پێش و پاش ڕیفراندۆم

لەلایەن ستاندار Posted on 558 جار بینراوە

غیدان حسن ھەڵەبجەیی

سەرانی کورد سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی نێودەوڵەتی و دۆستەکانی کورد لەسەروی ھەمویانەوە ئەمریکا بڕیاریدا ڕیفراندۆم لەوکاتەی بۆی دیاری کراوە ئەنجام بدات .
ھەر ڕۆژەو لە کاتی دیاری کراوی ڕیفراندۆم نزیکتر دەبویەوە گوشار و ئاگادارکردنەوەکان زیاتر دەبوون و گوشارەکان لەلایەن ھەندێك دەوڵەتەوە گەشتە ئاستی ھەڕەشە .بەڵام سەرۆکی ھەرێم زیاتر سوردەبوو لەسەر ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە ، زۆر جار لە کۆبونەوەی لەگەڵ چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردیدا لەبەرامبەر ھەڕەشەکانی دەرەوە بە ھەمان شێوە ئەمیش زمانی ھەڕەشەی بەکاردەھێنا و زۆر جار دەیوت مادەم ئەوان حسابمان بۆ ناکەن ئێمەش ھیچ حسابیان بۆ ناکەین ، تەنانەت ئەوەشی ڕاگەیاند ڕیفراندۆم تەنھا بۆ سەربەخۆی یە و بەس .. بەم لێدوانانەی حیزبەکانی ھەرێمیشی خستبوە حاڵەتێکی نەخوازراوەوە نەیان دەزانی پاڵپشتی کردنی ئەم پڕۆسەیە بەسود دەبێت یان زیان بەخش ..
سەرۆکی ھەرێم تەنانەت نەی دەویست گوێ بە نێوەندگیری و پێشنیارەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بگرێت ، لەو نێوەندەشدا سوکایەتی بە (بریت مکگورك) نوێنەری ئەمریکا و ھاوپەیمانان کرد بۆ شەڕی داعش و چەندین جار ڕەدی کردەوە لەگەڵی کۆبێتەوە ..
دواجار سەرەڕای ھەموو ھەڕەشەکان ڕیفراندۆم لەکاتی خۆیدا ئەنجامدرا و ڕێژەی٩٢% دەنگی بەڵێی دەنگدەرانی بەدەستھێنا ..
بەڵام لەگەڵ کۆتایی ھاتنی ڕیفراندۆم و ڕاگەیاندنی دەرئەنجامەکان بارودۆخەکە بەتەواوەتی گۆڕا ، سەرۆکی ھەرێم بە زمانی جیاوازتر قسەی کرد و ڕایگەیاند ڕیفراندۆم بۆ دیاری کردنی سنور و سەپاندنی ئەمری واقیع نیە و داوای لە بەغدات کرد دەرگای گفتوگۆ دانەخات ، لەھەمان کاتدا (نێچیرەوان بەرزانی) جێگری سەرۆکی پارتی ڕایگەیاند کە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نیە و تەنھا وەرگرتنی بۆچونی ھاوڵاتیانی ھەرێم بووە ..
ھەڕەشەکانیش کە پێش ڕیفراندۆم دەکران یەك لەدوای یەك دەکەونە بواری جێبەجێ کردنەوە ، حکومەتی عێراق تەواوی مافە دەستوریە نێودەوڵەتیەکانی بەکاردەھێنێت و فشارەکانی بۆسەر ھەرێم تا دێت زیاتر دەبێت لە داخستنی فڕۆکەخانەکان و ھەوڵدان بۆ داخستنی سنورەکان و ڕێگری کردن لە ھەناردە کردنی نەوتی ھەرێم و بڕینی ھێڵی ئەنتەرنێت و ھێڵەکانی پەیوەندی و چەندین فشاری دی …
وە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش وەك ئەوەی گڵۆپی سەوزیان بۆ عەبادی ھەڵکردبێت لە ئاست ئەم فشارانەدا بێدەنگن ..
کەچی سەرۆکی ھەرێم کە پێش ڕیفراندۆم بەردەوام ھەڕەشەی دەکرد بێدەنگی ھەڵبژاردوە و خۆی لە بابەتەکە دورخستوەتەوە و ھیچ لێدوانێك نادات ، خەڵکی کوردستانیش کەوتونەتە بارێکی دورونی ئاڵۆزەوە وردە وردە خەریکە گومانیان بۆ ڕیفراندۆم و ئامانجی سەربەخۆیی دروست دەبێت ، فشارەکان تادێت ئاڵۆزیە ئابووریەکان زیاتر دەکەن و حکومەتی ھەرێمیش بێدەنگە و ھیچ ڕێگە چارەیەکیان لەبەردەستتدا نیە . لە جێی گەڕان بەدوای چارەسەر و گەڕاندنەوەی ھیوا بۆ ھاوڵاتیانی کوردستان کەچی ھەر خەریکی کۆبونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕین و بەیاننامە دەرکردنە ، کە ھیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت .. بەوەش حاڵی ھاوڵاتیان لە خراپەوە بەرەو خراپتر دەچێت ، ئەگەر بێت و حکومەتی عێراق و دەوڵاتانی دراوسێ لە فشارەکانیان نەوەستێت ئەوا تاکە زەرەرمەند ھاوڵاتیانی ھەژاری کوردستان دەبێت ..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.