کورد و نەتەوە و ناسیونالیزم

لەلایەن ستاندار Posted on 397 جار بینراوە

 

ڕزگار عەلی

 

بەشی یەکەم/ دۆخى سروشتى و نەتەوە:

 

مەبەستمان لە دۆخى سروشتى ئەو ژینگە سروشتییەیە کە میلەتێک تێیدایە یان تێیدا ژیاوە، ئەم بیرکردنەوەیەش (جان جان رۆسۆ) خاوەندارى دەکات، بەڵام لایەنێکى تر هەیە کە لەناو سروشتدا کە (سروشتى ژینگەیی) ئەو میلەتە بە بنەما وەرناگرێت بەڵکو کاتێک باس لە دۆخى سروشتى بۆ دروستبوونى نەتەوە دەکەن مەبەستیان سروشتى ڕەنگ و زمان و کەلتور و ژینگە کۆمەڵایەتییەکەیە، ئەمانە پێیان وایە ئەم ژینگە کەلتورییە ئێمە لە میلەتانى تر جیاواز دەکاتەوە، واتە بەدیاریکراوى سروشتى مرۆڤەکان بە بنەما وەردەگرێت نەک سروشتى ژینگەکە، بۆچوونى یەکەمیان ڕۆسۆ لە کارەکانی خۆیدا پێ ى لەسەر دادەگرێت، بۆچوونى دووەمیان لە کارەکانى (کۆستاف لۆبۆن) ڕەنگدەداتەوە. بەڵام ئێمە بۆچوونەکەى ڕۆسۆ وەردەگرین، چونکە دواجار کە کۆبووینەوە بەهۆى ژینگەکەوە بۆچووونەکەى لۆبۆنیش دەبێتە ئیزافەیەک بۆ سەر نەتەوەکە.

جان جاک ڕۆسۆ لێکدانەوەوى نەتەوەى دروستبوونى نەتەوەخوازى لە ڕێگەى ئەو ژینگە سروشتییەوە لێکدەداتەوە، ئەو پێى وایە مرۆڤ هیچ نییە جگە لە بەرهەمى ئەو ژینگە سروشتییەى کە تێیدایە، هەر لەم ڕوانگەشەوە سروشتى ژینگەیی بە بنەما وەردەگرێت، تەنانەت رۆسۆ بنەماکەى کۆستاف لۆبۆن کە (زمان و کەلتور و عادەت و ژینگە مرۆییەکان) دەگەڕێنێتەوە بۆ  ژینگە سروشتییەکە، دیارە ژینگە سروشتییەکە زیاتر مەبەستى پەیداکردنى بژێوى و خۆراکە بۆ مانەوەى خۆیان. مرۆڤەکان بۆ ئەوەى مانەوەى تێربوونیان ئاسانتر بێت، هەر ئەم بژێوى خۆراک و بژێوى مرۆڤەکان بە گشتى وا لە مرۆڤەکان دەکات لە دەورى یەک کۆببنەوە، بەڵام ئەم کەلتوری ژینگەیە کە دواجار ڕۆسۆ پێی وایە بنەماکانى (گۆستاف لۆبۆن)یش دەگەڕێتەوە سەرى بۆ ئەوەى بتوانێت بنەما کەلتورییەکەى خۆى بپارێزێت دەبیێت تواناى دابینکردنى پێداویستییەکانى بژێوى خۆی هەبێت، بەمەش نەتەوەبوونى خۆى دەپارێزێت، بەڵام ئەگەر هاتوو ئەم بنەمایە نەپارێزرێت ئەوا دەرگا واڵا دەبێت بۆ بێگانەکان و ئەوانەى کە لەم نەتەوەیە کەلتورێکىى جیاوازتریان هەیە، بەمەش پێداویستییەکانى ئەوان ناچارمان دەکەن ئاغابوونى ئەوان قبوڵ بکەین و خۆشمان لە شێوەى کۆیلە فۆڕم وەربگرین، بەمەش نەتەوەخوازى و بوونە جیاوازییەکە ئێمە بەرەو لەناوچوون و مەرگ دەڕوات. بێ لە حاڵەتە دۆخی ژینگەیی، ئەگەر بە کۆمەکی لۆبۆن ئیزافەیەک بخەینە سەر دروستبوونى نەتەوە، ئەوا  بۆماوەزانى دەورێکى گەورەش لە دروستبوونى نەتەوە دەبینێت، واتە هەر تاکێک هەڵگرى کۆمەڵە سیفەتێکە کە لە باوپایرانی بۆ ماوەتەوە، واتە لێرەدا ڕۆحى نەتەوەش کۆمەڵە سیفەتێکى هاوبەشى تێدایە کە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکى تر دەمێنێتەوە، ئەوەى وادەکات جیاواز بین لە نەتەوەیەکى تر ئەم کۆمەڵە سیفەتە بۆماوەییانەیە.  کەواتە ڕۆحى نەتەوەخوازى بەرى تەنیا دایک و باوک نییە بەڵکو بەرى دۆخى نەتەوەکەشییەتى.  واتە ئەم سیفەتە هاوبەشانە گەڕانەوەیەکى زۆر لە مێژینەى هەیە.

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.