شاسوار چۆن سود لە خەباتی نەوشیروان مستەفا وەرگرێت

لەلایەن ستاندار Posted on 612 جار بینراوە

ئاراس گەردی

چەند جارێکە لە بۆنەی جیاجیا شاسوار عەبدولواحید جەخت لەوە دەکاتەوە بۆ بەرێوەبەردنی جوڵانەوەکەیان سود لە خەبات و فیکری سیاسی ناوشیروان مستەفا وەک یەکێک لە ڕابەرانی سیاسی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی و ریفرۆمخوازی نەک وەک رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان وەردەگرن.
ئەوە شتێکی چاوەڕوانکراوە ھەر بزوتنەوە و حیزب و جولانەوەیەک کە لە دوای بزوتنەوەی گۆڕان دروست دەبێ بە دڵنیایی کەم تا زۆر کاریگەر دەبێ بەو فۆرمەی نەوشیروان مستەفا ھێنایە ناو کایەی سیاسی کوردستان، بەو پێیەی ئەو لیستی بۆ ھەڵبژاردن دروستکرد پێش ئەوەی ھەیکەلیەت بۆ حیزب دروستبکات و، خۆی پاراست لە درێژەدان بە مۆدیلی ستالینی بۆ حیزب و پابەند بون بە ئایدۆلۆژیایەک.
ئاساییە شاسوار عەبدولواحید لە جوڵانەوەکەی فۆرمی خەباتی نەوشیروان مستەفا وەک مۆدیل وەرگرێت و، تەنانەت بەجۆرێک لە جۆرەکان خۆی بە میراتگیری فیکری نەوشیروان مستەفا بزانێت، چونکە ئەو مۆدێلە دەکرێ نەک ھەر لە کوردستان لە شوێنی تریش سودی لێوەرگیرێت و، ببێتە ئیلھام بەخشی بزوتنەوەی ناڕازی شوێنانی تر.
شتێک کە شاسوار عەبدولواحید فەرامۆشی کردوە و، یەکێکە بە بنەما سەرەکیەکانی خەباتی نەوشیروان مستەفا کاری بە تیم و دروستکردنی بەرەی ناڕازیە،کاک نەوشیروان لەجێ ی سرینەوەی ھەمو ئەوانی تر ھەوڵی دەدا لەگەڵ زۆرینەی حیزب و گروپ و رێکخراو و کەسایەتیەکان تۆڕی ھەماھەنگی کار دروست بکات، واتە چاوەڕێ ی نەدەکرد کەسانێک بێنە ناو بزوتنەوەکەی ئینجا کاریان لەگەڵ بکا، بەپیچەوانەوە ھەندێجار داوای لە خەڵک دەکرد لە شوێنەکەی خۆی بمێنێتەوە ھەوڵبدا کاریگەری لەسەر حیزبەکەی دورستبکات بە ئاراستەی بەشداری کردن لە پرۆسەی ریفۆرم و گۆڕانکاری، واتە ئەو باوەڕی بەو چەمکە نەبو ئەگەر لەگەڵی دۆستمی لەگەڵم نەبی دوژمنمی، ئەوەی کە شاسوار عەبدولواحید جولانەوەکەی لەسەری بیناکردووە.
ئەگەر شاسوار عەبدولواحید بیەوێ رۆڵی ھەبێ لە گۆڕانکاری کە نابێ ئەوە نادیدە بگرین بە جورئەتەوە ھاتۆتە پێش و توانیویەتی وەک رەقەم مامەڵە بکات نابێ ھەموو حیزبەکان بە یەک چاو سەیر بکات و، ھەمویان وەک دوژمن لە قەڵەمدا، پارتی و گۆڕان وەک یەک بە تاوانبار بزانێ، یەکێتی و کۆمەڵ، یان ئەوانەی کە ئامادەنەبوونە بێنە ناو جولانەوەکەی ھەوڵبدا ئێن ئارتی-یان لێ قەدەغە بکات یان زۆر سنورداری بکات، ئەوەش بە ھۆکارێکی زۆر سادە بۆ ئەوەیە بەرەی ناڕازی بتوانن کاریگەری دروستبکەن و ھێز و تواناکان پەرت نەبن، پارتی و یەکێتی بەو بەھێزیەی خۆیانەوە ئینجا ھەمیشە ھەوڵدەدەن لەچوارچێوەی بەرە کاربکەن، ئەگەر دەشڵێت ئێمە نمونەیەکی نوێ و جیاوازین دەبێ بزانێ جیاواز بون نابێ تەنھا لەپێناو جیاواز بوون بێ بڵێ ی شتێکی نوێ دەھێنم، بەڵکو دەکرێ لە بەشێکی تر تۆ جیاواز بی نەک پێویستیە جەوھەریەکان، ئەڵبەت ئەو قسە بۆ ئەوەیە ئەگەر شاسوار عەبدولواحید بەجۆرێک لەجۆرەکان خۆی بە میراتگیری فکری نەوشیروان مستەفا لەقەڵەم بدات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.