ئاراس و بافێل چۆن خیانەتیان کرد؟!

لەلایەن ستاندار Posted on 415 جار بینراوە

ھێمن مامەند

رووداوەکەی ١٦/١٠/٢٠١٧، کە لەلای پارتی بەخیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر ناسراوەو ، لای باڵێکی یەکێتیش بەتایبەتی بنەماڵەی تاڵەبانی بەرێککەوتنێکێکی پێشووتری ناودەبەن، کەلەلایەن حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عێراق بەئامادەبوونی قاسم سولەیمانی پیاوە دانوساتکارو دیبلۆماسیەکەی ئێران لەدوکان ئەنجامدراوە، دوای تێپەڕبوونی سێ مانگ لەم رووداوە تائێستاش مشت و مڕی نێوان لایەنە سیاسیەکان و لێدوان و ھەڕەشە رۆژنامەوانیەکان کپ نەبۆتەوە، من نامەوێت بچمەوە نێو ووردەکاریەکانی ئەم رووداوەو ئەوە شیبکەمەوە، کە ئایا ئەمە خیانەتێکی نیشتیمانی بوو یان رێککەوتننامەیەکی سیاسی، بەڵام خاڵی جەوھەری ئەم نووسینەی من، پرسیارێکە کەچۆن و بۆچی ئاراس و بافێڵ کە دوو کەسن لەبنەماڵەی تاڵەبانی وەک پارتیەکان دەڵێن خیانەتیان کرد؟ لەکاتێکدا ھەردوو ناوبراو ھیچ پۆستێکی سەرەکیان نە لەناو حزبەکەیان کەیەکێتی نیشتیمانی کوردستانە ، نەلەناو حکومەتدا نییە.

لەم ماوەیەدا چەندین جار لەگەڵ پارتیەکان رووبەرووی موناقەشە بومەتەوە ھەمیشە پرسیاری ئەوەم لێکردوون، کە بۆچی چۆن ئاراس و بافێڵ خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەریان ئەنجامدا، لەکاتێکدا مەسعود بارزانی ئەوکات سەرۆکی ھەرێم و فەرماندەی ھێزە چەکدارەکان بوو، ھەروھا کۆسرەت رەسوڵیش جێگری سەرۆکی ھەرێم و جێگری فەرماندەی ھێزە چەکدارەکان بوو، ھەروەھا نێچیرڤان بارزانی کەسەرۆکی حکومەتەو ھاوکات برازاو زاوای مەسعود بارزانییە، لەھەمان کاتیشدا مەسرور بارزانی کەکوڕە گەورەی بارزانیەو ھاوکات راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشەو بەحیساب ئاگاداری ھەموو رووداوەکانی کوردستان و ناوچەکەیە، بەھەمان شێوە ئەو کاتە سەرۆکایەتی پەرلەمانیش ھەر لەلایەن پارتی بەرێوە دەبردرا، بەڵام لەبەرامبەردا ئاراس شێخ جەنگی تەنیا کادیرێکی پێشکەوتووی یەکێتی نیشتیمانیەو ، ھەروەھا بافێڵیش ھیچ پۆستێکی سەرەکی نە لەناو حزبەکەی نەلەناو حکومەت دانییە، لەبەرامبەر ئەو پرسیارەی من وەڵامی پارتیەکان ئەوە بووە، ئاخەر ئەو دوو کەسە کەسی ئاسایی نیین ، یەکێکیان برازای جەلاڵ تاڵەبانییەو ئەوەی تریان کوڕە گەورەی تاڵەبانییە، لێرەدا خاڵە جەوھەریەکە یان جەوھەری مەترسیەکە دەردەکەوێت ، کەئێمە چەندین ساڵە ھاواری بۆدەکەین ، ئەویش بەموئەسەسات کردن و دامەزراوەیی کردنی دام و دەزگاکانی ھەرێمە، چونکە لەم قسانەو بیانووانەی پارتیەکان ئەوەمان بۆدەردەکەوێت ، کوڕی یان برازایەکی سەرۆک حزبێک دەسەڵاتی لەسەرووی ھەموو پۆستە حکومیەکانی ئەم وڵاتە ھەیە، ئەگەر وابێت ئاراس و بافێڵ خیانەتیان ئەنجامدابێت لەکاتێکدا ھیچ پۆستێکی حزبی و حکومیان نییە، ئەمە کارەساتێکی گەورەیە کەمانای ئەوە دەگەیەنێت کوڕی سەرۆک حزبێک دەسەڵاتی بەسەرووی ھەموو دام و دەزگاکانی ئەم وڵاتە ھەیەو دەکرێت سبەی کوڕێک بان برازایەکی بارزانیش وەک دەڵێن خیانەتێک یان رووداوێکی لەم جۆرە دووبارە بکەنەوە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.