دەزگای هەڵبژاردن، با خۆڵ نەکاتە چاوی جەماوەری یەکێتییەوە..

لەلایەن ستاندار Posted on 650 جار بینراوە

سالار سەراوی*

لە چەند رۆژی رابردودا “مەسعود عەبدولخالق” لە کۆڕێکدا باسی لە ئەنجامدانى راپرسیەک کرد کە لە لایەن یەکێتی و دەزگای هەڵبژاردنەوە کراوە و ئەنجامی راپرسیەکەشی بڵاوکردەوە، کەچی هەرزوو دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی رونکردنەوەیەکی کاڵ و کرچ و ناڕاستی بڵاوکردەوە ئاماژەی بەوەدا بوو کە راپرسی لەو جۆرە بونی نیە، یەک دنیا پاساوی بێ بنەمای هێناوەتەوە.!

( راستی بابەتەکە بەم جۆرەیە، تا ئێستا سێ راپرسی کراوە کە لەهیچ کام لەو سێ راپرسیەدا ئەنجامەکان باس لە شکستی گەورەی یەکێتی دەکەن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا )..

یەکەم: ئەو راپرسییەی “مەسعود عەبدولخالق” ئاماژەی پێداوە، سەد لە سەد راستە و زانیارییەکانیش بەم شێوەیەن؛
ئەندام مەکتەبێک لە دەزگای هەڵبژاردن ( ناوەکەی پارێزراوە ) بە هەماهەنگی مامۆستایەکی زانکۆ کە دکتۆرای هەیە ( ناوەکەی پارێزراوە ) لەگەڵ چەند کادرێکی تری دەزگای هەڵبژاردن هەستاون بە ئەنجامدانی راپرسیەکە. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەنجامەکەی بۆ یەکێتی دڵخۆشکەر نیە، خۆیان لە بڵاوکردنەوەی بوارد. دواتر ئەنجامی راپرسیەکە دەکەوێتە دەست لایەنی دیکە و پێدەچێ مەسعود عەبدولخالیقیش وێنەیەکی دەست کەوتبێ و وەکو باسیکردووە ئەگەر هەڵبژاردن بکرێ ئەوا یەکێتی ۱٠ کورسی بەدەست دەهێنێ.!

دووەم: هەروەها رێکخراوێکی ناحکومی بەهەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوێکی ئەمریکی بە رێگەیەکی تر راپرسیەکی ئەنجامداوە و پێنج هەزار فۆرمی دابەشکردووە، نیوەی لە زۆنی یەکێتی و نیوەکەی تر لە زۆنی پارتی، خۆم بە تەلەفون قسەم لەگەڵ سەرۆکی رێکخراوەکە کرد و راستی راپرسیەکەی بۆ باسکردم، کاتێک ئەنجامی ۲٥٠٠ فۆرمەکەی زۆنی یەکێتی بۆ خوێندمەوە، تووشی شۆک بووم ناوێرم ئەنجامەکەیتان بۆ بنوسم.!

بەڵام قسەکە ئەمەیە؛ لێرەشدا دەنگ و کورسیەکانی یەکێتی روو لە دابەزینە. مەکتەبی سیاسی یەکێتیشی لێ ئاگادارکردۆتەوە.

سێیەم: لە لایەکی تریشەوە، پارتی بە هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا و دەزگایەکی ئیسرائیلی راپرسیەکی کردووە، ئەنجامی راپرسیەکەش لە زەرەری “پارتی و مەسعود بارزانی”یە، ئەنجامەکەی بە جۆرێکە کە ئەگەر “مەسعود بارزانی” خۆی بۆ سەرۆکی هەرێم کاندید بکاتەوە چانسی ٪۳۲ ی دەنگەکانی هەیە. هەر ئەمەش وایکرد کە ئیسرائیلیەکان پێشنیاری ریفراندۆمیان بۆ بارزانی کرد بە بیانوی نالەباری خراپی چارەنوسی پارتی لەئێستادا. هەرەوەها لێرەشدا دەنگەکانی یەکێتی زۆر دابەزیووە و بەجۆرێکە کە رەنگە ۱۳ کورسی زیاتر نەهێنێت.

کۆتایی..
۱.هەموو ئەو راپرسیانەی دەکرێن سەد لە سەد راست دەرناچن و بەرێژەیی راستن، بۆیە لەهەر سێ راپرسیەکەدا یەکێتی دەنگ و کورسیەکانی روو لە دابەزینە، ئەمەش بەهۆی ئەو سیاسەتە دووفاقی و نا رۆشن و بێ ئامانج و بێ دروشم بێ خیتابیەی سەرکردایەتی یەکێتی هەیەتی.
۲.جەماوەر و کادرانی یەکێتی لەجیاتی ئەوەی سەرزەنشتی “مەسعود عەبدولخالق” بکەن، کە راستگۆیانە باسی لە چارەنوسی یەکێتی کردووە، کەچی سەرکردایەتی حزبەکە پەردەپۆشی راستیەکان دەکەن. بۆیە جەماوەری یەکێتی باشترە بچن لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی بپرسن ئەم حزبەتان بۆ بەم دەردە برد..؟!!

چیتر پێویست نیە دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی خۆڵ بکاتە چاوی جەماوەری یەکێتیەوە، نابێ بەیاننامە و داتا و ئامار و ژمارەی هەڵە بڵاوبکاتەوە و خۆی لە وتنی راستیەکان بدزێتەوە. بەڵکو گەر بە راستی لە خەمی ئەم حزبەدان دەبێ راستیەکان بدرکێنن و بە هەمووان چارەسەریان بکەین.

ئەگینا ئۆباڵی شکستی ئەمجارەش هەر لە ئەستۆی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسییە، ئیتر جەماوەریش قبوڵی دەکات یان نا، ئەو کاتە قسەیەکی ترمان دەبێ.

 


#تێبینی: زانیاری راپرسیەکەی پارتی لە برادەرێکەوە وەرمگرتووە، هەر کەسێک ویستی ئەنجامی راپرسیەکەی بۆ دەنێرم.

*کادیری پێشکەوتوی (ی.ن.ک)

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.