کۆتایی غروری سیاسی

لەلایەن ستاندار Posted on 435 جار بینراوە

ئارام قادر حەمەسور

لە دونیای سیاسەتدا سیاسی جۆراوجۆر دەبینین، ھەندێکیان لە دوای مردنیش فیکرەو جوڵە سیاسیەکانیان ھەر کاریگەرن، ھەندێک لە سیاسیەکان ھەر بە زیندوی فیکرەو ھەڵسوکەوتیان دەمرێت، سیاسەت پێویستی بە تیۆرو عەقڵی باش ھەیە کە دوربێت لە سۆزو فوتێکردنی خودئەڤینی، ئیگۆی سیاسی کاتێک وێنەکەی خۆی لەناو دەریای سیاسەتدا دەبێنێت و عاشقی خۆدی دەبێت و خۆی دەخاتە ناو دەریاکە و دەخنکێت لە خودپەرستیەکەیدا، لە دونیادا سیاسی گەورە ھەبون کە دەستکەوتو ئەکتی مەزنیان کردوە بۆ وڵاتەکەیان، جۆرج واشنتن و ماندیلاو گیڤاراو گاندی و ….ھتد، ئەمانە تا ئەمڕۆش نەمردون و لەدڵی گەلەکەیاندا دەژین، کاتێک سەرکردەیەکی گەورە غروری سیاسی نابێت دەچێتە دڵی خەڵکەوە، ھیچ شتێک ھێندەی غرور سیاسیەکان گەمژەناکات، کاتێک سیاسیەک توشی غروری سیاسی دەبێت دەبێتە تاکێکی فوتێکراو، ئیگۆی سیاسی وانیشان دەدات گەورەترین مرۆڤ و عاقڵترین مرۆڤی گەلەکەیەتی، باوەڕی وایە دەوڵەت خۆیەتی و خۆشی دەوڵەتە، بەڵام کۆتایی ھەمو سەرکردە غرورەکان بریتیە لە مێژویەکی ناشیرینی سیاسەت، چونکە غروری سیاسی دەبێتە ڕێگر لەبەردەم بە عەقڵانی کردنی سیاسەت.

سۆسیۆلۆژیای سیاسی پێمان دەڵێت سیاسیە غرورەکان مرۆڤی دەرچون لە کۆمەڵگاو لە خۆیان زیاتر گەورەکراون، بونەتە باڵۆنێکی سیاسی پڕ لە ھەواو کەمترین با دەیانجوڵێنێت و بچوکترین تیژایش بەتاڵیاندەکاتەوە و بەردەبنەوە، سایکۆلۆژیای سیاسیش پێمان دەڵێت سیاسی غرور نەخۆشی دەرونی ھەیەو توشی نێرجسیەت بوە، توشی عاشقبون بەخودی خۆی بوە، سیاسی کاتێک عاشقی خۆی دەبێت دەبێتە ستەمکارو کۆمەڵگا وێران دەکات، سیاسیە لە خۆباییەکان گوێ لەکەس ناگرن و حەقیقەتی کۆتای لای خۆیانە، سەدام حسین و ھێتلەر تەواو لەخۆبایبون، مێژو پێمان دەڵێت غرورەسیاسیەکان کۆتاییان دێت بە ناشیرینی، سیاسی غرور وەک باڵۆنی فوتێکراو بە خۆپەرستی لەکۆتایدا دەتەقێت و دیوە پوچەکەی دەردەکەوێت، مێژوی سیاسی چەندین سیاسی تێدایە بەھۆی غروریانەوە دورکەوتونەتەوە لە عەقڵ و دەستکەوتی گەورەیان لەدەستداوە، گێڤارا شۆڕشگێر بو چەند گەورەبو بەڵام غرور نەبو، پانتۆڵەکەی بە ئارەقەی لەشی ڕەقببو لەشاخەکان بەڵام ھەر گەورەیە تا ئەمڕۆش لەدڵی خەڵکدایە، سەدام و قەزافی و ھاوشێوەکانی بەڤیللاو ڕیزە ئۆتۆمبیل و قات و بۆینباخیان کۆتایەکی ڕەشیان ھەبو و مێژو نەفرەتی لێکردن، چونکە غروربون و لە واقیعی کۆمەڵگا دەرچون.

ھەرێمی کوردستان تا ئەمڕۆ گیری خواردوە بەدەستی سیاسیە غرورەکانەوە، ئەوسیاسیانە کاتێک لەشاخ گەڕانەوە و تا ئەمڕۆش خەباتی شاخ بە خەڵک دەفرۆشنەوە، ئەوانە لەسەر شاشەی تیڤیەکان قاقا پێدەکەنن و غروریان گەیشتۆتە لوتکە، ئەوانەبون بەناوی شاخەوە غروربون و ئەم وێرانیەی ئەمڕۆیان دروستکرد، ھەموکەس غروربێت نابێت سیاسی غروربێت، چونکە سیاسەت بۆ گشتە نەک بەقوربانی کردنی گشت بۆ تاک، سیاسیە لەخۆباییەکانی ھەرێم چارەگە سەدەیەکە نەیانتوانیوە سیستەمێکی سیاسی گونجاو دروستبکەن، بەردەوام شەڕی بە پاڵەوانبونی یەکتر دەکەن، بێئاگان لەوەی پاڵەوانانی سیاسی پێویستیان بەغرور نیە. یەکێتی و پارتی وەک دو ھێزی دەسەڵاتدار تا ئەمڕۆش غروری سیاسیان سەپاندوە بەسەر ھێزەکانی تردا، ئەم ھۆکارە بۆتە ھۆی دروستبونی حکومەتێکی بێ گوێ و حیساب بۆکەس ناکەن.

ئەم دوھێزە گوێ بۆکەس ناگرن و چەندین دەستکەوتو خەونی گەورەیان کردۆتە قوربانی غروری و لوتبەرزی سیاسیان، ڕیفراندۆم دواین غروری سیاسیان بو کە کردیان و گەورەترین فەشەلیان ھێناو خەونی دروستبونی دەوڵەتی کوردیان خستە مەترسیەوە، سیاسیە غرورەکان ئەمڕۆ وەستاون و لە ڕوی نێودەوڵەتیەوە پشتگوێ خراون، ئەوانەی دەیانگوت بەغداد موفلیسەو ئێمە نەوتمان ھەیەو دیموکڕاسین! ئێستا غروریان شکاوە و ئەمڕۆ چاوەڕوانن بەغدا دەرگایان لێبکاتەوە و چایەکیان لەگەڵ بخواتەوە، بە ھەڵوەشاندنەوە و سڕکردنی ڕیفراندۆمەوە لەبەردەم دەرگاکەی حکومەتی عیراق وەستاون و دەڵێن بەغدا پارەی ھەیەو ھەرێم موفلیسە! ئەمڕۆ فەشەلی حکومڕانیان پێیەو خەڵکیان برسیکردوەو جیھان پشتی تێکردون، کۆتای ھەمو غرورەسیاسیەکان کەوتنە لەبەردەم حەقیقەتە ناچاریەکان، سیاسەت پێویستی بە عەقڵ و گوێگرتن ھەیە، دەبێت لەقاوغی خێڵ و ناسیۆنالیزم و حیزب پەرستی و ئیگۆ پەرستی سیاسی دەربچن، کۆتای بەڕاگەیاندنە فوتێکەرەکانتان بێنن کە ئێوەی پڕکردبو لە غروری ساسی، کەوتن لەبەردەم حکومەتی بەغدا و فەشەلھێنانتان لە حکومڕانی پێمان دەڵێت غروری سیاسیتان کۆتایی ھات، باڵۆنی فوتێکراو بە خۆپەرستی سیاسی لەبەردەم واقیعدا کەوتە خوارەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.