سێ خاڵ بۆ چوار ئەندامەکەی شاندی ھەرێم لە ئێران
نیاز عەبدوڵـڵا
یەکەم: ھەڵوێست و کات
“ھەندێک لە گرووپە دژە شۆڕشەکان دێنە ناو خاکی ئێرانەوە و هاوڵاتی و سەربازەکانمان تیرۆر دەکەن و پاشان دەگەڕێنەوە ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان دایە، لە دیمانەکانی کەناڵە راگەیاندنە فەرمییەکانی ھەرێم بەرپرسیارێتی رادەگەیەنن، ئەوە بەھیچ جۆرێک قبوڵ ناکەین”.
ئەمە بەشێکە لە دەقی قسەکانی عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، کە لە ماوەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شاندی ھەرێم لە ٢١ی کانوونی دووەم بە نێچیرڤان بارزانی وتووە و حکومەتیش لە راگەیەندراوەکەیدا ئەم تەوەرەی شاردۆتەوە.
بەڵام وەک لە راگەیەندراوی فەرمی حکومەتی ھەرێم و ھەواڵی راگەیاندنەکانی ئێران دەردەکەوێت، سەرۆکی حکومەت قسەیەکی تایبەتی بۆ داواکردنی سەلامەتی ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان نەبووە.
ئەم سەردانەی شاندی ھەرێم ھاوکاتە لەگەڵ ئەو ھێرشانەی لەلایەن دەوڵەتی تورکیا بەناوی “رووبەڕوو بوونەوەی تیرۆریستان” دەکرێتە سەر کانتۆنی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ھاوشانی رووسیا گڵۆپی سەوزی بۆ رەوایەتی سەربازی و سیاسی ئەو ھێرشانە پێکردووە. لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی ھەرێم بە بەیاننامەیەکیش نیگەرانی بەرامبەر ئەو ھێرشانەی تورکیا دەرنەبڕیوە.
ئەمە ھەمان سەردانی مەسعود بارزانی لە٢٠١٦/٨/٢٣ بۆ تورکیا و دیدارەکەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان دەھێنێتەوە یاد، لەوکاتەی لە بەرەبەیانی ٢٤ی ئاب و مانەوەی بارزانی لەوێ تورکیا پرۆسەی سەربازی قەڵغانی فوراتی دەست پێکرد و ھێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان و دژ بە شەڕڤانانی ئەنجامدا.
دووەم: شاردنەوەی زانیاری
ماڵپەڕی حکومەتی ھەرێم بە سێ راگەیەندراوی ناوەڕۆک ھاوبەشی بێ زانیاری و تەوەری گشتگیر، باسی دیدارەکانی حەسەن رووحانی سەرۆک کۆمار و عەلی لاریجانی سەرۆکی پەرلەمان و عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی ئێرانی کردووە لەگەڵ شاندەکەی ھەرێم، کە پێکھاتبوون لە سەفین دزەیی و فوئاد حوسێن و قوباد تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی.
ھاوڵاتیانی ھەرێم مافی زانین و ئاگاداربوون لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییە دەرەکییەکانیان ھەیە. حکومەت جارێکی تر ناشەفافانە لە دوای شکستە یەک لەدوای یەکەکانی لەگەڵ خەڵکی ھەرێم مامەڵە دەکات و زانیارییەکان کە لە شکستی خۆیەتی دەیشارێتەوە.
سێیەم: نمایشی سیاسی ساختە
مەسعود بارزانی و کوڕەکەی لە پارتی دیموکرات بە تووندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان تاوانبار دەکەن بە “خیانەت” و “داگیرکاری کەرکوک” بە ھاوکاری ئێران و عێراق لە رووداوەکانی ١٦ و ١٧ی ئۆکتۆبەر. تەنانەت پارتییەکان ئێستا نەیارە سیاسییەکانیان بە “جاشی قاسم سلێمانی و شیعە” وەسف دەکەن.
بەڵام لە یەکەم کۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ ئێران لە دوای رووداوەکانی مانگی ئۆکتۆبەر، نێچیرڤان بارزانی لە ئێران وتوویەتی “ھهرێمی كوردستان خوازیاری ئهوهیه ههمیشه پهیوهندیی باش و دۆستانهی بهتایبهتی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران ههبێت ههروهك ههمیشه ئهو پهیوهندیانه له ئاستێكی باشدا بوونه و له كاته سهختهكاندا هاوكار و پاڵپشتی ههرێمی كوردستان بوونه و ئامادهیی حكوومهتی ههرێمی بۆ بهرهوپێشبردنی پهیوهندییهكان له ههموو بوارهكاندا نیشان دا”.
پارتی لە راگەیاندنەکانیەوە حەیدەر عەبادی و ئێرانی بە داگیرکار و دیکتاتۆر وەسف دەکرد، کەچی لە دیداریاندا رەخنەشیان لێیان نەگرت.
لەبەرئەوە نێچیرڤان لەگەڵ حیزبەکەی پێویستە دەستبەرداری موزایەدەی سیاسی خیانەتبن یان مامەڵە لەگەڵ “داگیرکەران” نەکەن کە بە زمانی خۆیان ئێرانیش دەگرێتەوە. چونکە ئەگەر ئێران و عێراق ناوچە کوردستانییە جێناکۆکەکانیان “داگیر” کردبێت ئەوا شەمخانی لە نەخشە داڕێژەرانێتی.