ئاییندەی پارتی لە گۆڕەپانی سیاسی

لەلایەن ستاندار Posted on 175 جار بینراوە

فەرمان ڕەشاد
لەدوای پرۆسەی ڕوخاندنی بەعس لەلایەن ئەمریکا و ھاوپەیمانانی ڕوانگەیەک کە ھەمیشە ئەمریکیەکان بەھەند وەریان گرتوە بریتیە بوە لە ھەوڵدان بۆ ڕێگری کردن لە ھەژمونی لایەنێک یاخود کەسایەتیەکی دیاریکراو بەسەر گۆرەپانی سیاسی، لە رێ ی ئەویش رێگە گرتن لە دەسوەردانی وڵاتێکی ئیقلیمی لەکاروباری عێراق لە رێگای ھەژمونی لایەن یان کەسایەتیەکە.
مالیکی دەکرێت نمونەیەکی ڕوون بێت، ویستی بۆجاری سێ یەم ببێتەوە سەرۆک وەزیران و بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ھەژمونە زۆرەی ھەیبو وە کاریگەر بونی زۆر بە ئێران، ئەمریکا دواین خاڵی بۆدانا و نەیھێشت بەردەوام بێت، چونکە لە دیدی ئەوان ناوبراو ھۆکارێکی شڵەژانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق بو.

نمونەی دواتر دەکرێت بڵێین بارزانی و پارتییە، بەر لە شەش مانگ لە ئەنجامدانی ریفراندۆم نوێنەرێکی ئەمریکی ئەوەی ئاشکرا کردبو کە لەدیدی ئەمریکا ئێستا بارزانی یەکێکە لە فاکتەرەکانی شلەژان و ناھێمنی عَراق، ئەو پەیامەش ڕوون بو چونکە ئەمریکا بەلایەوە ئیستقاری عێراق لە خاڵە لەپێشینەکانە، ھەندێ لەچاودێران پێیان وایە ڕازی نەبون بە ھەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆم یەکێک لەھۆکارەکانی ئەوە بوبێت بارزانی ھەستی کرد ئەوە دوایین چەکە بۆ مانەوە بە بەھێزی لە گۆڕەپانەکە، بەتایبەت ئەمریکا پێشتر لە پرسی ئابوری سەربەخۆ نیگەران بو، لەبەربەست دروستکردنی لەبەردەم ھیزەکانی یەپەگە لە رۆژئاڤا، زۆر کەوتنە ژێرکاریکەری تورکیا، ھەندێک رێکەوتنی نەوتی لەگەڵ رووسیا، دواینیان و کاریگەرتینیان ریفراندۆم بو، کە وایکرد ئەمریکا بڕیاری کۆتایی بدات ئەویش بە دوبارە لە قالب دانەوەی پارتی.

لەسەر ئاستی عێراق پارتی لە دوای ناردنەوەی جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی و چەندین پلەداری تری پارتی ئەو حیزبە شوێنێکی ئەوتۆی نەماوە لە بەغدا، لە کاتی کێبرکێ کردن لەسەر دوو پۆست بەرامبەر کۆمەڵی ئیسلامی شکستی ھێنا، کە ئەوانیش پۆستی بڕیاردەری لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامی لیژنەی ھەڵبژاردنەوەی ئەنجومەنی کۆمسیاران، ئەوەش دەرخەری ئەو پاشەکشەیەیە.
ئێستا پارتی وەک لایەنی ھەژمونداری ھەرێم قۆناغ بە فۆناغ ئامادەیە واقیعی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر قبوڵبکات، ئەویش بریتیە لە سنوردانان بۆ ھەژمون و ئەو کارتانەی بەدەستیەوەیەتی، بەتایبەت پرسی نەوت و ھێزی چەکداری، چونەوەی فراکسیۆنی پارتی بۆ بەغدا و ئەو ھەمو سازشکردنەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بۆ بەغدا دەرخەری ئەوەیە ئەو حیزبە ئیتر دەیەوێ ئەوەی بۆی دەکرێت دەربازی بکات، بەتایبەت مانەوە وەک لایەنی یەکەم لەھەرێم.

قۆناغی ئاییندە کۆتایی ھێنان دەبێت بە ھەژمونی پارتی بەسەر سیاسەتی ناوە و دەرەوەی ھەرێم، کاتێک عەبادی دەڵێت دەبێت ئەو وەفدەی دێتە بەغدا گوزارشت لەسەرجەم لایەنە سەرەکیەکان بکات ئەوە پەیامەکەیە، پەیوەندیە دەرەکیەکانی تا ڕادەی نەمان کەم دەبێتەوە و وەک پێشتر وڵاتانی ئیقلیمی و جیھانی مامەڵەی راستەوخۆی لەگەڵ ناکەن، ناتوانێ لە گۆڕەپانی سیاسی رۆڵێکی ئەوتۆ بگێڕێت وەک پێشتر کە زۆرینەی جارەکان ئەگەر شتێک پارتی نەیویستایە زەحمەت بو بچێتەسەر، لەمەو لا بونێکی لاوازی دەبێت، لەناوخۆی ھەرێمیش ئەو توانایەی نامێنێت بەناوی ئەمری واقیع سیاسەتی تاکلایەنە بەرێوەببات.

ئەوەی دەمێنێتەوە ئەرکی لایەنەکانی ترە چۆن بتوانن لەو پاشەکشەیەی پارتی نەھێڵن ھەرێم وەک قەوارە گورزێکی زۆری بەرکەوێت ئەویش لەرێگای سەرۆکایەتی کردن لە وەفدی دانوستانکاری ھەرێم لە لەگەڵ بەغدا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.