مەریوان هەلەبجەیی و مەلا کرێکار یەك ئامانج کۆیان دەکاتەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 1055 جار بینراوە

شۆرش حوێز

کەم نین ئەو مرۆڤانەی ژیانێك بەشیان ناکات بۆ سەلەماندنی خود و گەڕانی بەردەوام بە دوای ناسنامەی کەسیدا. ناسنامە بە مانا فەلسەفیەکەی ، واتا(خود وێنە) . ئەو وێنەی کە هەر کەسێك بەرامبەر خۆی وێنەیەکی زیهنی هەڵگرتوە ، وێنەیەك قولتر لەوەی کە دەیبینین و پەنهانتر لەوەی کە خۆی نمایش دەکات . دیارە زۆربەی کات ئەو وێنە (خود وێنە)، گوزارشت نیە لە ماهیەتی کەسەکە خۆی، ماهیەتی مرۆڤەکان و وێنە ئۆریجناڵەکە (authenic self) بێ کەموو کوریە، بەڵکو خود وێنە (self-image) وێنەیەکی نەخشێندراوە لەلایەن ئەوانی ترەوە. لە لایەن گەورەکانەوە لە نائاگایی منداڵەکان دەنەخشێنرێ. ئەو وێنە لەگەڵ تاکەکان گەورە دەبێت.

خود وێنە هەموو ئەو بیرو باوەر و تێروانینانە دەگریتە خۆی کە بەرامبەر خۆمان هەمانەو لەوانیترەوە وەرمان گرتوە لە سەردەمانێکی زوەوە و سەرەتای ئاشنا بوون بەو جیهانە. ئەوانیتر لەبەر خراپی و وویستی ئەهریمەنانە ئەو وێنانەیان لە زیهنی ئێمەدا نە نەخشاندوە بەڵکوو ئەوانیش گیرۆدەی هەمان دەردبوون و بەو وێنە شێواوەی (خود وێنە) کە لەسەر خۆیان هەیان بوە هەڵسوو کەوتیان لەگەڵ دەوروو بەرەکەیان کردوە بێ ئاگا لەوەی هەمان وێنە لە زیهنی خۆشەویستان یان چواردەورەکەیان دەنەخشێنن. ئەو نەخشاندنی (خود وێنە) پشتاو پشت گوازراوەتەوە دەگوازرێتەوە . وێنەکان بەو جۆرەن

یەکەم: ماهیەتی مرۆڤ یان وێنە راستەقینەکە (authenic self).
دووەم: خودوێنە (self-image)، وێنە شێوێنراوەکە.
سێیەم: وێنەی (روپۆشکراو): کە لە راستییدا تەنها ماسکێکە بەسەر وێنەی دوەم دا دەدرێت زۆربەی جار مرۆڤەکان پەنا بۆ وێنەی سێیەم دەبەن بۆ پەنهان کردنی وێنەی دوەم.

لێرەدا نامەوێ لەوە زیاتر بابەتەکە بەلای سایکۆلۆژیدا بروات . مەبەستی ئێمە لیرەوە دەست پێ دەکات. ئەو وێنە شێواوە (خود وێنە) ، کە زۆر بەی مرۆڤەکان هەڵگری ئەو وێنەیەن بەرامبەر خۆیان،پراو پرە لە کەم ڕەنگی، لە بێ هێزی، بەتاڵە لە هەستی ئەرێنی و باوەری پۆزەتیڤانە. بۆیە لێرەوە کەسەکان دەست دەکەن بە کەڤەر کردنی ئەو وێنەیەو پیشان نەدانی بە دونیای دەرەوەی خۆیان. هەموو هەوڵ و کۆششێك چر دەکەنەوە بۆ شاردنەوەی ئەو وێنە زهنیە کە بەرامبەر خۆیان هەیانە. دیارە مرۆڤەکان مافی ئەوەیان هەیە کە بەو وێنەیە رازی نەبن کە لە راستیدا هێجی ناچێتەوە سەر وێنە ئۆریجنالەکە بەڵام بە کەڤەر کردنی تەنها خۆیان و دەرەوی خۆشیان ویران و وێرانتر دەکەن.

هەوڵەکان جیاوازن و لە ژێر دروشم و بەناوی جیا جیاوە خۆیان نمایش دکەن . بەلام لە کۆتاییداو بۆ بەدەست هێنانی یەك ئامانجە.

زۆربەی جار هەموو ژیانی تەرخان دەکات بۆ شاردنەوەی وێنە شکاوەکە لە بری گەران بەداوی خود و مانەفێستکردنی وێنە ئۆریجناڵەکە، لە دیارترین هەوڵەکانی مرۆڤ بۆ ئەو پەردە پۆشیە،گەران و پەرۆشیە بۆ ستایش لەلایەن ئەوانیترەوە.دەیەوێ لە رێگەی تێڕوانینی ئەوانی دیوە بۆی بەخۆی و بو دونیای دەرەوەی خۆی بڵێ کە من باشترم لەو وێنەی کە لەگەڵ خۆم هەڵمگرتوە.ئیتر ستایشی ئەوانی دی بۆی دەبێت بە داینەمۆی کار و چالاکیەکانی و هەموو هەڵس و کەوتەکانی لەو بازنەیەدا گیر دەخوات. وەك بەختیار علی دەڵێت ” مرۆڤ لای من هه‌میشه‌ ئه‌و مه‌خلوقه‌ بێمانایه‌یه‌ که‌ هه‌موو ژیانی له‌ سه‌یر کردن و تێڕامان له‌وانی‌دیدا به‌هه‌ده‌ر ده‌دات ، هێنده‌ی له‌وانی دی ده‌ڕوانێت سه‌یری خۆی ناکات ، گه‌ر سه‌یری خۆشی بکات، بۆ ئه‌وه‌ سه‌یری ده‌کات تا ببینێت ئه‌وانی دی چۆن ده‌یبینن.” .

لە راستی دا ئەو هەوڵی بەدەست هێنانی رەزامەندی یان ستایشی ئەوانی دی، لێرەوە کۆتایی پێ نایە بەڵکوو چارەسەرێکی کاتیە و کەسەکە هەوڵەکانی چرتر و چرتر دەکاتەوە بۆ بەدەستهێنانی ستایشی زیاتر و زیاتر. دکتۆر رۆبرت ئەنتۆنی لە کتێبەکەیدا (the ultimate secrets of total self-confidence ) ئەو کەسانە دەچوێنی بە توش بووی مادە هۆشبەرەکان و دەڵی دەکری ئەو کەسانە هەموو هەوڵی رۆژ و شەویان بۆ بەدەست هێنانی کەمێك ماددە (ستایش) بێت و هەموو ریسکێك ئەکەن لە پێناویدا.تەنانەت ئەگەر ژیانیشیان بکەوێتە مەترسیەوە گوێی پێ نادەن و هەوڵەکانیشیان بۆ سەلماندنی خود بە خۆ نەویستی و فکرو فەلسەفە بەوانی دی دەفرۆشنەوە. خووگرتوو (مدمن) بە ستایش هەمان ئاڵودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و تازیاتر ستایش بکرێن تنوتر دەبەن و پێویستی زیاتریان دەبێت. بەو شێوەیە کەسەکە بۆ هەمیشە لە هەوڵی خۆ سەلماندن دەمێنێتەوە و چاوەرێی دەرەوەی خۆیەتی پێی بڵێن تۆ لەو وێنە شکاوەی ناو خۆت ناچی!.

هێنانەوەی نموونەی ئەو دوو کارەکتەرە بۆ ناو زڕاندن یان تەشخیص کردنی نەخۆشیەکە و چارەسەرکانی نین، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە ئەوانە دوو فیگەری ناو کۆمەڵگەی ئێمەن و رۆژانە کۆمەڵگەی کوردی بێ بەش ناکەن لە هەوڵەکانیان بۆ سەلماندنی خوود و بەدەست هێنانی مشتی ستایش. کۆمەلگەش زۆر بە دڵ فراوانیەوە ئەوەیان پێ دەبەخشێ. بێ ئاگا لە کاریگەری و زیانەکانی پارچە شکاوەکانی ئەو وێنانە.

ئەوان بە سوود وەرگرتن لە مرۆڤی دڵ شکاو و تورەی کورد لە سیاسەت و لە دین ، سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆژیا و کامێرای ئچ دی ، ستایشی خۆیان بەدەست دێنن و لە بەرامبەردا هێج بە مرۆڤی کورد نابەخشن لە هیچ روێکەوە . دەکرێ بڵێین خۆ بەتاڵ کردنەوەیەکی کاتی دەبەخشن بە هەندێك لە هەوادارنیان کە ئەویش هەر نێگەتیڤە . دیارە ئەو مرۆڤانە لە دونیای تێك شکاوی ئێمەدا زۆر زۆرن لە هەموو بوارەکان بەلام لە زۆرترین کاتتدا لە بەرگی سیاسەت مەدار یان پیاوی دینیدا خۆیان دەبیننەوە و مرۆڤ ئاسان نیە نەبێت بە کەرەسەی ژەمێكی ستایشی ئەوان. من چەند جیاکەرەوەیەکی ئوانم تێبینی کردوە.

١- هەستی خۆ دەرخستنیان زۆر زۆرە ، ئەگەر هیچ کەناڵ و لایەنێك بانگ هێشتیان نەکات خۆیان کەناڵ و خۆیان بانگ هێشتی خۆیان دەکان و لایڤێك لە پالتۆك یان فەیسبووك یان هەرجێیەکیتر دەکەنەوە.
٢- بەرهەمیان نیە یان زۆر زۆر کەمە.
٣- پێکەنین و زەردەخەنەی دروست کراو یان گاڵتە ئامێز لە کاتێكدا کە هەر خۆشیان قسە دکەن.
٤- هەوڵی بەراوردکاری زۆر دەدەن و ئاماژە بە ناوی زۆر دەکەن لە کاتی قسە کردندا.
٥- رەخنە گری باشن، نەك لەبەر ئەوەی چارەسەریان پێیە بەڵکو لەبەر ئەوەی باشترین رێگایە بۆ رازی کردنی ئەوانی دیو و بەدەس هێنانی چەپکێك لە ستایش لەو رێگایەوە.
٦- پیشەکەیکی دیاریان نییە و لە رووی داراییەوە سەربەخۆ نین ، زۆر بەی جار لەسەر کەسانیتر دەژین.
٧- شێوازی سەرنج راکێشیان هەیە لە قسە کەردن و لەبلەبان دەر دەکەون، ئەویش لەبەر ئەوەیە هونەری وتاربێژی وەك هەر هونەرێکیتر بە پراکتیزەکردن باشتر و باشتر دەبێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.