ئەم باجانە بۆچی؟

لەلایەن ستاندار Posted on 391 جار بینراوە

ئامانج ھەرتەلی

ئەم باجانە بۆ ئەوەیە رۆژ لەدوای گوشارەکانیان لەسەر میللەتی کورد توندترکەنەوە، بۆئەوەی ئەو ھەست و توانا یاخیەی ھەیەتی نەی ھێڵن، بەکورتی دەیانەوێت ئەم گەلە بخەسێنن، بۆئەوەی بۆیەک نان بەرامبەر بەم دەستەڵاتە ستەمکارە کرنۆش بەرێت، ھەروەھا دەیانەوێت بەتەواوی شیرازەی کۆمەڵاتی ھەڵوەشینن و سەدان مناڵی ئەم وڵاتە بخەنە سەرجادەو بیانکەن بە بەڵتەجی و لەپێناوی نانێکدا ھەموو ئەوانەی ناڕازین بەم دەستەڵاتە لەناویان بەرن.

ئەوەی ئەمرۆ دەگوزەرێت، ئەوەی ئەم دەستەڵاتە دەیکات ئەوپەری لوتکەی ستەمکاریە، دوانەفەسی ژیانی دەستەڵاتە، ئەوپەڕی نائومێدی و تروسکای ئەم دەستەڵاتەیە بەرامبەر بەگەلەکەیان بۆئەوەی لەدەستەڵات بمێنەوە. دەشیانەوێت پێش ئەوەی بشرۆن و وڵات جێبھێڵن و لەکۆڵ ئەم میللەتە ببنەوە، ئەم گەلە واشپرزە و برسی کردبی بەدیان ساڵیتر نەگاتەوە بەگەلانی جیھان.

ئەم باجانە کە ئەمرۆ دەستەڵاتی روخاوی بەزۆر خۆسەپێن بەسەر ئەم گەلە دایناون، بەرونی و بەئاشکرا دیارە داکوتینی گیرفانی خەڵکە بەیەکجاری، ئەوانە دەیانەوێت ھەرچی داھاتی ئەم گەلە ھەیە بیبەن، ئەوەی ماویەتی بیخەنە گیرفانی پرنەبووی خۆیانەوە، ئەگینا دەستەڵاتی باش ئەو دەستەڵاتەیە دوای ئەوەی توشی قەیرانی دارای دەبێت، ھەڵدەستێت بەوەی ھەرچی باج ھەیە و دەبێتە ھۆی سوک کردنی باری قورسی ھاوڵاتی لای دەبات، بەڵام ئەم دەستەڵاتە لەبەر ئەوەی نیەتی باش نیە، خەون بەئاسودەی ھاوڵاتیانەوە نابینێت تەنھا تاکە خەونی ئەمانە ئەوەیە چەند پارە بخەنە سەرحیسابی بانکیان لە دوا ساتی حوکمرانیاندا.

ئەوەی ئەم دەستەڵاتە دەیکات بەرامبەر بە گەلەکەیان، لە ئەدەبیاتی ھیچ گەلێکدا رووی نەداوە، مەگەر لە جیھانی وەحشی گەریدا بۆ سەپاندی دەستەڵاتیان ئەم دۆخەیان خوڵقاندبێت، ئەمەی ئەمرۆ تەماشای ئەم ھەرێمەبکات تێدەگات کە ئەم ھەرێمە لە جەنگەڵێک زیاتر ھیچترنیە، ھەموو جیھان لەوە گەیشتون کە ئەوانەی ئەم حکومەتە بەرێوە دەبەن خەڵکانێکی نەخوێندەواری دواکەوتی رۆژگارن، بەوەی بەرچاوترین چینی کۆمەڵگا برسی دەکات و ھەموو رۆژێ بیانخەیتە سەرجادە لەپێناوی قوتی ژیان ئەوانیش چینی مامۆستان. ناکرێت بتەوێ کۆمەڵگا پێش بخەیت بەڵام مامۆستا برسی بکەیت و وابکەی دەرگای زانست و زانیاری دابخرێت، بۆئەوەی نەتوانرێت تاکێکی ئازا دروست بکرێت، بەپێچەوانەوە بەبرسی کردنی مامۆستا داخستنی دەرگاکان وانەیەکیتری بوێریان فێری مامۆستایان کرد، کەبەیانی خوێندکاران فێری جەربەزی دەکات و کەباور بەھیچ نەکات. جگە لەواقیع. ئەم کارەی ئێستاش بەرامبەر بەفەرمان بەراندەکرێت جگە لە کاری مرۆڤی نەخوێندەوار لە ھیچیترناچێت، بۆیەش سەرۆکی پەرلەمان وتی: (( وڵات بە خەڵکی نەخوێندەوار بەێوە ناچیت))

بۆیە ئەو باجانەی دوای خۆپیشاندانەکانی مانگی رابردوو، ئەوەیان نیشانداین کە ئەم دەستەڵاتە باکی بەھیچ شتێک نیە لەپێناوی مانەوەی خۆیاندا، دارو بەردوی بینای حیزبی زۆر گەرەترو پیرۆزتر بوون لە خوێنی تاکێکی ئەم گەلەم، ھەر ئەو بیر و ھزرەشە وایکردوە کە حکومەت ھەمووشتێکی لە تاکی کورد لاگەورەتربێت، دەستیکردوە بەتاڵان برۆ و خەڵکیش برسی و ھەژار و خاکیش ھەرۆژەی لایەکی دەدرێت بەجەیشی دەوڵاتێکی داگیرکەر و داھاتەکەشی راستەوخۆ دەچێتە گیرفانی ئەم دەستەڵاتدارانەوە، ئەمرۆش لەپێناوی پەردەپۆشکردنی شکست و داروخاوی حکومەت باج زیاد دەکات.

ئەم باجانەی ھەرۆژە بەجۆرێک دەیخەیتە سەرشانمان، ئەوانە ھەرجارە و جۆرێکە لەسزا، تابلۆی سەردووکان و باڵەخانەو کرێی ئەم و ئەو سزادانی خەڵک و کاسبکارانە بەوەی لە ماوەی رابردوو دوکانەکانیان بەروی ئێوەی دەستەڵاتیدا داخست و ھاتنە ریزی خۆپیشاندەرانەوە وەک پاڵپشتی، دژی دەستەڵاتی ستەمکاری ئێوە وەستانەوە، ئەم سزایە روی راستەقینەی ئێوەی حوکمرانی نیشانی نەک ھەر گەلی کەیدا، دەمێکە ئەم گەلە روی ناشیرینی ئێوەی دیوە، بەڵام بەم کارانەتان لەروپەری رۆژنامەکانی جیھانی رۆژ لەدوای رۆژ نیشانی گەلانی جیھانی دەدرێت و بەوەش دۆستانی کورد باشتر دەتان ناسن و دوژمنانیش سوکنای بەدڵیاندادێت بەوەی ئەوەی شۆرگێرانی دوێنێ کردیان، ئەوان بەرامبەر بەم گەلە بەسەد ساڵیش نەیان کردوە وەک دووژنم بەرامبەر بە گەلی کورد.

تابۆتان دەکرێت باجەکان زیادبکەن و رۆژ لەدوای رۆژ گیرفانی خەڵک داکوتن و تۆڵەی چەند مانگی رابردووی داخستنی سنور و گومرگ و داھاتی لەدەست دراوتان بکەنەوە، چونکە ئەوەنیەتتانە، بەم کارەتان نەکورد لە ناودەچێت، نەئێوەش مورتاح دەبن، راستە رەنگە زەمەنێک درەنگ بکەوین و لەئاست پێشکەوتنی جیھان زۆر لەدوابین، بەڵام ئاسۆ رونە، ژیان ناوەستێ ئێوەش دەبێ لەبەردەم دادگای گەلدا بوەستن، باجی ھەموو باجەکان بدەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.