داوای پێکھێنانی بەرەیەکی نیشتیمانیی لەو لایەنانەی لەدەرەوەی ھەیمەنەی پارتی و یەکێتیدان دەکرێت

لەلایەن ستاندار Posted on 187 جار بینراوە

ستاندەر
کۆمەڵێک نوسەر و چالاکوان، لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاندوە”ساڵانێکی درێژە دوو ھێزی ستەمگەر حوکمڕانیی ئەم وڵاتە دەکەن و کۆمەڵگاکەش لەم نوشستییەوە بۆ ئەو نوشستیی تر دەگوازنەوە. لە ئێستاشدا ”حکومەت“ەکەیان نە دەتوانێت نوێنەرایەتی خەڵکی ئێمە بکات و نە دەتوانێت چارەسەری ھیچ یەکێک لە کێشە گەورەکانی وڵات بکات و نە ئامادەشە بەرپرسیارێتیی سیاسیی و ئەخلاقیی نشوستییە سیاسیی و سەربازیی و ئابوورییە زۆرەکانی بگرێتە ئەستۆ و دەستبەرداری دەسەڵات ببێت”.

دەشڵێن”ئەم فەرمانڕەوا نابەپرسیارانە لەدوای شکستی ئەزموونی ریفراندۆمەوە ھێندە بچووکبووەنەتەوە نەک تەنھا نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان ناکەن، بەڵکو نوێنەرایەتی حیزبەکانی خۆشیان پێناکرێت.”

جەختیشیان کردۆتەوە”ئەوەی لەم چرکەساتەدا گرنگە بوونی بەرپرسیارێتیی سیاسیی و ئەخلاقیی ھەموو ھێزە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و رۆشنبیرییەکانی دەرەوەی نوخبە حوکمڕانەکەیە، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتیی بۆ ئەم بنبەستە سیاسییە سەراپاگیرەی کۆمەڵگای ئێمەی تێکەوتوە. بەبۆچونی ئێمە ئەوەی وەک ئەرکی ژمارە یەک پێویستە، دروستکردنی زمانێکی ھاوبەشە کە بتوانێت بەرگریی لە کۆی بەرژەوەندیی و مافەکانی خەڵکی کوردستان بکات و داخوازییە بنەڕەتییەکانی دانیشتوانی ھەرێم بەرجەستەبکات.”

دەقی بەیاننامەکە

کوردستان لەلێواری غەرقبوونێکی تەواوەتیدا

ساڵانێکی درێژە دوو ھێزی ستەمگەر حوکمڕانیی ئەم وڵاتە دەکەن و کۆمەڵگاکەش لەم نوشستییەوە بۆ ئەو نوشستیی تر دەگوازنەوە. لە ئێستاشدا ”حکومەت“ەکەیان نە دەتوانێت نوێنەرایەتی خەڵکی ئێمە بکات و نە دەتوانێت چارەسەری ھیچ یەکێک لە کێشە گەورەکانی وڵات بکات و نە ئامادەشە بەرپرسیارێتیی سیاسیی و ئەخلاقیی نشوستییە سیاسیی و سەربازیی و ئابوورییە زۆرەکانی بگرێتە ئەستۆ و دەستبەرداری دەسەڵات ببێت. ئەم فەرمانڕەوا نابەپرسیارانە لەدوای شکستی ئەزموونی ریفراندۆمەوە ھێندە بچووکبووەنەتەوە نەک تەنھا نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان ناکەن، بەڵکو نوێنەرایەتی حیزبەکانی خۆشیان پێناکرێت.

ئەوەی لەم چرکەساتەدا گرنگە بوونی بەرپرسیارێتیی سیاسیی و ئەخلاقیی ھەموو ھێزە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و رۆشنبیرییەکانی دەرەوەی نوخبە حوکمڕانەکەیە، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتیی بۆ ئەم بنبەستە سیاسییە سەراپاگیرەی کۆمەڵگای ئێمەی تێکەوتوە. بەبۆچونی ئێمە ئەوەی وەک ئەرکی ژمارە یەک پێویستە، دروستکردنی زمانێکی ھاوبەشە کە بتوانێت بەرگریی لە کۆی بەرژەوەندیی و مافەکانی خەڵکی کوردستان بکات و داخوازییە بنەڕەتییەکانی دانیشتوانی ھەرێم بەرجەستەبکات. زمانێکی ھاوبەش لەنێوان ئەو ھێزانەدا دروستبکات، کە بەرپرسی ڕاستەوخۆی شکستی ئەم ئەزموونە سیاسییە نین و دروستکەری قەیرانە گەورەکانی نین. بەدیھێنانی ئەم ئەرکەش نە بە دەرکردنی بەیاننامەی حیزبیی بۆ پشتیوانیکردنی خۆپیشاندانەکان و نە بە ڕوماڵکردنی میدییایی ناڕەزایەتییەکان و نە بە کۆبوونەوەی بە پەلەی ھێزە سیاسییەکان، چارەسەردەکرێت. ئەوەی پێویستە و ئێمە تا ئێستا چەند جارێک جەغدمان لەسەرکردۆتەوە دروستکردنی بەرەیەکی نیشتیمانیی دەرەوەی ھێزەکانی دەسەڵاتە و کارکردنی پێکەوەییانە وەک بلۆکێکی سیاسیی تازە، کە ھەمووان بەو زمانە ھاوبەشە بدوێن و بجوڵێنەوە. بەرەیەک بتوانێت شتێک لە متمانە بگەڕێنێتەوە بۆ پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگا و سیاسەت و ھەڵگری بەرنامەیەکی سیاسیی نوێ و کۆمەڵێک میکانیزمی کۆنکریتیش بێت بۆ چارەسەرکردنی ھۆکارە سەرەکییەکانی ئەو قەیرانانەی کە ھەن، لەوانەش قۆرخکردنی تەواوی دەسەڵات و دزیی و جەردەیی و گەندەڵیی و ڕێکەوتنی نھێنی و پەکخستنی دەزگا سەرەکییەکانی حوکمڕانیی و ئەو مۆدێلە وێرانەش لە ئابوری مافیایی کە لە ھەرێمدا ھەیە و سەروەرکراوە. بەبۆچوونی ئێمە تاکە دەرەچەیەکی عەقلانیی بۆ دەربازبوون لەم دۆخە و رێگرتن لە پشێویی سیاسیی و ماڵوێرانیی کۆمەڵایەتیی و پێکدادانی خوێناویی گەورە، کە چاوەڕوانکراوە لە ئەنجامی روبەڕوبونەوەی خەڵکی مەدەنی و ھێزە سەرکوتکەرەکانی دەسەڵاتدا ڕووبدات، خۆڕێکخستنی ھەموو ھێزە ڕەخنەییەکانی کۆمەڵگای ئێمەیە لە پرۆژەیەکی پێکەوەییدا و بەتەنھاجێنەھێشتنی خەڵکی مەدەنیی ناڕازیی کوردستانیشە لە شەقامەکان. ئەم ھەنگاوەش چەندە رێگەگرتنە لە بێحورمەتیی پێکردن و ئەشکەنجەدان و گرتن و کوشتنی خۆپیشاندەران، ھێندەش بەخشینی ھیوا و متمانەیە بە داھاتوویەکی باشتر.

ئێمە ڕامان وایە کە چیدی مانەوەی چالاک و ناچالاکی حیزبە ناڕازییەکان لەناو ھەردوو دەزگای کارتۆنی حکومەت و پەرلەمانی ھەرێمدا جگە لە ھەڵەیەکی سیاسیی و نابەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقیی گەورە ھیچ مانایەکی تر ھەڵناگرێت. ھەموو درێژەدانێکیش بە تەمەنی ئەم دەسەڵاتدارێتییە جاڕدانی مردنی سیاسیی ھەموو ئەو ھێزانەیە کە ھێشتا وەھمی ئەنجامدانی کاری خێر لەم ھێزە شەڕانگیزانەدا دەبینن. ئێمە لەم چرکەساتە پڕتەنگەژە و ناکۆکیی دوژمنانەدا، دوو ھەنگاوی سەرەتایی بە پێویست دەزانین و پشتیوانیی لە ھەموو دەستپێشخەرییەک دەکەین بەو ئاراستەیەدا.

ھەنگاوی یەکەم: دەستبەجێ کشانەوەی ھەموو ئەو ھێزە سیاسییانەی کە شتێکیان تێدا ماوە ناوی بەرپرسیارێتی سیاسیی و ئەخلاقیی بێت، لە حکومەت و پەرلەمانی بنەماڵە سیاسییەکان. ھاوکات بەیانکردنی شکستی ئەم دەسەڵاتە لە بەڕێوەبردن و حوکمڕانیکردنی وڵات و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵکی ھەرێم. ئێمە وایدەبینین مانەوەی ئەم دەسەڵاتە دەبێت وەک مەترسییەک بۆ ئاساییشی نیشتیمانیی و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی تەماشابکرێت و ھەر لەو ڕوانگەیەشەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

ھەنگاوی دووھەم: پێکھێنانی بەرەیەکی نیشتیمانیی لە لایەن ھەموو ئەو ھێزانەوە کە لەدەرەوەی ھەیمەنەی جووتخێزانی سیاسیی پارتی و یەکێتیدان و ڕێکەوتنیان لەسەر پێکھێنانی حکومەتێکی ڕاگوزەر. ھاوکات جاڕدانیش بۆ بە ناشەرعیی ناساندنی ئەم حکومەتەی ئێستای ھەولێر لە نوێنەرایەتیکردنی خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە عێراق و دەرەوەیدا. داواکردن لە ھەموو دەوڵەتان و باڵوێزخانە و رێکخراوە نێونەتەوەییەکان کە چیدی مامەڵە لەگەڵ نوێنەرانی ئەم دەسەڵاتە شکستخواردووە نەکەن و وەکو نوێنەری خەڵکی ھەرێمی کوردستان تەماشایان نەکەن.

کوردستان لە لێواری غەرقبوونێکی تەواوەتیدایە، ھیچ ھێزێک ناتوانێت بەتەنھا فریادڕەسی ئەم دۆخە مەترسیدارە بێت و وەھمی ئەوەش لای خەڵکی ئێمە دروستبکات کە دەتوانێت بەتەنھا ئەم دەسەڵاتە ستەمگەرە ڕابماڵێت. ئەرکی ھەموو ھێز و کەسایەتییە سیاسیی و ڕۆشنبیرییەکان ئەوەیە بە دیدگایەکی عەقلانیی و پڕئیرادە و جورئەت و تێگەیشتن لە ناسکیی دۆخی کوردستانەوە، لەدەوری پرۆژەیەکی نیشتیمانیی نوێ کۆببنەوە بۆ ڕێکخستنەوەی سەرلەنوێی ژیانی سیاسیی و ژیانی گشتیی کۆمەڵگای ئێمە و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە مەترسیدارە.

بەڕای ئێمە ھەر پاڵدانەوە و ھیچنەکردن و خاوخلیچکییەک لەم کاتەدا بۆ گەیشتن بەم ئامانجە کاتییانەی دەستنیشانمانکردن و تا گەیشتن بە رێکخستنی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد، نەک لەدەستدانی فرسەتێکی ترە کە پاش شانزەی ئۆکتۆبەر ھاتە پێش بۆ کۆتاییھێنان بەم مۆدێلە لە دەسەڵاتدارێتی گەندەڵ و نابەرپرسیار، بەڵکو ئەمجارەیان دەبێت بە ھۆکارێکیش بۆ کۆتاییھێنان بە شەرعییەتی نوێنەرایەتیکردنی ئەو ھێزانەش کە تا ئێستا رەخنەی مۆدێلی حوکمڕانیی لە ھەرێمدا دەکەن و نوێنەرایەتی بەشێکی بەرچاوی ھێزی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ناڕازیی کۆمەڵگای ئێمە دەکەن.

رەوف بێگەرد

رێبین ھەردی

نەجیبە مەحموود

چۆمان ھەردی

ھیوا فایەق

نیاز عەبدوڵڵا

سەردار محەمەد

لاوک ئەحمەد

خالید سڵێمان

کەمال رەووف

کاوە بێسارانی

فەرمان رەشاد

نامۆ خانەقینی

شوان حەمە

کەمال چۆمانی

ئاسۆس ھەردی

مەریوان وریا قانع

ئاراس فەتاح

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.