ڕیفراندۆم…سەروەریەک بۆ بارزانی ؛ کڵاوێک بۆ هاوکارەکانی

لەلایەن ستاندار Posted on 777 جار بینراوە

دڵشاد ٳسماعیل حاجی عزیز

ئێمە دەزانین بارزانی ماوەی سەرۆکایەتیەکەی تەواو بووەو ناچارە لە کۆتایدا دەست بەرداری کورسیەکەی بێت،لە ماوەی سەرۆکایەتیشیدا هیچی نەکردووە تا شانازی پێوەبکات و بیکات بە ویردی دەمی لایەنگرانی،جگەلە شکست و تاڵانی و خواردنی موچەی خەڵک و داخستنی پەرلەمان و بەدەستەوەدانی شەنگال و سوتاندنی بارەگاکان و کوشتنی (ڕۆژنامە نوسان و مامۆستایانی ئایینی و پاسەوانی حزبەکان )و ئەم هەموو قەیران و قەرزاریەی وڵاتی تێکەوتووە،بۆیە مەسعود بارزانیش بۆ پەردە پۆشکردنی هەموو شکستەکانی،دەستی بردووە بۆ پرسی ڕیفراندۆم،بێ گومان دەشزانێت نێتێکی ڕەزامەندی نێودەوڵەتیش هەیە، بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی لەناوچەکەدا لە ئایندەدا،بۆیە لەم کۆتایی دەسەڵاتەیدا دەیەوێت سەروەریەک بۆ خۆی تۆماربکات،ئەگەر هەزار ساڵی تریش بێت دەوڵەتی کوردی دروست بوو،لایەنگرانی موزایەدەی پێوە بکەن و بڵێن بارزانی بناغە دانەریەتی،ئامانجێکی تریشی لەم پرسەدا ئەوەیە، دەیەوێت بەناوی پرۆسەی ڕیفراندۆمەوە چەن ساڵێکی تریش وەک سەرۆک بمێنێتەوە.

سەبارەت ئەنجامدانیشی بەڵێ،پرۆسەکەش ئەنجام دەدرێ و سەرکەوتنیش بەدەست دێنێت،لەبەرئەوەی دەنگی نەخێر زۆربە کەمی بەشداری دەنگدان دەکات و بەمەش ڕێژەی بەشداربووان کەمە و ڕێژەی دەنگی بەڵێ زۆر دەبێت.

بەڵام مەتەڵەکە لێرەدایە!
ئایا پاش ڕیفراندۆم دەوڵەت ڕادەگەیەنرێت؟ یان بڕیارەکە هەڵدەگیرێت بۆ بەرژەوەندی و بەزەیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە داهاتوودا؟ بۆ وەڵامی ئەمە نەخێر بەدڵنیاییەوە ڕاناگەیەنرێت،چونکە دوژمنانی کورد(ئێران ،تورکیا،عێراق)بەمە ڕازی نابن زۆر بەتوندی ڕووبەڕووی خودی بارزانی و حزبەکەی دەبنەوەو هەر بەهاوکاری و پاڵپشتی حزبەکانی تری ناوخۆی کوردستان دەیڕووخێنن،بێ گومان بارزانیش هەرگیز ئەوەنە نیشتمان پەروەر نیە،بتوانێت پلەو پایەی خێڵەکی و سەروەت و سامان و دەسەڵاتی ڕەهای حزبی و کەسی خۆی بخاتە مەترسیەوە،لە پێناوی سەروەری و مافی چارەی خۆنوسین بۆ کورد،ئەم تێگەیشتنەیەش تێڕامانێکی مێژووی هەیە و سەرچاوەی گرتووە لە (۳۱ اب ،ئاشبەتاڵی ۱۹۷۵ جێهێشتنی میللەت لە نەهامەتی و ڕۆشتن بۆ هاوینەهەوارەکانی کەرەج و حەساناوە لەسێبەری دوژمن!هەروەها کەسی نیشتمان پەروەر (پەرلەمان) پەک ناخات و میللەتەکەی ناخاتە ناڕەحەتیەوە تەنها،لە پێناوی کورسیەکی ناشەرعیدا)ئێستاش کە ئەم وڵاتانە تاڕادەیەک چاویان لێ خەواندووەو بێ دەنگن ئەم پیلانەی بارزانی زیاتر ئاشکرا دەکات،کە دڵنیایی پێ داون پرسی ڕیفراندۆم تەنها وەکو ڕاپرسیەک جدیە،ئەگینا وەکو دەرئەنجام و ڕاگەیاندنی (دەوڵەتی کوردی) مەحالە و، تێیگەیاندون کە ئەوە مەسەلەیەکی نێو دەوڵەتیە و ئێمە بەبێ ڕەزامەندی ئێوە کارێکی واناکەین و ئەمە تەنها وەکو هەڵایەکی سیاسی و دەستکەوتێکی ڕەمزی ئەنجام دەدرێت،بۆ مێژووی بارزانی و موزایەدەی نەتەوەیی لە ناوخۆدا،بەدەر لەمە هیچی تر نیەو پرسەکەش تەنها بە ڕیفراندۆم کۆتایی دێت،دوو بەڵگەش بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیە هەیە:

۱ـ عەبادی وتی:(( بارزانی سوێندی بەگۆڕی باوکی بۆ خواردووم ،کە هەرگیز لە عێراق جیانابینەوە)).
۲ـ هۆشیار زێباری وەکو ڕاسپێردراوی بارزانی بۆ کاروباری ڕیفراندۆم هەر لەسەرەتاوە ڕایگەیاند:((مەرج نیە ئێمە پاش ڕیفراندۆم یەکسەر دەوڵەتی کوردی ڕابگەیەنین)).

لە کۆتایدا بارزانی سەرکەوتوو دەبێت و پرۆسەکە تەنها وەکو ڕیفراندۆم (ڕاپرسی) ئەنجام دەدرێت و بارزانی لە ڕێگەی حزبە خۆشباوەڕەکانی هاوکاریەوە بەناو (سەروەریەکی نەتەوەیی مێژوویی) بۆ خودی خۆی تۆمار دەکات، بەڵام هاوکارەکانی تەنها خەیاڵ پڵاوی و خۆش باوەڕیان بۆ دەمێنێتەوەو ڕیفراندۆم کڵاوێکە و دەخرێتە سەریان .

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.