(( یەکگرتوو دوومەڵی جەستەی ئیخوان ))

لەلایەن ستاندار Posted on 702 جار بینراوە

بەشدار رەفیق

بەدبەختی کورد تەنها لەوەدا نیە کە عەلمانیەت لە چاپە ڕۆژئاوایەکەیدا مێرکڵ و چۆمسکی بە ڕوژئاوا دەبەخشێت بەڵام لەچاپە کوردیەکەدا مەلا بەختیار و سەرۆ قادر پێشکەشی ئێمە دەکات بەڵکوو لەوەشدایە کارخانەی ئیخوان غەنوشی و ئەربەکان و پاڵەوانێکی وەک محمد مهدی عاکف پێشکەش بەخەڵکی دەکات بەڵام لە منداڵدانە کوردیەکەید مەلا کۆچەر و مەولود باوەمراد یەکگرتوو فڕێ دەدات .
ئیخوان موسلمین ئەو ڕێکخراوەی لە مارچی 1928 لە لایەن ئیمام بەناوە لە شارۆچکەی ئیسماعیلیە دامەزرا . ئەم ڕێکخراوە کە لە دوای ڕووخانی خەلافەتی عوسمانی بۆ ئیسلاحی سیاسی و کۆمەڵایەتی دامەزراوە ج . مێژووی ئیخوان لە گۆڕەپانی سیاسیدا دژ بە ڕژێمە ملهوڕەکانی ڕۆژهەڵاتی مێژوویەکە ڕەنگ ڕێژکراوە بە دەریایەک لە قوبانی و خوێنڕژزان . حیکایەتی ئازار و ئەشکەنجە ودەربەری ئیخوانەکان بە دەستی ڕژێمە تۆتالیتارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
حیکایەتێکە کە ئەگەر هەزاران لاپەڕەی لەسەر بنوسین هێشتا ناتوانین کەمێک لەو قارەمانی و بەرخودانەی ئیخوان بخەینە سەر لاپەڕەکانی مێژوو . هەر پارچەیەک لە جەستەی ئیخوان سەیر دەکەی بریندارە بە تیخ و چەقۆی زاڵم و فیرعەونێک. هەر لە شەهید بوونی ئیمام بەنای ڕێبەری ئەم قوتابخانەیە لە 12 ی شووباتی 1949 تا شەهید کردنی سەیدی گەورە لە ئابی 1969 دا .. من بە هێنانەوەی ئەم نمونانە نامەوێت بە باڵای ئیخواندا هەڵ بدەم بەڵام دەمەوێت سەرانی یەکگرتوو شەرمەزار بکەم بۆ ئەوەی خەبەریان بێتەوەو بەنجی بێ جورئەتی و بێ مەوقیفی بەریان بدات و هیجکە نەبنە دەڵاڵی سیاسی سیسی و قەزافیەکان لە دیوەخانی نەگریسی کوردایەتی .

ئالەم ساتەدا ئێستا لە زیندانە تاریکەکانی سیسی دا پیرە پیاوێکی سەرووی هەشتا ساڵی هەیە کە ئەویش مورشیدی حەوتەمی ئیخوان محمد مهدی عکافە کە زۆربەی تەمەنی لە زیندانەکاندا بەسەربردووە و زیندانی زۆربەی جەلادەکانی میسڕی بینیوە هەر جەمال عبدولناسرەوە تا سیسی . توخوا عیب نیە بە سەرکردە بێ جورئەتەکانی یەکگرتوو بڵێی ئیخوان و بەم کەڵە پیاوەش بڵێی ئیخوان کە ئەمیان لە کونە تاریکەکانی زیندانەوە بە جەستەیەکی پیرەوە وانەکانی بەرخودان و مەردایەتی فێری جیهان دەکات ئەوانش بەلەرزە لەرز و ڕووحێکی تۆقیوەوە لە پاڵ سیسیەکانەوە نمایندەی بێ جورئەتی و جەبانی خۆیان دەکەن .

لە دوای کودەتا ڕەشەکەی جوڵای 2013 کە یەڵدایەکی تری بەسەر ئیخوانەکاندا هێنایەوە هەزارانیان لێ شەهید کراو هەزارانشیان لێ زیندانی کرا یەکێک لە لەوانە کە شەهید بوو فاتیمەی کچی دکتۆر محمد بەڵتەچی سەرکردەی ئیخوان بوو ! سەرانی ئیخوان لە میسڕ لە پێناو ئازادی و کەڕامەتی خۆیاندا مناڵەکانیان دەکەنە قوربانی بەڵام منداڵانی سەرانی یەکگرتوو کوڕ و کچەکانیان لە خۆشتیرین ژیان دەژین لەسەری حسابی ئیخوان و ئیسلام ! هەر لە دوای کودەتاکەی میسڕ کە مورشیدی ئیخوان محمد بەدیع فەرمانی دەست گیرکردنی بۆ دەرچووبوو لەلایەن سوپای خوێنڕێژی میسڕەوە بەڵام ئەم کەڵە پیاوە وەک سەرکردەکانی یەکگرتوو جەبان و ترسنۆک نەبوو بچێت خۆی بشارێتەوە بەڵکوو چووە سەرشەقام و لە ژێری وڕەو دەنگی تۆقێنەری فڕۆکەکانی سووپای میسر بەدەنگی بەرز هاواری کرد ( ئاشتیمان بەهێزترە لە گوولەکانتان ) ئەوە مورشیدی ئیخوان بەڵام ئایا سەلاحەدین بەهادین جورئەت دەکات نەک بێتە سەرشەقام بەڵکو بۆ یەکجارش بە فیرعەونە کوردیەکان بڵێ نا ! من نامەوێت بڕۆمە سەر قوربانی ئیخوانەکان لە تونس و جەزائیر باسی غەنوشی و ئەربەکان و موندەریس بکەم کە هەر هەموویان چیرۆک گەلێک یەکگرتووە ئیخوانەکەی خۆمان شەرمەزار دەکات بەڵکوو دەمەوێت بپرسم ئایا یەکگرتوو سیاسەت دەکات یان دووکانداری ! لەوانەیە دەروێشەکانی یەکگرتوو پێم بڵێن مناڵێکی وەک تۆ هەر بیری نایەت ئێمە دووجار بارەگەمان سووتاوە ، منش دەڵێم ئەوانە مێژوون و جێگای دەستخۆشین بەڵام پێتان بڵێم بارەگا سوتاندن هاوئاوازیتان لەگەڵ سیسیەکانی کوردستان ناشارێتەوە ! کاتی ئەوەیە پێتان بڵێم گەر یەکگرتوو بوون دوێنێ جێگەی شانازیبووبێت سبەینێ کە ئێوە دەبنە ئاوازی دووزەلەی مەهزەلەی ڕیفراندۆم و پەڕلەمان لە ناوەندێکی ئاکتیفەوە دەگۆڕن بۆ دیوەخانێکی تۆپیو ئییدی یەکگرتووبوون لە یەکێتی بوون عەیبتر دەبێت . ئێوە خۆتان لە میسر تانە لە عەمر و خالید دەدەن شانازی بە محمد بەدیع دەکەن بەڵام خۆتان لێرە پشتان لە موندەریس و محمد بدیعەکان کردو بوون بە عەمروخالدی کوردی !

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.