دوا تیری جەنابی سەرۆک

لەلایەن ستاندار Posted on 806 جار بینراوە

دوا تیری جەنابی سەرۆک
ئاشتكردنەوە و ڕۆیشتن لە گەڵ خەڵك تا ئاستی داوای لێبوردن
خەڵك و كەسی تر

ئەبوبەكر جاف

پێش هەر شتێک سەرسەختانە پێداگیرم لەوەی کە شتێک نییە بە ناوی بەرە و هێزی دژ بە سەربەخۆیی، ئەوەی هەیە خەڵکانێکی زۆرو بی شوماری جیاوازن دژ بە ڕیفراندۆمن لە هەلومەرجێكی تایبەتدا.

لێرەوە ئێمە مامەڵەمان لە گەڵ خەڵکێکی ناڕازیدایە کە بە دەیان پاساو بڕوامان پێدێنن کە بۆچی دژن بە ڕیفراندۆم و مافی ئەوەشیان هەیە بڵێن نەخێر. ئەوەی پارتی بەم ڕۆژە گەیاند غرورو بێ منەتی و بێباکی پارتی بوو بەرانبەر جەماوەر و خەڵک و هێزێکی هاوپەیمانی خۆیشی. هەمیشە تەماشاکردنی ئاستێکی زۆر سەرو کە سەر بە خەڵک نییە، مامەڵەکردنی پارتی و قیادەی پارتی لە گەڵ لوتکەکاندا، هەمیشە لە سەر حسابی خەڵک تەواو بووە. تەنانەت ئەم مامەڵەکردنەی بۆ ناوخۆی حزبییش ڕاستە. لێرەوە ئێمە نەوەیەکین شاهیدی ئاوابوون و کەوتن و سەرەولێژبوونەوەی سەرەوەو لوتکەکانین. مامەڵەو سەودای پارتی لە گەڵ چەند (سەرێکدا)، لەگەڵ چەند ڕەمزێکدا کە چیتر پێیان لە خوارەوە هەڵکەنراوە، لە ناو سەرەولێژبوونەوەدا دەسدەگرن بە تەڵە پوشێکیشەوە، لە ناو ئەو دەستگرتنەدا، دەس بە پارتییەوە دەگرن و چاوەڕوانی پشە پشیانە لە پارتی، بەڵام ئەمانە لە گەڵ خوارەوەدا تاڵە دەزووییەک نایان بەسێتەوە. پارتی ههم باجی ئەم سەواو ماڵە دەدات لەگەڵ سەرگەلێکدا کە لە خنکاندا دەس بۆ یارمەتی تیمساحیش دەبەن.

جەنابی سەرۆک چی بکات ؟

جەنابی سەرۆک پێش ئەوەی ئەم ڕەمزە ڕووخاوانە وەدەر نێت و نەیان بینێت، ئەو ڕاوێژکارە نەخوێنەوارو بێ ئاگایانە وە دەرنێت کە پێشنیاری بینی ئەو دەمووچاوەیان بۆ دەکەن و، پێش ئەمەش هیچ ڕاستییەک ناگەیەنن. ژووری عەمەلیات ژووری دابەشکردنی پشک و پشکاری و هێنانەوەی بەهاو ئەرزشی لە دەستچووە (ژوری عەمەلیات جنێو فرۆشەكانی شەڕی ناوخۆن و چاوەڕوانی زیاتریان لێناكرێت). دەسبەرداری گوێگرتن لە سەرکردایەتییەک ببێت کە هێندەی ئاسمان و ڕێسمان لە خەڵکەوە دوورن. شتێک ماوە ناوی خەڵکە، دەبێت تا ئاستی داوای لێبووردن لە گەڵیان بڕۆین. خەڵكی ماندو خەباتگێڕو بەشمەینەتی خۆمانە کە هێشتاکە کوردن، دەی با بەڕیزیان ڕوو بکاتە خەڵک، دابەزێتە ناو خەڵک، شار بەشار، گوند بە گوند، کۆمەڵگە زۆرە ملێی و ئەنفالنشینەکەی من ( سمود) ببینێت. من دێم، ئێوە یەك (سەركردەو ڕاوێژكار) مەهێنن، ئێمەش ناهێڵین یەك (شێخ و ئاغاو دەرەبەگ و بەرپرس و كارگێڕانی لق) ببینن. چیتر با خەڵك نەمان بینێت، ئێوە خەڵك ببینن. ئیتر با تەنیا خەڵك ئێوە نەبینێت، ئێوە خەڵك ببینن. دەیان هەزار دەنگی نەخێر دژ ڕیفراندۆم خاین و نیشتیمانفرۆش نین، هەرگیز، دەنگی نەخێر تەخوین ناكرێت دەبێت لێی تێبگەین. ئەم دوو مانگە دوور لە درۆو دەلەسەی ڕاوێژکارەکان، دوور لەوەی فڵان و فیساری بۆ بهێنن و پێی بڵێن ئەمە نوێنەری خەڵک دەکات، دابەزێت لە گەڵ خەڵکدا تا ئاستی داوای لێبووردن لەوەی بیست و شەشساڵە پارتی و یەکێتی هیچ بەهایەکیان بۆ نیشتیمان و نەتەوە نەهێشتۆتەوە. دەزانم بەڕێزیان دوو دڵە کە بچێتە سلێمانی وگەرمیان و هەڵەبجە ڕووی دەمی لە کێ بکات، بەڵام خەڵک ماوەو، ئەوەی پرس و کێشەی بنچینەییكەیشە هەر خەڵکە و دەیان هەزار كەس تەخوین ناكرێت. بە یادی ئەو خەڵكە خێر لە خۆ نەدیوەش دێنینەوە كە: خێزانێكن لە شێخ عەبدوسەلامەوە تا ئێوە، كورد بوون خوێن بووە. بە داخەوە ئەو تەریقەتە لە ئێستادا گەیشتە كوێ و كێ لێی بەرپرسیارە.

(چوارساڵە نەک هەربینینی جەنابتان، تەنانەت پەیج و ئەکاونتەکەی ئێمەشیان فلتەر کردووە لای بەڕێزتان. چونکە پێش هەر شتێک پێمان دەوتن : ئەو ڕاوێژکارانە شار بەدەر کەن و، بە تكا لە خوارەوە شتێکی دیکە دەگوزەرێت و مەودای نێوان ئێوەو خەڵك، مەودای نێوان سمودو سەری ڕەشە.)ە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.