ماسی لەسەریەوە بۆگەن دەبێ

لەلایەن ستاندار Posted on 500 جار بینراوە

کەمال ئەسکەندەر

ئەوە مەسەلەیەکی تورکی یە وەک هاتوە (بالقی باشنن قۆقار) هەروەک مەلای گەورە لە بەرگی سێ یەمی تەفسیرەکەی لاپەڕە ۲۲۷ هێناویەتی ، ئەوەی دەگوزەرێ لە کوردستان کەژیانمان هەموو ڕۆژەکانی بوە بە مەتەڵ هەر ڕۆژەو دەیان خوێندنەوەی جیاواز بۆ بارودۆخ دەکرێت ، ڕونتر بڵێم باڵادەستە سیاسیەکانمان هونەرمەند ئاسا هەر ڕۆژەو بەئاوازێ دروشمەکان دەچڕن کەچی واقیع بۆ میللەت هەر ئەوەیە کەپێشتر بوو بۆ داهاتووش ئەگەر خراپترنەبێت باشتر نابێت .

دروشمەکان هەمان دروشمی دوێنێن ، دەموچاوەکان هەر هەمانن ، بۆ هەر قۆناغ وپێشهاتێکیش بەتواناترین چاودێری سیاسی بە گەڕانەوە بۆ خاڵی سەرەتا دەینرخێنێت ، بۆچی مەگەر ئێمە خەریکی یاریەکانی ئێکس بۆکس و پلەیستەیش نین؟ ووتمان قۆناغی گفتوگۆبەسەر چوو کەچی ئێستا داوای دەکەین ، وتمان دراوسێ ی باش دەبین کەچی جەخت دەکەینەوە باڵای ئاڵاکەیان هەر لەپشتمانەوە دەمێنێتەوە . وتمان کاراکردنەوەی پەرلەمان ئەگەر شکۆی لەگەڵ نەبێ کوشتنی ئیرادەی گەلە هەندێک لە سەر دڵیان گران بوو ، دەی پێمان بڵێن لەوەتەی پەرلەمان کۆبونەوەکانی دەست پێکردۆتەوە چەند پڕۆژەی بۆ خزمەتی هاووڵاتیان پەسەند کردوە ؟ ئەی نەمان ووت بۆ تێ پەڕاندنی چەند پرس وباسێکی هەنوکەیی یە بەمەبەستی بەبەرداکردنی بەرگی یاسایی پڕبەباڵایان ، ئەرێ پەرلەمان چی بەسەر پاشەکەوتی موچە هێنا ؟ بۆچی بەرپرسان لە جیاتی سازدانی ئەو هەموو کۆبونەوانە چەند رۆژێکیش تەرخان ناکەن تا بەناو شاروشارۆچکەکان دا بگەڕێن،

جێی خۆیەتی لەنزیکەوە بەچاوی خۆیان ساردی بازاڕەکان و ڕەزا قورسی باجەکانی سەر هاووڵاتیان ببینن ، دەی کەمێکیش چاویلکە رەشەکانتان لابەرن بۆ ئەوەی لەنزیکەوە نارەحەتیەکانی ژیانی هاووڵاتیان بەڕوونی ببینن ، مەگەرنەتانزانیوە لەسایەی سەری ئێوە حزب و سیاسەت چەندە بودەڵە بوە لای خەڵک ، دواجار مەسەلەکە زۆر ڕاست وتراوە ماسی لەسەریەوە بۆگەن دەبێ .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.