ئایا تورکیا عەفرین داگیردەکات؟

لەلایەن ستاندار Posted on 440 جار بینراوە

ھیوا خۆشناو

ڕۆژی١٣ی جانواری ٢٠١٨ لە کۆبونەوەیەکیدا سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەییب ئەردۆغان لە شاری ئەڵازغ ھەڕەشەی وێرانکردنی عەفرینی کرد وھەروەھا باسی لە بەڵێنەکانی ئەمریکا کرد لە ڕابوردو بۆ ڕادەستکردنەوەی شاری مەنبەج و بەزمانێکی ھەرەشەئامێزانە گوتی: (حەوتویەک ناخایەنێ، دەزانین چیتان بەسەردێنین)!!

مرۆڤ دەبێ بە مێشکێکی فێنک و ئارام سەرجەم زانیاری و پێشوەچونەکان کۆبکاتەوە و وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە. جگە لە ھەڕەشەی تورکیا لەسەر عەفرین، پێشکەوتنی دیکە لە ئارادان وەک ئەوەی ئێستا لە ئیدلیب دەیانبینین، ناتوانین فەرامۆشیان بکەین.

تا عەفرین لە ژێر دەستی ی پ گ دابێ، بۆ ئەردۆغان کابوسە، چونکە تایبەتمەندی عەفرین، جگە لەوەی نزیکترین شاری کوردانە لە نزیک دەریای سپی ناوەڕاست، ھاوکات ھەرسێ کانتۆنەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە و ڕۆژئاوا دەکاتە دراوسێیەکی ھەمیشەیی سەرجەم شارەکانی باکوری کوردستان. بۆ ئەوەی ئەردۆغان ئەو کابوسە لە کۆڵ خۆی بکاتەوە، لە پێشوودا ئامادە بوە خۆی مەحکومی سەرجەم یارییەکانی ڕوسیا بکات، لە ھەموشیان گرینگتر، ناچارکردنی جیھادیەکان بو بۆ چۆڵکردنی شاری حەلەب. لە ئەنجامی ئەو یارییەدا ڕوسیا گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا ھەڵکرد تاکو، شاری جەرابلوس و الباب داگیربکات و بەو شێوەیە عەفرین دوای داعش ھەر بە ئابڵۆقەداری مایەوە. ئەو پیلانەی تورکیا بە نیمچە سەرکەوتویی مایەوە و تورکیا ھەوڵی دا لە ڕێگای تەل ڕەفعەت و مەناغ تەواوی ڕێگاکانی عەفرین، بخاتە ژێر دەستی خۆی.

ئەوەی لە ئەنجامدا دەرکەوت، دیمەشق و مۆسکۆ ئەو داخوازییەی تورکیایان قەبوڵ نەکرد و سوپای سوریا لەچەند ڕۆژێ ڕابوردودا لە پڕ ھێرشی کردە سەر ناوچەکانی ئیدلیب توانی ناوچەیەک لە نێوان ھێزەکانی سەربە تورکیا “قەڵغانی فورات” و ” ی پ گ-عەفرین” دا لە ڕۆژئاوای شاری عەفرین سازبکات. بەوشێوەیە سوریا و ڕوسیا، لەو ناوچەیەدا ھێزەکانی سەربە تورکیایان لە عەفرین دابڕی، ئەوەش ئەنکەرەی تەواو شێواند.

ڕییکەوتن/ڕێکنەکەوتنی ئەستانەو گرێکوێرەی ال قاعیدە لە ئیدلیب

دوای ئەوەی ساڵی پار تورکیا توانی ماوەیەکی درێژ لەگەڵ ئێران و مۆسکۆ لە شاری ئەستانەی کازاکیستان کۆببێتەوەو کۆمەڵێک ڕێککەوت ئیمزا بکەن، بزە و خەندە ھاتنە سەر لێوەکانی ئەردۆغان. لە ڕاستیدا مۆسکۆ ئەنکەرەی ڕاسپارد تاکو گروپەکانی ئیدلیب کە لەسەر خەتی ال قاعیدە دا دەڕۆن و گرینگرینیان ” ھیئە تحریر الشام ” ە بەتەواوی لە قازانجی مۆسکۆ بێ پەڕوباڵ بکات. کۆبونەوەکانی ئەستانە لە مانگی سێپتامبەری ٢٠١٧ دا دەستیان پێکرد، بەڵام لە کۆتایی ٢٠١٧ دا، ساردوسوڕیەک بە ئەستانەوە دیار بو و خەندەی سەر لێوەکانی سوڵتان کەمتر ئەگەشانەوە. ئەوکاتە زانرا کە ڕوسیا ڕێگا بە تورکیا نادات بچێتە ناو عەفرین. ڕوسەکان زۆر جاریش بەشێوەیەک لە شێوەکان نەیاندەشاردەوە کە ئەوان بەتەنیا ڕێگا دەدەن تورکیا لە ئیدلیب ڕۆڵی ناوبژیوانی بگێڕێ بۆ سازکردنی ناوچەیەکی ئارام و بۆ ئەو مەبەستە دەتوانێ بەتەنیا چاودێری سەربازی ڕەوانەی ھەرێمی ئیدلیب بکات نەک ھێزێکی حەشمەت لەوێ کۆبکاتەوە.
دوای ئەو بینیمان لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی پاردا تورکیا ھێزێکی زۆری بردە ناو خاکی سوریا، مۆسکۆ ھەستی کرد کە تورکیا لە جیاتی چاودێری گروپە توندڕەوەکان، ئامادەکاری دەکات بۆ ئابڵۆقەدانی یەکجارەکی عەفرین.
لە ١٠ی مانگی جانواری ئەم ساڵدا ٢٠١٨ سوپای سوریا کە لە شەڕەکانی دێرەزوور و حەما سەرکەوتنی بەدەستھێنابو، بە خێراییەکی سەرسوڕھێنەرەوە، ھێرشی کردە سەر ئیدلیب و فڕۆکەخانەی سەربازی زوھووری لە توندڕەوەکان سەندەوە.

بە تێڕوانینی خۆم ئەوە ئەنجامی کۆتاییەکەی ئەستانەیە کە بڕیاربو لە شاری سۆچی ھەرسێ لایەن “ئەنکەرە، مۆسکۆ و تەھران” بەرھەمەکەی بخۆن. ئێران و تورکیا بۆ جاری دووەم پەسەندیان نەبو “پ ی د” بە فەرمی بانگی کۆبونەوەی سۆچی بکرێ. ئەمریکاش سورە لەسەر ڕێککەوتنی جنێف لە جیاتی سۆچی. وادیارە ڕوسیا ئەزانێ کە تورکیا لەلایەک لە جیاتی بێدەنگکردنی جیھادیەکانی ئیدلیب، قەڵەویان دەکات. لەلایەکەی دیکەش ئەنکەرە ھەوڵی داگیرکردنی عەفرین دەدات و کوردانیش ئەو تاوانە دەخەنە ئەستۆی ڕوسیا. لە ھەمان کاتدا ئەنکەرە بە ھەڵوێستەکانی وەک ئەوەی “ڕێگا نادەم پەیەدە بەشداری ھیچ کۆبونەوەیەکی ئاشتی بکات”، پیالانەکانی ڕوسیا لە سوریا دەخاتە ناو مەنجەڵێکی ئاوی ساردەوە، چونکە ڕوسیا دەزانێ بەبێ کورد ئامانجەکانی بۆ ئاشتی لە سوریا نایەنە دی. جگە لەوە ئیتر تورکیا بۆ ڕوسیا گرینگی جارانی نەماوە چونکە ڕوسەکان دەزانن کۆنفرانسی سۆچی دەتوانێ، دەنگی چەکەکان کەمتر بکاتەوە، بەڵام ناتوانێ ئەنجامێکی گشتی لەگەڵ خۆیدا بێنێ، ئەگەر ھێزە کوردیەکان و خۆرئاوا پشتگیری لێ نەکەن.

جیێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریاک دیفید ساترفیلد لە ١١ی جانواری ئەمساڵدا گوتی: “لە سوریا ناچنە دەرەوە و ئەمریکا سورە لەسەر ڕێککەوتنی جنێف لەژێر سەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتوەکان، ھاوکات حیزب اللەی لوبنانی بە ئامانج نیشاندا”. ئەگەرچی ئەو لێدوانەی ئەمریکا ڕوونە، بەڵام لە ھەمان کاتدا دەنگۆی دیداری نھێنی چڕوپڕ لەنێوان ئەمریکا و سوپای ئازادی سوریا کە دوژمنی ھێزەکانی دیموکراتی سوریان، لە ئارادایە. ئەو زانیاریانە تا چەند ڕاستن نازانین، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەگەری شەڕێکی ئەمریکا و ئیسرائیل و سعودیە لە گەڵ لایەنەکانی سەربە ئێران لە سوریا لە ئارادایە، ئەکرێ ڕاستی خۆیان ھەبێ.

لە ڕۆژی ٩ئ جانواری ٢٠١٨ وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بانگی ھەریەکە لە باڵیۆزەکانی ڕوسیا (ڕلیکسی إرخوف) و باڵیۆزی ئێران لە ئەنکەرە (محمد إبراھیم گاھریان فارد) کرد و پێیان ڕاگەیاندن کە ڕێککەوتنی ئەستانە لەلای ڕوسەکان، سوریا و ئێران جێبەجێ ناکرێ!!. لە ڕاستیدا وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕاست دەکات، ھیچ شتێک بەناوی کۆبونەوەی ئەستانە لە ئارادا نەماوە. ئێستا سوپای سوریا بە یارمەتی ڕوسیا لەگەڵ سەرجەم ھێزەکانی سەربە ئەل قاعیدە و سوپای دووەمی ھێزەکانی ئازادی سوریا کە تورکیا پشتگیریان دەکات، لە شەڕدایە.

-١٣ی جانواری لە کۆبونەوەیەکی ئەردۆغان لە شاری ئەڵازغ ھەڕەشەی وێرانکردنی عەفرین کرا و ھەروەھا باسی لە بەڵێنەکانی ئەمریکاش کرد بۆ ڕادەستکردنەوەی شاری مەنبەج و بەزمانێکی ھەرەشەئامێزانە گوتی: حەوتویەک ناخایەنێ، دەزانین چی دەکەین.!!

ئایا تورکیا ھەنگای کرداری دەنێ بۆ داگیرکردنی ناوەندی شاری عەفرین؟

تا ئێستا نە لەلایەن ئەمریکا و نە لەلایەن ڕوسیاوە ھیچ گڵۆپێکی سەوز بۆ ھێرشی تورکیا بۆسەر عەفرین نابینین. تەنانەت بۆ ڕوسیا عەفرین زۆر گرینگترە لە ئەمریکا، ئەگەر ھاتو کوردەکان عەفرین لەدەست بدەن: شتێک نامێنێ، کوردەکان و ڕوسیا لە دەوری یەک کۆبکاتەوە و تەواوی کورد لە سوریا دەکەوێتە ژێر ھەژموونی ئەمریکا. کەواتە ئایا تورکیا سەری خۆی خواردوە یان سەری خۆی ئەخوات ئەگەر بەرەیەک لە عەفرین لەدژ خۆی بکاتەوە؟ ئایا ئەوکاتە شارەکانی دیکەی وەک جەرابلوس و ئیدلیب نابنە ئامانجی ھێزەکانی دیموکراتی سوریا کە ئەمریکا ڕاستەوخۆ لە پشتیانە؟ ئایا ئەوکاتە تورکیا جگە لە ئەمریکا و ئەوروپا، ڕوسیاش ناکاتە دوژمنی خۆی؟ وەڵامی ئەو پرسیارانە لە چەند ڕۆژی ئاییندەدا وەردەگرینەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.