بۆبرایانی ی . ن . ک .

لەلایەن ستاندار Posted on 411 جار بینراوە

بەهادین نوری 

منیش وەکو هەموو ئەوخەڵکە قەیرانی توندی ناوخۆی ینک { یەکێتی نیشتیمانی کوردستان } دەبینم وپێشم ناخۆشە کە ئەمڕۆ ینک لەم حاڵەدایە . لەم ڕۆژانەدا کەسەرکردایەتی یەکێتی کۆدەبێتەوە بۆدیاریکردنی کاتێ بۆبەستنی کۆنگرەی خۆی بەهیوای چارەسەری کێشەکانی وگەشەپێدانی خۆی ، حەزدەکەم ، وەکوچاودێرێکی وەزعی سیاسی ئەم هەرێمە ، وەلەڕوانگەی بەرژەوەندی ئەم گەلەو خودی ینک یشەوە ، دوقسە دەربارەی ئەم پرسە بکەم :
– هیچ کێشەیەکی ئەمڕۆی یەکێتی لەدەرەوەی ڕیزەکانی خۆیەوە بۆی دروستنەکراوە ، بەڵکوئەنجامی هەلەکانی ساڵانی ڕابوردووی خۆیەتی وکەسیش ناتوانێ بۆی چارە بکات ئەگەر خۆی بەدەستی خۆی چارەی نەکات .


– جلال تاڵەبانی سیاسەتمەدارێکی گەورەی کوردبوو ، لەڕوانگەی پرنسیبی شارستانیانەوە ینک ی دروستکرد ، لەگەڵ کەسانی وەکو نەوشیروان و کمال فوئاد و عادل موراد و فوئاد مەعسوم و عومەر شێخ موس کەهیچ جۆرێ لەخزمایە تیان لەگەڵیدا نەبوو . بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا بەداخەوە دیاردەی بنەماڵە چێتی بە یەکێتیشەوە دەرکەوت . ئەمە یەکێ لەهۆکارەکانی تێکچونی یەکێتیەو شتێک نیە لەچەرخی ئینتەرنێتدا قبووڵبکرێ وسەرکردایەتی بە میرات وەربگیرێ .


– هەمووکەس دەزانێ کە ینک یش لەگەندەڵکاریەوە گلاوەو ئەگەر بیەوێ هەیبەت وسومعەی خۆی بگێڕێتەوە دەبێ ئیدانەی ئەوەبکات ، ئیجرائاتی وەها بکات کەجارێکیتر دوپات نەبێتەوە . دبێ بەکردەوە بیسەلمێنێ کە بەگشتی دژی گەندەڵکاریە لەهەرێمدا .


– دەبوو لەمێژەوە بەرپرسانی یەکیەتی ئەوەیان بزانیایە کەشاخ و شار دوشتی لێکتر جیان . ئەوانەی بۆشاخ گونجاوبوون مەرج نیە بۆ شاریش بگونجێن .


– لەم سەردەمەدا بەبێ دیموکراسی ڕاستەقینەی ناوخۆی تێروتەسەل حیزب ناتوانێ گەشەبکات وبەتەبایی تێبکۆشێ و جەماوەر ڕاکێشێ بەلای خۆیدا . دەبێ پۆستی بەرپرسیارێتی وەکوئەرکێ تەماشا بکرێ و گۆڕینی پۆستیش لەڕێگەی هەڵبژاردنی حیزبیەوە وەکو شتێکی سادەو ئاسایی وەر بگیرێ .


داوای لێبوردنتان لێ ئەکەم کە ڕێگە ئەدەم بەخۆم ئەم نووسراوەتان ئاراستەدەکەم ، بەهیوای سەرکەوتنتان لە کۆنگرەکەتاندا بۆ نۆژەنکردنەوەی ینک وهاوکاری لەگەڵ حیزب و هیزە نیشتیمانیەکانی دی دورلەبەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتیەوە ، لە پێناوی ڕزگارکردنی هەرێم لەم قە یرانەی تێیدایە .


سلێمانی ٢٦/١/٢٠١٨

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.