دادگا شوێنی یەکلاکردنەوەی کێشەکانە نەک ڕاگەیاندن!!!

لەلایەن ستاندار Posted on 388 جار بینراوە

د> دلێر سابیر خۆشناو
ڕاگەیاندن لەسەردەمی ئێستاماندا گرنگییەکی زۆری ھەیە بۆ گواستنەوە و شیکردنەوەی ھەواڵ و چاڵاکییە ھەمەجۆرەکان، لەبەر ئەمە لای بەشی ھەرە زۆری ڕووناکبیران و رۆشنبیران بە دەسەڵاتی چوارەم ناودەبردرێت، ئەمەش بێگومان لەپاڵ دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێ کردن و دادوەری دا.
سەڕەڕای ئەم گرنگیەی سەرەوە زۆر جار کە بینەری کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەبین بە تایبەتی کەناڵە ھەواڵیە سیاسیەکان وامان بەرچاو دەکەوێت کە دادگایەکە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان، خراپتر لەمەش ئەوەی بتوانێ بە زمانی لووس و پاراو و شارەزایانەتر قسە بکات لەم دادگایە براوە دەبێت، ھەرچەند تاوانباری پلە یەکیش بێت، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا شێواندی ڕاستیەکانەو لە ھەمان کاتیشدا کۆمەڵگا تووشی لێکترازان دەکات.
بینیومانە یاخود بیستومانە کە کەسێک گەندەڵیەکی دەخرێتە پاڵ ” لێرەدا دەکرێت ڕاگەیاندن ڕۆلی بەرچاوببینێت لە دەرخستنی گەندەڵیەکان” ھەوڵدەدات لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە یاخود بەیاننامەیەکی کەسی ئەستۆپاکی خۆی بسەلمێنێت بەبێ ئەوەی ڕێگە بدرێت کە داواکاری گشتی وەکو پارێزەری مولک و ماڵی گشتی ئەم کەیسە بەرەو دادگا ببات و لەم دەزگا سەربەخۆیە یەکلایی بکاتەوە.
ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە دادگا وەکو دەسەڵاتێکی دەستوری سەربەخۆ شوێنی یەکلاکردنەوەی سەرجەم کێشەکانە، ھەڵبەتە ئەمەش پاڵپشتی دەستوری و یاسایی ھەیە، کە ڕێگە دەدەات کێشە دەستوریەکان لە دادگای دەستوری و کێشە ئاساییەکان لە دادگای ئاسایی و کێشە کارگێڕیەکان لە دادگای کارگێڕی یەکلایی بکرێنەوە. بەمەش ھیچ لایەنێکی ژیان نامێنێت کە دادگا دادپەروەری لەسەر نەسەپێنێت.
ئەمەی دادگایەکانی بە سەروەر کردووە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان تایبەتمەندی دەسەڵاتی دادوەری و خودی دادوەرەکانە کە پێویستە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان بێلایەن و سەربەخۆ و دەسپاک بن، ئەمە جگە لە شارەزایی و پسپۆڕی ئەم دەسەڵاتە لە دۆزینەوەی چارەسەری یاسای و دادپەروەرانە بۆ کێشەکانی بەردەمی.
لە سۆنگەی ئەمەی سەرەوە پێویستە داواکاری گشتی وەکو لایەنێکی پارێزەری مولک وماڵی گشتی و چەسپاندنی سەروەری یاسا لە وڵاتدا، کاری جددی بکات بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەو کەیسانەی کە وڵات بەرەو قەیران دەبەن. ھەر کاتێکیش ئەم کەیسانە برانە بەردەم دادگا ئەو کات بەپێ ی ڕێوشوێنە دادوەریەکان ھیچ کەس و لایەنێک بە ڕاگەیاندنیشەوە بۆی نییە دەسبخاتە نێو ئەم کەیسانە تاوەکو لە دادگا یەکلایی نەکرێنەوە.
ھەر لەبەر گرنگی داواکاری گشتییە وەکو دەزگایەکی دادوەری یاسادانەری عێراقی لە یاسای ژمارە (٤٩) ی ساڵی ٢٠١٧ ڕێگەی داوە کە داواکاری گشتی تانە لە دەستوری نەبوونی یاسا و سیستەمەکان بدات لەبەردەم دادگای فێدڕالی باڵا. ئەمەش ئەمە دەردەخاتە کە ئەم دەزگایە نەک تەنھا پارێزەری ماڵی گشتییە بەڵکو پارێزەری سیستەمی وڵاتە لە ھەر مەترسیەک کە بەری بکەوێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.