لەسەر رووداوەکانی بۆرما نەخێر

لەلایەن ستاندار Posted on 570 جار بینراوە

لەسەر رووداوەکانی بۆرما نەخێر

سالار سیامەند
بۆ کوشتن و سوتاندنی خەڵکی بێ تاوان و بێ گوناھ ، چ موسڵمان بێ یا بوزی بێ ، یا مەسیحی ، یان جولەکە. چ سونە بێ یاخود شیعە.
شەرمەزارییە بۆ مرۆڤایەتی ، بەبەرچاوی دونیاوە ،لەسەدەی بیست و یەکەمدا ،مرۆڤ لەسەر بیروباوەڕی ئاینی بسوتێندرێ یان سەری بپەڕێندرێ. ئەوەی روو دەدا، مرۆڤ بەرامبەر بە دڕندەترین ئاژەڵیش ناتوانێ ئەنجامی بدا، یان پێی خۆش بێ، جچای ئەوەی بەرامبەر بە مرۆڤی بێ تاوان ئەنجام بدرێ.

تاوانباری سەرەکی لەو رووداوانەدا، پیاوانی ئاینی ھەموو ئاینزاو مەزھەبەکانن ، کە پێیان وایە: کۆمەڵگاکەی خۆیان تەواو ئیسڵاح کردووەو ئەرکیان لەوێ کۆتایی ھاتووە..!! ئیدی کاتی ئەوەیە فریای کۆمەڵگەکانی تریش بکەون ، تا لە غەزەبی خواو ئاگری دۆزەخ بیان پارێزن..!!

پێیان دەڵێن: بۆ ئەوەی لە ئاگری دۆزەخ، لە دونیاکەی تر پاربزراو بی ، دوو رێگات لە پێشە :- یا ئەوەتا باوەڕ بە ئاین و مەزھەبەکەی ئێمە دێنی و بەھەشت مسۆگەر دەکەی..!!
یا ئەوەتا : ئێمە لە جیاتی خوداو لەسەر دونیا دەتسوتێنین..!!
ئەرێ ئەو ھەموو درۆکردن و بوختانە بەس نییە بە دەمی خوداوە دەیکەن.!؟
ھەموومان دەزانین ، کە گریانی زۆربەتان بۆ ھەریسەکەیە، ئێوە لە خەمی موسڵمانانی بۆرما دانین، ئێوە خەمی ئەوەتانە چۆن بوزی و مەسیحی و جولەکەو ئاین و ئاینزاکانی تر ھەموو بکرێن بە موسڵمان.!؟
دونیا گۆڕاوەو سەردەمی تەکنەلۆجیای زانیارییەکانەو ھیچ پێویست بەوە ناکا پیاوانی ئاینی بە ناوی – موبەشیر یان بانگخواز – یان ھەر ناوێکی تر ، خۆیان بکەن بە ناو گوند و شاری کۆمەڵگەکانی ترداو داوایان لێ بکەن : بێنە سەر باوەڕو ئاینی ئەوان. ئەوەی بیەوێ ئاینی خۆی بگۆڕێ، ئێستا زانیاری لەسەر ھەموو ئاینەکان لەبەر دەستەو خەڵکیش ئازادە.

بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەو رووداوانە – کە پڕە لە توندو تیژی و ، لە وەحشییەت بترازێ ، ھیچ ناوێکی تر ھەڵناگرێ – با ھەموومان داوای بە دەنگەوە ھاتنی کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی بکەین، دادگایی ھەموو ئەوانە بکرێ کە لە تاوانی کۆمەڵکوژیدا دەستیان ھەیەو پۆلیسی نێو دەوڵەتی بۆ پاراستنی گیانی کەمینەکان پێک بھێندرێ و داوای ئاسایشی کۆمەڵایەتی بکەین ، تا ژیانی ھەموومان پارێزراو بێ و خۆمان بە دوور بگرین لە داوای تۆڵەکردنەوەو رەفتاری ھاوشێوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.