شکستی حوکمڕانی و کۆچی ژیرەکان

لەلایەن ستاندار Posted on 403 جار بینراوە

یاسین عبداللە

بە درێژایی (٢٦) ساڵی حکومڕانی ھەردوو حزبی دەسەڵاتداری خاوەن ھێزی چەکدار لە ھەرێمی کوردستان ئازادی بیروڕا لە ژێر پرسیاردا بووە، سەرەتا بەشێوەیەکی بەرفراوان و گەورەتر لە نێوان خۆیاندا لە ئەنجامی زاڵبوونی ھەیمەنەی خۆیان بەسەر یەکتر و گوێ نەگرتن لە یەکتری پەنایان بردە بەر جەنگ و شەڕی ناوخۆیان بەرپاکرد تا چوار ساڵ جەنگی گەرم و چوارساڵیش جەنگی سارد، کەواتا ھەشت ساڵ ماڵ وێرانی و کاولکاری دوولەتکردنی ئەو پارچە بچوکەی کوردستانی باشور کردنی بە دوو ئیدارە و بە جۆرێک خەڵکی کوردستان نائومێد و بێ ھیوا بوون بەتایبەتی کەسە ژیر و خاوەن بیرە جیاوازەکان لە ئەنجامدا کۆچێکی بە لێشاو دروست بوو بۆ ڕۆژئاوا ، ئەمە جگە لە کۆچی پێش ڕاپەڕین سەردەمی ڕژێمی بەعس.

لەدوای دژایەتی یەکتری ھەشت ساڵ کاولکاری ڕێککەوتن لەگەڵ یەک لە سەروبەندی پرۆسەی ئازادی عێراق لە پێناو دابەشکردنی سامان و دەسەڵات لە نێوان خۆیاندا دەستیان تێکەڵکرد بۆ پاراستنی دەسەڵات و سامانیان بە ھەموو جۆرێک ڕوبەڕوی ڕەخنەگران و ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان و بیرمەند و خاوەن بیروڕا جیاوازەکان بوونەوە لە ئەنجامدا چەندین ڕۆژنامەنووس و زانای ئاینی و بیرمەند و کەسایەتی خاوەن ئەزموون بەوپەڕی دڕندەیی دوور لە ھەموو بەھای مرۆڤایەتی تیرۆرکران ، وەک ( سەردەشت و سۆران و کاوە و ویداد و عبدالستار تاھیر و دکتۆر ووشیار و تاد…) ئەمە جگە لە گرتن و ھەڕەشەکردن و ترس و تۆقاندن لە ڕێگای جیاواز جیاوازەوە دواجار شەپۆلێکی ناڕەزایەتی سەری ھەڵدا لە (١٧ شوباتی ٢٠١١) بەتایبەتی لەسنوری پارێزگای سلێمانی لەگەڵ بەرپابوونی بەھاری عەرەبی بەڵام دەسەڵاتە خۆسەپێن و سەربازیەکەی جووت حزبی بنەماڵە وەک پیشەی خۆیان بەربوونە گیانی خۆپیشاندەران بە گولەبارانکردن بەو ھۆیەوە چەندین گەنج و لاو منداڵ شەھید و بریندار کران، کە تا ئێستاش بکوژان و تەقەکەران پارێزراون و کەس و کاری شەھیدان و بریندارەکانیش بەبێ نازی بەردەوام لەگەڵ دەنگی شەقامن،لە ئەنجامدا بەجۆرێکی تر بێ ھیوای سەری ھەڵدایەوە و جارێکی تر کۆچی ژیرەکان دەستی پێکردەوە بەرەو ھەندەران.

دوا بەدوای پەیڕەوکردنی ئابوری سەربەخۆ و دوورکەوتنەوە لە بەغداد بەجۆرێک دەسەڵاتدارانی ھەرێم توشی شکست ھاتن تا کار کەوتە ئەوەی دەست بەرن بۆ قووت و بژێوی ژیانی خەڵک، لە ئەنجامدا شەپۆلێکی بەھێزی ناڕەزایەتی سەری ھەڵدایەوە، بەجۆرێک کە بۆ ھۆی پەکخستنی خوێندن، سێ ساڵ مامۆستایانی بێ پارەوپول لەگەڵ فەرمانبەران بۆ داوای مافی خۆیان لەسەر شەقام بوون بێ ئەوەی نەمامێک یان لقێک بشکێنن، بەڵام دەسەڵات لەجیاتی داننان بە شکستیان و ھەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و وەڵامدانەوەی خۆپیشاندەران ، جارێکی تر وەک پیشەی ھەمیشەیی خۆی پەنای برد بۆ ھێز و بە زەبری ھێز کوشتن و گرتن و تۆقاندن ناڕەزایەتیەکانی سەرکوت کرد، لە ئەنجامیشدا جارێکی تر چەندین کەس شەھید و برینداربوون چەندین خێزانی تر بێ ھیوا و بێ ناز مانەوە وەک شەھید بڕیار لە سەیدسادق و مامۆستا محمد و کاک محمدی خوێندکار و کاکە دیاری جوانەمەرگ و منداڵ لە قەڵادزە، لەکۆتاجاریش شاری ڕانیەو کۆیەش بێ بەش نەبوون لە بەخشینی خوێنی لاوە بێ پارەو پول و بێ ناز و بێ چارەکانی تەنھا لە شاری ڕانیە نزیکەی (٨٠) لاو بریندار کراو ھەردوو خوێندکار کاکە بەشیر و کاکە محمدیش بەناحەق شەھیدکران لە شاری کۆیەش مامۆستایەکی پەیمانگای کۆمپیۆتەر شەھیدکرا بەناوی مامۆستا (ھێرش عمر) لەگەڵ چەندین بریندار.

بەوکارانەی دەسەڵات ڕۆشنبیران و چالاکوانان زیاتر بێ ھیوابوون، دەسەڵاتیش بەردەوام بوو لە ئەنجامدانی توند و تیژی ھەر لە سوتاندنی سەیارەی مامۆستایان و ھەڕەشەکردن و ئازاردان و ڕفاندنی نوسەر و ڕۆشنبیر و چالاکوانان و مامۆستایان زۆرێک لەوانەی ڕوبەڕوی ھەڕەشە بوونەوە نیشتمانیان بەجێھێشت و ڕویان کردە ھەندەران وەک (شڤان ئازاد) لە ھەولێر لەسەر یەک گرتە ڤیدیۆیی درایە دادگا و دواجار ڕایکرد، تەنانەت کەسانێک ڕوبەڕوی ھەڕەشە بوونەوە کە بۆ خوێندنی تواناسازی لە ھەندەرانن نزیکەی (٢٠٩) خوێنکاری ماستەر و دکتۆرا لە ترسی گرتن و بێ ھیوابوون نەیانتوانی بگەڕێنەوە بۆ نیشتمان لەناویاندا ھەیە ھەڕەشەی مەرگی لەسەرە وە ھەیانە لەسەر چەند نوسینێکی ساختە ڕوبەڕوی ھەڕەشە بۆتەوە لەکاتێکدا فەیسبووکەکەی ھاککراوە وەک مامۆستای زمانی ئینگلیزی (غفور خدر) ، ئەمە جگە لە چەندینی تر ئێستا تەواو بێ ھیوایە و لە دەرفەتێک دەگەڕێ ووڵات جێبێڵێ، بەم کارانەی دەسەڵات نیشتمانمان خاڵی دەبێت لە بیرمەند و عەقڵە تازەکان و بۆگەن دەبێ لە عەقڵە کۆن و ھەڵپەرست و بەرژەوەند خوازەکان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.