کودەتایەک بۆ چاکسازی و وەرچەرخاندنی کلتور

لەلایەن ستاندار Posted on 609 جار بینراوە

ستارە عارف

چاکسازی لەپنتەوە ناکرێت، تازە ئەم ڕەوشەی هەرێمی تێدایە هێندە داتەپیوە، دەرفەتی چاکسازی لەبەش و بوارێکدا نەماوە، سەرتاپای سیستەمەکە یان کۆی هەلومەرجە ڕامیاری و ئابوری و کۆمەڵایەتی و کلتورییەکە پێویستی بە گۆڕانکاری بنەڕەتی و وەرچەرخانە، ئەم پێویستیە کەم تا زۆر لەلای زۆرینەمان گەڵاڵە بوە و گومانمان لەوە نەماوە، کە کاتی ئەوە نەماوە، بپرسین بۆچی بواری سیاسی یان ئابوری یان پەروەردە بە تەنیا گۆڕانکاری ئەنجام نادات؟، بەڵکو ئەم داڕزینە سەرجەم بوارەکانی گرتۆتەوە، سەرچاوە و ئاخێزەی ئەو قەیرانی داڕزینە بۆ داڕزینی عەقڵ و هزر و ئاوەزی ئەو بە ناو سەرکردە و بەرپرسانە دەگەڕێتەوە، کە جومگەکانی ئەم وڵاتەیان بە دەستەوەیە، ئەوان خۆیشیان لەخۆیان بێزار بون و دەزانن توانای هیچ جۆرە گۆڕانکاری و تازەکردنەوەیەکیان نیە و بۆیان ناکرێت، کەچی کورسی دەستةڵاتیش بەجێناهێڵن، بە نیازیشن بە دروشمی ڕیفراندۆم و سەربەخۆی خەڵک بخەوێنن و تەمەنی دەستەڵاتیان درێژ بکەنەوە.

بەشێک لەکەسانی سادە پێمانوایە دەبێت ئەو دەستەڵاتدارانە چاکسازی و وەرچەرخاندن ئەنجام بدەن و وڵاتەکەمان بە گوڵ و گوڵزار بۆ بگۆڕن!!!!، ئەمە هۆکاریشە بۆ ئەوەی کەسانی سادەی ئەم کۆمەڵگەیە کاتێک ڕوبەڕوی بەرپرسێک دەبنەوە، بە چاوی ڕێزەوە بەرەو پیری دەچن و وا دەزانێت گۆڕانکاریەکان لای ئەون، لەکاتێکدا ئەم کەسانە دەبێت تێبگەیەنرێن، کە توێژی دەستەڵاتداران گەندەڵ و دز و خراپن و توانا و نیەتی هیچ گۆڕانکاریەکیان نیە و لەجیاتی ئەوەی ڕوی دەمیان بکەنە ئەوان و بەرەوپیریان بچن، دەبێت بزانن کلیلی گۆڕانکاریەکان لای خۆیانە نەک ئەوانی بە ناو بەرپرسی حزبی و حکومی، چونکە پارە و هێزی سەربازی لەلایە، تێبگەن لەوەی:

دەبێت تاک لەهەرێمی کوردستاندا پشتی لەو تاقمە دەستةلاتدارە بێت و بە ئیرادەی خۆی بژی و گیانی گۆڕانکاری و نوێبونەوە لەخۆیدا بچێنێت و چاوی لەبەرپرسان و بە ناو حکومەت نەبێـت، ئەو کاتەی بەرپرسێکی حزبی فرمێسکی تیمساحی بۆ شەهیدەکانیان دەڕێژێت فریو نەخوات و دڵنیا بێت ئەو بەرپرسە درۆی لەگەڵ دەکات و شەهید و کەسوکاری ئەوی لەبیر نیە، تاک پشت بەو هێز و هزر و توانا مرۆیی و داراییەی خۆی ببەستێت، هەرچەندە سنوردایش بێت، بەڵام مل بۆ دەستەڵاتدارانی گەندەڵ شۆڕ نەکات، دەبێت ئیتر باش فێر ببین، بەرپرسانی دو حزبەکە لەکام ڕێگەوە گوزەر دەکەن، ئێمە دەبێت بە ڕێگە پێچەوانەکەی ئەواندا بڕۆین و بە شایانی ئەوەیشیان نەزانین سڵاویان لێبکەین..

قەیرانی ناهۆشمەندی لای تاک زۆر زەقە و لەدوای ڕاپەڕینەوە، تاکێک بەرهەمهاتوە، کە زۆر کەم لەسەر پێی خۆی ڕادەوەستێت و پشت بە ئیرادەی خۆی نابەستێت، زۆر کەم گەنج و تاک بەرگەی نەهامەتیەکان دەگرن و زو هەڵدێن، ئەمانە تایبەتمەندی زۆر نەرێنین، دەستەڵات لەدوای ڕاپەڕینەوە بەرهەمیهێناون و تاکێک بەرهەمهاتوە، کە ڕقی لەخۆی و هاوزمان و هاو نەتەوەکەیەتی و توندوتیژ و شەڕانین و وا هەست دەکەن، زمان و نەتەوە موڵکی ئەو تاڵانچیانەیە و دەبێت نەفرەتیان لێ بکەین، بۆ هەمو کەسێکی دەرەوەی سنوری هەرێمەکەی خۆیشی زۆر میهرەبان و ئارام و بە خزمەت و نەرمە، ئەمە پێی دەوترێت گیانی خۆ بە کەم زانین و مرۆڤی کەم و بچوک، بۆیە پێویستمان بە گۆڕینی ئەو کلتورە نەگریسە لای تاک هەیە، دەبێت بیر بکەینەوە چۆن دەتوانین ببینە تاکێکی سودبەخش بۆ گۆڕینی ئەو کلتورە و ڕەفتاری خۆ بە کەمزانین فڕێبدەین؟..

ئەمانەی دەیڵێم هیچیان بە ئاسانی ناکرێن و قەیرانەکەیش زۆر قوڵە و ڕۆژانە ئازاری ڕۆحی زۆرینەمان دەدات، چونگە گۆڕینی کلتوری خۆ بەکەمزانین بە تایبەتی لای تاک دەردێکی زۆر کوشندەیە، کاری دام و دەزگا و سیستەمێکی سەقامگیری دڵسۆزی سیاسی و ئابوریە، بۆ ئەوەی تاک پشت بەهێز و وزەی خودی ببەستێت و هانا بۆ کەس نەبات پشتی پێوە بدات.

لەڕەوشێکی وەک ئێستادا کارکردن بۆ دروستکردنەوەی توێژە جیاکان و هاندانی تاک بۆ ئەوەی لەبواری خۆیدا پشت بەخۆبەستو بێت گرنگە، لەهەموی گرنگتر بە هەمویشمان هەوڵبدەین، ئینتما و بیری حزبی هێزی پێشمەرگە و لەشکر بۆ دەستەڵات و چەتە و دزەکان کاڵبکەینەوە و بهێنرێنە ڕیزی گەلەوە و ئەو هێزەیش هەست بە گرنگی ڕۆڵ و بەرپرسیارێتیان بەرامبەر بە گەلەکەیان بکەن و پاڵپشتی بکەن.

بە دۆزینەوەی سەرچاوەی بژێوی و ژیانیان لەلایەنێکی متمانەپێکراو و سەقامگیرەوە و زێدەکردنی هوشیاری و پەروەردەکردنیان بۆ ئافراندنی بیرێکی نەتەوەیی ڕاست و گیانی بەرپرسیارێتی و چاندنی جوامێری و غرور و شکۆ لەلایان بۆ ئەوەی شەرم لەنزیکبونەوەیان لەدەستەڵاتێکی ئاوا تاڵانچی بکەن، بۆ ئەوەی لەداهاتودا بنەمای هێزێکی لەشکری نیشتمانی و نەتەوەیی بچێنین و هەر کاتێک ویسترا ئەو هێزە پاڵپشت و هاوکاری گەلەکەی بێت، لەشکرێکی بەمجۆرە نیشتمانی لەهەمو کاتێکدا گرنگە بۆ ئەنجامدانی کودەتایەک بەسەر ستەمی دیکتاتۆری و حزبی دەستەڵاتدار و بنەماڵەدا، تا ئاسایشی کۆمەڵگە و نەتەوەکە بپارێزێت، کە ئەمەیش یەکێکە لەو ڕێگەچارانە بۆ قەیرانی قوڵی هەرێمی کوردستان.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.