داوای ٤١٥ ملیۆن دۆلاری کردووە، کە ئەمڕۆ نرخێکی وەھای نییە، چونکە زۆربەی بەرپرسانی کورد چەندجار ٤١٥ ملیۆن دۆلاریان ھەیە، ڕووبەڕووی سەرسوڕمان دەبیەوە کە بۆچی ئەم داوایەی کردووە لەکاتێکدا بۆچی داوای ماددەی ١٤٠ و گەرەنتی ھەرێمی کوردستان و ریفراندۆم و چەندین داواکاری تری نەرکردووە! کاتێکیش سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رێککەوتنەکە واژۆکرا وتی، ئەمە ئەنجامی ماوەی کارکردنی یەک ساڵ و نیوە کە لەم ھەموو ماوەیەدا سەرۆکایەتی ھەرێم و سەرکردایەتی سیاسی کورد و راوێژکار بەشداربن، کەچی رێککەوتنێکە بەم شێوەیە لاوازبێت، ئێستاش لێککەوتەکانی دەرکەوتووە و بەڕێز مەسعود بارزانی ئێستا دەڵێت رێککەوتنەکەمان لاوازە پێویست بوو رێککەوتنێکی سیاسی بکەین، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە سەرکردایەتی سیاسی کورد نەستراتیجیەتی ھەیە، نەروئیا و روانگەیەک بۆ ڕووداوەکان، بۆیە پێم وایە ئەم جارەش دۆڕان، دوای شەڕی موسڵیش ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە ناو قۆناغێکی زۆر سەخت و تاڕاددەیەک مەترسیدار.

خەڵک: لەکاتێکدا راوێژکارێکی زۆر ھەیە، پێتان وایە بڕیاری رێککەوتنەکە تاک لایەنە بووە یاخود بۆچی کۆبونەوەی سەرکردایەتی سیاسی نەکراوە بۆ رێککەوتنێکی لەم شێوەیە؟

مەسعود عەبدولخاڵق: بەوردی نازانین کە پرس بەجێگری سەرۆکی ھەرێم کراوە، چونکە ھەندێ جار دەڵێن پرس کراوە بەپێچەوانەشەوە، ھەروەھا راوێژکارەکان پرسیان پێ دەکرێ یان پرسیان پێ ناکرێ یاخود پرس بەراوێژکارێک دەکرێ کە شایەنی ئەوە نییە کەچی پرس بەراوێژکاری گەورە نەکراوە، بۆیە سەرکردایەتی سیاسی کورد زۆربەی دەرفەتەکەیان دۆڕاند، ئەمەش دوا دەرفەت و کارت بوو کە پێم وایە دۆڕوان تێیدا.

خەڵک: کەواتە ئەگەر ھەیە کورد ڕووبەڕووی شەڕێکی تر ببێتەوە لەدوای داعش؟

مەسعود عەبدولخاڵق: لەدوای داعش ھێزی ھاوپەیمانان دەکشێنەوە عێراق بەھێزتر دەبێ و سوریا دەمێنێتەوە و ئێرانیش سەرکەوتو دەبێ ، ھەروەھا تورکیاش بەجۆرە بەرنامەیەکی تر دێتەوە پێش کە زۆر ڕوونە کە بەدوای رێککەوتنێکی ھەرێمی دەگەڕێ کە وەک پێشتر موئامەرە لەکورد دەکرا دەیەوێ رێککەوتنێک بکات لەگەڵ عێراق دژی پەکەکە و ھەرێمی کوردستانیش بکاتە قوربانی ئەو رێککەوتنە و نەوتەکەی کوردستانیش بگرێتەوە و لەگەڵ عێراق قازانجێکی زۆرتر بکات، عێراقیش لەوەتەی ھەیە دۆستی کورد نییە ، بۆیە پێم وایە بەرەو ناو بۆسەیەکی زۆر گەورە دەڕۆین بەبێ ئەوەی خۆمان ئامادەکردبێ بەشێوەیەک “زستان داھات کەچی خۆمان بۆی ئامادە نەکردووە” ;کوردیش بەم شێوەیە ھیچی بۆ ئەوکاتە ئامادە نەکردووە، گۆڕانکاری زۆر گەورەش دەبێ حزبی بچوک ھەیە گەورە دەبێ ، بەپێچەوانەشەوە و دیزاینی سیاسیش لەکوردستان بەخێرایی ;دەگۆڕێت و رەنگە حزبی تر نوێ دروست بێت.

خەڵک: مەبەستتان چیە لەم گۆڕانکاریانە؟

مەسعود عەبدولخاڵق: ھەرێمی کوردستان بەتەنھا دەمێنێتەوە، سیاسەتی ھەرێمی کوردستانیش ئەوەبوو کە پشتی بەوڵاتانی ئیقلیمی بەستووە لەجێگەی وڵاتانی نێودەوڵەتی، لایەنێک پشت بەئەنقەرە دەبەستێت و لایەنێکی تریش پشت بە تاران، ئەمەش لەکاتێکدایە کە لەجێگەی پەیوەندی نێودەوڵەتی بگەڕێینەوە بۆ پەیوەندی ئیقلیمی زەرەمەندی ھەرە گەورە خۆمان دەبین، بەڵام ئەگەر پەیوەندیەکانمان لەئیقلیمیەوە پەڕاندەوە بۆ نێودەوڵەتی زۆر قازانج دەکەین، ئەم جارەش سەرکردایەتی کورد گورزێکی زۆر گەورەی لەپەیوەندی نێودەوڵەتیەکانداوە و خۆی پەیوەستکردووە بەپەیوەندی ئیقلیمی کە ئەمەش موئامەرەیە و بچوککردنەوەی ھەرێمی کوردستانە تەنانەت وەک خۆم گومانم ھەیە فیدراڵیەکەش بپارێزین، ئەویش بەوە نابێ کە سوپای عێراق ڕوو لەھەرێم بکات، بەڵکو جوڵاندنی ھەندێ مەلەف ھەیە، ھیچ گەرەنتیەکیش نییە، تۆ بڵێی من شەڕی موسڵ دەکەم و گەرەنتیم لەعەبادی وەرگرتووە، چونکە ئەوە تاکە دەسەڵات نییە، یەکێک لەم مەلەفانە کە دەجوڵێت کێ سوپای تورکیای ھێناوە بۆ ناو خاکی ھەرێم، کە زۆر بەتوندی ڕووبەڕووی ھەندێ لایەنی سیاسی و سەرکردە دەبێتەوە و رەنگە ھەندێ لایەنیش بەئاشکرا بڵێن، کە ئێمە تێیدا نین، پارچەپارچەبوونێکی زۆر دەکەوێتە ناو کوردستان، دووەم مەلەفی نەوت زۆر بەخراپی ڕووبەڕووی حزبێک یان دوان دەبێتەوە، کە رەنگە لەوەدا خەڵک یان بێ لایەن بێت یان پێی خۆشبێت، چونکە نەوتی لێ دزراوە و موچەی پێ نادرێ، بۆیە بەئاسانی بەغدا دەتوانێ لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکات، مەلەفی سێیەمیش مەلەفی ماددەی ١٤٠ کە ھەموو ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، مەترسیدارترین خاڵی تریش لەدوای دروست بونی حەشدی شەعبی و حەشدی تورکمانی و وەتەنی کە دروست بوون بۆ پێکھاتەکان، پێم وایە حەشدی کوردیش دروست دەبێت، چونکە کاتێک حزبەکان لەکوردستان کەوتنە تەنازول بۆ بەغدا و ھەر حزبێک خۆی پەیوەندی دروست بکات پەیوەندی نێودەوڵەتی لاواز دەبێ، بۆیە خەڵکێک لەپەنا حزبە باڵا دەستەکان پەیوەندی بەبەغداوە دەکات حەشدی کوردی دروست دەکەن.

خەڵک: لەگەڵ ھەموو ئەو مەترسیانە، کێشەکانی ئێستای ھەرێمی کوردستان لێکەوتەکانی چ ;دەبێت؟

مەسعود عەبدولخاڵق: خەڵک زۆر حەزی لەیەکگرتنە، بەڵام سەرکردایەتی کورد لەگەڵ یەکتر ناگونجێت و بەیەکەوە ھەڵناکەن، ھەر سەرکردەیەک ;کۆمەڵێک خەڵکی لەدەوری خۆی کۆکردۆتەوە دەڵێن قوربان ئەگەر تۆ نەبی خەڵک ھەناسە نادات یان رۆژ ئاوا نابێت، ئەو کەسەش دەڵێ دیارە من زۆر گرنگم، لەکاتێکدا ئەوە ٨ ساڵیش دەبێ گوێبیست دەبی پێشمەرگە و گەریلا ئازا کچەکانمان ئازان، بەڵام گوێت لێ نابێت بڵێن سەرکردەیەکی حەکیمیان ھەیە ھیچ کەسێک واناڵێت و ھەموو کەسێک دەزانێ سەرکردایەتی لایەنەکان سەرکردایەتیەکی ناحەکیم و توڕە و توند و خۆبەزلزانن، بۆیە ئەو سەرکرداتە ئەگەر لەناو ئەو ماستاوچیانە دەریان بێنی ئەوکاتە قەبارەی خۆیان دەزانن ئەو کێشانە روونادات، بۆیە سەرکردایەتی کورد کە ھێندە توندن بەرامبەر یەکتر و زۆریش نەرمن بەرامبەر دوژمن ناتوانن خۆیان رێکبخەنەوە، بەراستی پەرلەمان و یاسا و دیموکراتی و وەتەنیەت و ھاوڵاتی بوون شکۆی تەواو شکاوە و ئەو دەسەڵاتە ھەمووی تێکشکاندووە، بەم ماوە کورتە دەبێ چاوەڕوانی ئەم ھەموو بۆسە و کێشانە بکەین کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، ئینشائەڵا ;خودا ھەروەک ھەموو کات ئێمە لەسەر لێواری مەرگ بوین بەڵام رووداوێکی ھێناوە جارێکی تر دۆخەکەی خۆش کردۆتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی سەرکردەکان لەم ھەورازانە ناتوانن سەربکەون و دەگەڕێنەوە، ئومێد دەکەم مەلەفی کورد لەڕووی سەربازی و ئابوری و سیاسی و یاسا دەکەوێتە دەستێکی ئەمین و کوردستان بەڕێوەببات.

خەڵک: بۆچونتان چیە لەسەر رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان؟

مەسعود عەبدولخاڵق: رێکەوتنی یەکێتی و گۆڕان زۆر باش بوو، چونکە زۆر شەفاف بوو و خاڵ و ماددەی زۆر باشی تێدابوو، بەڵام ھەر لەسەرەتاوە دیاربوو رێککەوتنەکە موئامەرەی زۆر گەورەی لەسەر بوو، تەنانەت چەند سەرکردەیەک دژی رێککەوتنەکە بوون لەناو یەکێتی، ئێستاش توشی مەینەتی خۆی بوو، چونکە ناوەندی بڕیار و باڵی زۆرینە لەیەکتر جیابونەوە و ئەو فراکسیۆنە گەورەیە بەنیازبوون دروستی بکەن دروست نابێ، لەکاتێکدا زۆر حزبی تر بەنیازبوون رێککەوتنەکە تەبەنی بکەن، ئومێدیش ھەبوو ئەگەر یەکێتی لەناوخۆدا ناکۆک نەبونایە پارتی بەجۆرێکی تری ئیجابی وەڵامی رێککەوتنەکەی دەدایەوە و بەجۆرێک رێککەوتنێکی گشتگیرتر دەھاتە کایەوە لەکوردستان بەڵام ئێستا ھەمووی پەرتەوازەیە و بەبێ مەرجەع ;و بێ ساحێب.

خەڵک: بۆچی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دەست پێشخەری ناکات بۆ چاککردنی کێشەکانی ئێستای ھەرێم؟

مەسعود عەبدولخاڵق: دروشمێکی پاسۆک ھەیە زۆر بەناوبانگە و لەشاخ دەنوسرا کە دەیان ووت ” ھەتا بەسەرشۆڕی یەکیان نەخستوین، بابەسەربەزی یەکبگرین” زۆر بەداخەوە زۆربەی سەرکردایەتی کورد تەبیعەتی وایە کاتێک ئەنفال و کیمیاباران دەکرێن یەک دەگرن کە ھیچ سودی نیە کاتێک دەرفەتی زێڕین ھەیە یەک ناگرن، بۆیە ھەندێ عینادی ھەیە و بەراستی ;سەرکردایەتی کورد کێ دەستی ھەبێ زوڵم لەوەی تر دەکات و یاسای دارستان جێبەجێ دەکرێ لەکوردستان، ئەوە ٥٠ ساڵە دەیانبینین بەم شێوەیەن کە ئەگەر رەنگێک بەسەر رەنگەکەی تر سەرکەوت زۆر سەرکەوتنێکی گەورەیان بەدەست ھێناوە کەچی ئاگایان لەوە نیە ;ھەرێمێکین نەبونێکی یاساییمان ھەیە نەمیللەتێکین لەقۆناغە سەختەکان ;دەرنەچون، بۆیە ئەو خوێندنەوەیان نیە بەڵکو خوێندنەوەیەکی تەسکی عەشایەری زۆر سایکۆلۆجیە ھەیانە، ھەموو ھیوایەتی سەرکردایەتی کورد بەرامبەرەکەی بچوک بکاتەوە کە بەتێکڕایی سەرکردایەتی سیاسی کورد بچوک دەکرێتەوە وەک ئەوەی ئێستا بچوککراوەتەوە، ئێستا لەمێژووی کوردستان سەرکردایەتیەکەی خاوەنی ئمیکانیەت ;دەرفەتی زێڕین نەبون لەبەرامبەردا لەمێژووی کورد نەبوە میللەت ھێندە بێ متمانە بێت بەرامبەر بەسەرکردایەتیەکەی.. بۆیە نابێ رەشبینیش بین بەڵکو خودا دەرگایەکی ترمان لەسەر دەکاتەوە و کەسانێک بەرابەر ;و سەرکردە کەدەستیان ئەمین بێت و دڵیان بەمیللەت بسوتێ و ئینسانی بن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *