قەبارەی لافیتە و ئەنگوتکی نانەوا

لەلایەن ستاندار Posted on 735 جار بینراوە

کەمال ئەسکەندەر
زۆرجار دەوترێت مێژوو خۆی دوبارە دەکاتەوە ، ئەم ڕووداوە ڕەنگە زۆربەمان گوێبیست بووبین ، ھەروەک ڕاستە ئەگەر بڵێین بەچەند جۆرو شێوازێک بەنمونە دەھێندرێتەوە دەگێڕنەوە گوایە : عبدالکریم قاسم لەو کاتەی سەرۆک کۆماری عێراق بوە بەیانیەک سەردانی نانەواخانەیەکی شاری کردوە ، کاتێک سەیری گەورەیی قەبارەی وێنەی خۆی و کەمی کێش و بچوکی ئەنگوتکی نانەکانی کردوە ، ئامۆژگاری نانەواچیەکەی کردوە قەبارەی وێنە ھەڵواسراوەکەی سەرۆک کۆمار بچوک بکاتەوە و نانەکان گەورەتر بکات .
ئەم ڕووداوەی سەرەوە ھەر چۆن بێت بەلامەوە گرنگ نیە بەڵکو ئەوەی مەبەستمە بریتیە لەتێگەیشتن و لێکدانەوە بۆ ڕووداوەکە کەبریتیە لەچەسپاندنی مافی خەڵک و ڕێگری لە کاسەلێسی و چەواشەکاری بەسود وەرگرتن لە پشتی ھەڵواسینی وێنەیەکی قەبارە گەورەی سەرۆک بەمەبەستی پەردە پۆشی لە کارێکی گەندەڵ.
پرسیارەکە ئەوەیە تۆ بڵێی ھاوشێوەی نانەواچیەکە لە ئێستادا چەند بێ ؟
دەی ئاخر وەزارەتی واھەیە بە قەد موچەی چەندین فەرمانبەری وەزارەتەکەی ئاڵاو لافیتەی لە دیوانی وەزارەت تێک چەقاندوە لە کاتێک دا ڕەنگە فەرمانبەری وای تیا بێت کرێچی بێ و مانگانە تێچوی بەنزینی یەک مانگی ئۆتۆمبێڵەکەی وەزیر قەرزبکات چونکە موچەکەی بەشی ناکات دواتر بەساڵێک قەرزەکەی بۆنەدرێتەوە .
لەم ڕۆژانە بەنزین خانەیەکم بینی لافیتەیەکی باڵابەرزی بەقەد باڵای سەقفکە ھەڵواسی بوو و بەچەند مەتری پان ، بەڵام لەژێرەوە بۆ ھەر لترێک سەدو سی دیناری خستبوە سەر ، بۆچی مەگەر قەیران دروست کردن بەدەرفەت وەرگرتن لەبارودۆخ ھیچی کەمترە لە ھەڕەشەی ووڵاتانی دراوسێ ؟ دەی خۆ ئەوان ھێشتا سنوریان دانەخستوە ئێوە قەیرانی گرانی سوتەمەنیتان دروست کرد .
ئەی مەگەر ئێوە نابینن لەشەقامە گشتیەکان بە بیانوی بانگەشە بۆ پرسە باڵاکەی نیشتمان بازرگانی و ڕیکلام چۆن بەلێشاو دەستی پێکردوە ! ھەر لەکولێرە بەڕوون و چێشتخانەکانەوە بگرە تا دەیان ناوەندی بازرگانی ، بۆچی مەگەر بەرپرسێکی کارگێڕی لەلایەنی پەیوەندیدار نیە دڵسۆزانە بەئەرکی سەرشانی ھەڵسێت و فێریان بکات دڵسۆزی بۆ نیشتمان لە کردارو ویژدانەوە دەست پێدەکات نەک گەورەکردنی قەبارەی لافیتە ، بەڵکو ھاوشێوەی عبدالکریم قاسم پێیان بڵێت :(لافیتەکانتان بچوک بکەنەوە و نرخەکانتان دابەزێنن)

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.