ململانێی، روسیا، ئەمریکا، ئیران و تورکیا لە کۆتایی ٢٠١٧ دا!

لەلایەن ستاندار Posted on 223 جار بینراوە

ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

قۆناغی دوای نەمانی ھێزی توندڕەوی “داعش” و تەواو بوونی جەنگی “سوریا” و چڕ کردنەوەی ھەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و دابەش کردنی پشک و سەپاندننی ھەیمەنە، گۆڕانکاری ھێناوە بەسەر جۆری زۆرانبازێێ نێوان زلھێزەکانی دنیا و زلھێزەکانی ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
——————————-
ئەمریکا، روسیا، ئیران، تورکیا، سعودیە و قەتەر و ئیسرائیل ھێزی سەڕەکیین لە ململانێکان و گرفت و رووداوەکان، ھەریەکیان بە گوێرە و قەوارە و ئەندازەی ھێزی سەربازیی گوتەی ھەیە. لە ئەنجامی ئەوەدا بارودۆخەکە ئەوەندە ھەستیارە ھەڵوێستەکان و ڕێککەوتنەکانیش ناجێگیرن و بە گوێرەی کات و رۆژ گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.

روسیا و ئەمریکا، سەڕەرای ئەوەی کە دوو جەمسەری سارد و گەرمی دژ بە یەکن لەسەر ئاستی جیھان و لەناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بە تایبەتی لە “سوریا” و ھەردووکیان خاوەن پلانێکی دارێژرا و ستراتیژێکی تایبەت بە خۆیانن، کە بریتیە لەوەی ببن بە تاکە زلھێز لە ناوچەکە، بۆ سەپاندننی دەسەڵاتیی سیاسیی و سەربازیی و دەستکەوتی ئابووریی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نایانەوێت ڕاستەوخۆ بکەونە جەنگێکی ڕووبەروو دژ بە یەک و ھەلگیرساندننی جەنگی ئەتۆمی. بۆ گەیشتن بە مەبەستەکانیان ھەر دوو زلھێزەکە ھەوڵی سەربازیی و دیبلوماسییەکانی خۆیان چڕ کردۆتەوە لە ناوچەکەدا و ھەوڵدەدەن سوودمەندبن لە بوونی گرفت و ناتەبایی نێوان نەتەوەکان و گروپی چەکداری فەرمیی و نافەرمیی، ھەروەھا پارت و ئەو قەوارە سیاسییانەی، کە لە ناوچەکەدا ھەن.

موسکۆ، پێی وایە بە کۆکردنەوەی لایەنەکان دەتوانی گەلەکۆمەکێ دژی ئەمریکا بکات و لە ئەنجامدا ھێزەکانی لە “سوریا” بکشێنێتەوە کە ئەمەش ئاواتی “تورکیا و ئیران”یشە. “پوتین”، لە کۆتایی ئەم ساڵدا، سەردانی چەند وڵاتێکی ناوچەکەی کرد وەکو “ئیران و تورکیا” و ھەلی رەخساند بۆ مەلیکی سعودیە “مەلیک سەلمان و ئەردوغان و ئەسەد” بۆ ئەوەی سەردانی روسیا بکەن، ھەروھا وەزیری بەرگریی روسیا “سێرچی شۆگیو” سەردانی “سوریا، ئیسرائیل و قەتەر”ی کرد. دواتر “ڕۆحانی و ئەردوغان و پوتین” لە “سوچی” دانیشتن. ئەو ھەوڵانەی “پوتین” پەیامێکە بە دنیا و “ئەمریکا” رادەگەیەنێت، کە ئەو زلھێزێکی سەرکەوتووە لە ناوچەکە و دەتوانێت کاردانەوەی ھەبێت لەسەر ڕازی کردنی ئەو وڵاتانە بۆ جۆری ئاراستە کردنی ڕووداوەکان و لە سەر دەستی ئەو ھەموو دژەکان ئامادەن لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن.لە ھەمانکاتدا “روسیا”، ھەوڵەکانی بۆ دانیشتن لەگەڵ “ئەمریکا” چڕ کردەوە و لە ئەنجامدا بۆ چارەسەری دۆخی “سوریا” لە بەرواری ١١/١١/٢٠١٧دا نووسراوێکی دووقۆڵیان بڵاو کردەوە و تیایددا ڕێککەوتنی خۆیانیان لە چەند خاڵێک ریزبەند کرد.

پوتین، ھەوڵدەدا متمانەی ھەموو لایەک ڕابکێشێت و بە گوێرەی دڵی ھەموو لایەک قسە دەکات وەکو بە “ئەسەد” دەڵی “من لەگەڵ یەکپارچەیی “سوریا”م و پشتیوانی لە دەسەڵاتی سیاسیی سوریا دەکەم”. بە ڕۆحانی دەڵێت” وڵاتەکەی پشتیوانی لە بەرنامەی ئەتۆمی ئیران دەکات و ھەردووکیان ھاوڕان لە مانەوەی “ئەسەد””، بە ئەمریکا دەڵێت”دژ بە “داعش”ە و دژ بە تیڕۆڕ دەجنگێت”. بە تورکیا دەڵێت” لەگەڵ یەکپارچەی “سوریا”یە و نابێت ھیچ ھێزێکی چەکداری بیانی و نافەرمی لە نێو “سوریا”دا ھەبێت وەک ئاماژەیەک کە دژ بە ھێزی چەکداری کوردە”.

روسیا، یارییەک دەکات، دیار نییە کە تیایددا چەند سەرکەوتوو دەبێت، بەھۆی ئەوەی بەرژەوەندیی ئەو لایەنانە لە بنەڕەتدا دوور و دژ بە یەکن نمونە “روسیا” لەگەڵ “ئەمریکا ئوردن و ئیسرائیل” لە مانگی ٧/٢٠١٧دا گرێبەستێکی واژۆ کرد کە تیشکی نەخراوەتە سەر، بەڵام ھەندێک لایەنی ئەو گرێبەستە لە نووسراوە دووقۆڵییەکەی “ئەمریکا و روسیا”دا تێبینی دەکرێت کە لە بەرواری ١١/١١/٢٠١٧دا بڵاوکرایەوە کە ھەندێک لەو خالانەی تییاددا دەبینرێت، کە جێگە نیگەرانی “ئیران و تورکیا”ن وەکو، بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە بێت، ھەر دوو لا رازی بوون بەوەی ھێزی بیانی لە “سوریا” نەمێنێت. کەواتە دەبێت ھێزە چەکدارەکانی ئیران و چەکدارە شیعەکانییش بچنە دەرەوە، کە گەرەنتی نییە “ئیران” لەو خاڵەیاندا بە قسەی “پوتین” بکات!

“ڕۆحانی” خاوەن پلانی خۆیەتی و خوێن و قوربانی داوە لە جەنگی “سوریا” بۆ دروست کردنی پردی پەڕینەوە بۆ “لبنان”. ھەروھا دەرچوونی سوپای “تورکیا” لە سوریا بەھەمان شێوە، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی “نووسراوی روسیی ئەمریکیی” “ئەردوغان” لە لێدوانێکدا گوتی “ئەوەی پێی وایە گرفتی سوریا بە ھێزی چەکداری چارە ناکرێت، با خۆی بچێتە دەرەوە”. ئەگەر گریمان ھەر دوو لا لەسەر دەستی “پوتین” بڕیاربدەن ھێزەکانیان بکشێنەوە لە “سوریا”، ئەوە بێگومان بێ بەرامبەر نابێت نمونە، تورکیا داوا دەکات دەستی واڵا بێت و بە کەیفی خۆی کورد بکوژێت و ھێزە چەکدارەکانی لە نێو بەرێت کە ئەمڕۆ باشترین ھاوپەیمان لە سوریا بۆ ئەمریکا “کورد”ە بێگومان “روسیا” ناتوانێت ئەو خوازەی “تورکیا” بھێنێتە دیی ئەگەر “ئەمریکا” رازی نەبێت وە “روسیا” بۆ خاتری تورکیا ڕووبەرووی “ئەمریکا” نابێتەوە. لە لایەکی تر دابینکردنی ئەو پردەی کە “ئیران” گەرەکیەتی دروستی بکات لە “ئیران”ە بۆ “سوریا و لبنان و عیراق” بێ گومان”ئەمریکا” رێگری دەکات و دووبارە “روسیا” ڕووبەرووی ئەمریکا نابێتەوە بۆ سەرخستنی خوازی ئیران.

بڵاوکردنەوەی نوسراوی دوو قۆڵیی “روسیا و ئەمریکا”، لە بەرواری ١١/١١/٢٠١٧دا “ئیران و تورکیا”ی نیگەران کردووە، لەوەی کە “روسیا” بکەوێتە ژێر فشاری “ئەمریکا و ئیسرائیل”ەوە خۆی بێ دەنگ بکات لەوەی “ئەمریکا” ھێزەکانی “ئیران” لە “سوریا و عیراق” دەربکات!
روسیا، دەیەوێت وەک برا گەورەی ئەو وڵاتانە ھەڵسوکەوت بکات، نەک لەوەی تەنیا پشتیوانی لە مانەوە و بەرژەوەندییەکانی “ئەسەد” دەکات، ھەروەھا لە ھەوڵی ئەوەدایە کە بە ھەموویان بڵێت ئەو بە یەک چاو لە ھەموویان دەڕوانێت بۆ ئەو مەبەستە دوای دانیشتنی لەگەڵ “ئەسەد” لە مۆسکۆ، دواتر پوتین بە پەیوەندییەکای تەلەفونی ھەموو زانیارییەکانی گەیاند بە سەرۆکی “قەتەر، میسر و ئیسرائیل!

روسیا، دەرک بەوە دەکات کە “ئەمریکا و سعودیە و ئوردن و ئیسرائیل” بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی و ئاسایشی نەتەوەییان پێویستیان بەوە ھەیە “ئیران” دەسەڵاتەکانی فراوانتر نەبێت و ھەوڵبدرێت دەسەڵاتەکانی تەسک بکرێتەوە. لە لایەکی تر “روسیا” دەیھەوێت ‘ئیران” وا حاڵی بکات کە ئەو بەرژەوەندیی “ئیران” رەچاو دەکات، کە ئەمە “روسیا” دەخاتە پێگەیەکی ھەستیار و دژوار و سەرلێشێوان کە ناتوانێت ئەو دوو بەرژەوەندییە لەیەک کاتد پارێزگاری لێ بکات و پەیڕەوییان بکات. سەڕەرای ئەوەش بەھێز بوونی زیاتری “ئیران” لە ناوچەکە لە ئاییندەدا مەترسی لە سەر خودی “روسیا” و “تورکیا” دروست دەکات، لە دەرئەنجامدا “ئیران” دەزانێت ئەگەریی ئەوە ھەیە کە “روسیا” لە پشتەوە لەگەڵ “ئیسرائیل و ئەمریکا” دژ بەو ڕێکبکەوێت وە لە ھەموو ساتێکدا ئەگەری ئەوە ھەیە “ئیران” لە “روسیا” ھەڵبگەرێتەوە. “ئەمریکا”ش بەبێ ئاگاداری “روسیا” و “تورکیا” ھەنگاوی سەربازیی دژ بە چەکدارانی شیعەی سەر بە “ئیران” ئەنجام بدا!

پوتین، نایەوێت لە ململانێکانە دۆڕاو دەربچێت و دیاری دەستی بۆ وڵاتەکەی لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧دا سەرکەوتنێتی لە جەنگی “سوریا” و دابین کردنی دەستکەوتی ئابووریی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و خۆ ئامادەکردنی بۆ ھەڵبژاردنەکانی روسیا کە لە بەرواری ٣/٢٠١٨دا بڕیارە ئەنجام بدرێت. بەڵام پێکانی ئەو ئامانجە تەنھا لە ژێر دەستی “مۆسکۆ”دا نییە و ئەگەر “روسیا” لە رۆژھەڵاتی ناوڕاستدا ھەندێک لە سەڕۆکەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشابێت ئەوا بێگومان ھەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپاش زۆربەیان لەگەڵ “ئەمریکا”ن خاوەن گفت و قسەن لە دیاری کردنی چارەنووسی ناوچەکە و رۆڵیان دەبێت لە گۆڕینی ھاوسەنگی ھێز و ئاراستە کردنی ڕووداوەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەوەی پێویستە بوترێت لە “ئەمریکا” بترازێت لە ناوچەکە کەس ناتوانێت ڕووبەرووی ھاوپەیمانییەتیی “ئیران تورکیا و روسیا” بێت و ئەو ھاوپیمانییەتە چەندێک لە دژی بەرژەوەندییەکانی “ئەمریکا” بێت ئەوا دوو ئەوەندە مەترسی لەسەر چارەنووسی نەتەوەکانی ژێر دەست ھەیە لە ناوچەکە وەک “نەتەوەی کورد”.

چاودێرانی سیاسیی لە سەر ئاستی جیھانی، زۆربەیان پێیان وایە کە “روسیا” لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستتدا لە رێگەی پەیوندییەکانی خەریکە دەسەڵاتی سیاسیی و سەربازیی و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی باشتر لە جاران فەراھەم دەکات، کە لە ئەنجامدا لە ئاییندەدا ئەگەر “ئەمریکا” ھۆشیار نەبێت ئەوا “روسیا” لە ناوچەکەدا دەبێت بە براوەی یەکەم، گومانیشی تییاددا نییە ھەرگیز “ئەمریکا” لەو ململانێیەدا نایەوێت ھەیبەت و دەسەڵات و شکۆی نەمێنێت کە لە ئەنجامدا سەڕەرای ڕێککەوتنەکان و دانیشتنەکان وا چاوەڕوان دەکرێت “موفاجەئات” روو بدات و کەس پابەند نەبێت بە قسە و گفت و بەڵێنەکانی کە بە یەکتری دەدەن ، لەکتوپڕێکدا ھەڵوێستی سەربازیی و سیاسیی دژ بە یەک بنوێنن و ئاراستەی رووداوەکان بە ئاراستەیەک بڕوات کە بە دڵی لایەنەکان نەبێت بە تایبەتی “تاران و ئەنقەرە”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.