بۆچی گۆڕان ڕابەریی ناڕەزایەتیەکان بکات؟

لەلایەن ستاندار Posted on 495 جار بینراوە

بۆچی گۆڕان ڕابەریی ناڕەزایەتیەکان بکات؟

ستارە عارف

بزوتنەوەی گۆڕان هێزێکی بە هەڵوێست و هەڵقوڵاوی ناو خەڵکە، لەم ڕەوشەی سەرهەڵدان بە فشارتر و فراوانتر پارێزگای سلێمانی گرتۆتەوە، ئەرکی بزوتنەوەی گۆڕانە بە پشت بەستن بە خەباتی ناتوندوتیژی ڕابەرایەتی سەرهەڵدان و ناڕەزایەکانی میللەت بە کرداری بکات، چونکە:

یەکەم: سەرهەڵدانی میللەت لەم پێواژۆیەدا توڕەتر و پڕ فشارتر و ئامانجەکەیشی بەهێزترە، کە ڕوخاندنی دەستەڵاتی دو بنەماڵەی داگیرکارن و خۆپیشاندەران سەلماندیان، کە توانستی مانەوەیان لەگەڵ ئەم جوتە حزبە نەماوە و بێزاریان دژیان لەلوتکەدایە، بۆیە دەبێت گۆڕان میللەت بە تەنیا جێنەهێڵیت و لەسەرخستنی ئامانجەکەدا پشتیوان و ڕابەریان بێت، چونکە بزوتنەوەی گۆڕان تاکە هێزی چاوەڕێی هەنگاوی ئازایانەی لێدەکرێت.

دوهەم: ئەگەر بە هێزی چەک خۆپیشاندانەکان لەلایەن بنەماڵەی چەک بە دەستی تاڵەبانیەوە دابمرکێنرێنەوە، کە بۆ مانەوەیان گوێ بە خوێن ڕشتنی زیاتری میللەت نادەن، ئەوا لەکات و دەرفەتێکی نزیکتردا خۆپیشاندەران سەرهەڵدەدەنەوە، ئەو دەرفەتەیش بەهۆی بێ ڕابەری و بێ پلانیەوە خوێنی زیاتر دەڕژێت و ستەمکاریش زیاتر پەرە دەستێنێت، ئەو کاتە نەک بەرژەوەندی گەل پارێزراو نابێت و گۆڕانکاریەکان زیاتر بۆ دواوە دەگەڕێنەوە و قەیران و مەینەتیەکانی میللەتیش زیاد دەبن، بەڵکو ڕەوشەکە لەگرێژنە دەردەچێت و گۆڕانیش دەبێتە هێزێکی پاشکۆ و بێ ڕۆڵ.

سێهەم: پەنابردن بۆ توندوتیژی لەلایەن گەنجانی خۆپیشاندەرەوە، لەئەنجامی بێ پێشەنگی و توڕەیی زۆریانەوەیە لەدەستەڵات، ڕابەریکردنی بزوتنەوەی گۆڕان خۆپیشاندەران لەم کارانە دور دەخاتەوە و گیانی خۆپیشاندەرانیش پارێزراو دەبن و میلیشیا چەکدارەکانیش ناتوانن بە ئاسانی تەقە لەخۆپیشاندەران بکەن، خۆپیشاندەران لەفرە خاوەنی چەند لایەنی حزبی بۆ قۆستنەوەی ناڕەزایەکان و پەرت و بڵاوکردنەوەی ڕزگار دەکرێت، کە ئەم فرە خاوەنیە ڕێگرە لەوەی دەستە و ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکان بەرنامەی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی بۆ دابنێن.

چوارەم: زۆرینەی خۆپیشاندەران و ڕێکخەرانیش تا ئاستێک لەبزوتنەوەی گۆڕانن و فیداکاری دەنوێنن، بۆ ئەوەی ئاکامی قوربانی و فیداکاری خۆپیشاندەران و خوێنی شەهیدان و برینداران بە فیڕۆ نەڕوات و زوتر لەئامانجە سەرەکیە نزیک ببینەوە، پێویستە گۆڕان وەک هێزێکی سەرەکی عەقڵانی، کە بڕوای بە خەباتی ناتوندوتیژی هەیە و بزوتنەوەیەکی مەدەنیە و دورە لەو گوتارە حەماسی و هەرزەکارانەیەی خۆپیشاندەران بۆ توندوتیژی هاندەدات، ڕابەری خۆپیشاندانەکان بە گشتی بکات، لەبەر خاتری میللەت و بە لاڕێدا نەبردنی ناڕەزایەکان و بۆ ئەوەی خوێنی زیاتر نەڕژێت و پەنا بۆ توندوتیژی و سوتاندنی هیچ دەزگایەک نەبرێت، بە پلان سەرپەرشتی خۆپیشاندانەکان بکرێت و بۆ ڕزگارکردنی خۆپیشاندەریش لەو گوتارە توند و حەماسیە ناوەڕۆک پوچەی نەوەی نوێ و هەڵپەی ئەو لایەنانەی، تەنیا ئامانجیان ڕاکێشانی سۆزدارانەی گەنجی باشورە بۆ کایەی حزبیان، ئەم ئەرکەیش تەنیا بە بزوتنەوەی گۆڕان دەکرێت، چونکە تاکە هێزی ڕاستگۆی مەیدانەکەیە لەگەڵ هاوڵاتیانی وڵاتەکەی و توانای لەئەستۆ گرتنی بەرپرسیارێتی مەزنی هەیە، بە پێچەوانەوە ئەو گوتارەی دەڵێت واز لەخۆپیشاندەران بهێنن، خۆیان چۆنیان دەوێت با وا بکەن، گوتارێکی نابەرپرسیارانەیە و گەنج توشی توندوتیژی دەکات، بەهۆی فرەیی بیروڕا و ناهوشیاری و هاندانی دەستەڵات و لایەنە حەماسیەکان، تا خۆپیشاندەر لەئامانجە سەرەکیەکە دور بخەنەوە و بیکەنە سوتەمەنی، کە ڕوخاندن و پەراوێزخستنی دەستەڵاتی هەردو بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانیە، گۆڕان ئەگەر وا نەکات و هەر لەدورەوە پشتگیری خۆپیشاندانەکان بکات، دەرفەتی گۆڕانکاری و ڕوخاندنی ئەم دو بنەماڵە ستەمکارە دوا دەخات و میللەتیش توشی نائومێدی زیاتر دەبێت، کە پێویستە ڕێگەی پێنەدات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.