نێوماڵی ئیسلامیەکان بە پەرتکەرانی، کۆناکرێتەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 361 جار بینراوە

پ.ی.د.رعد رفعە محمد
ماوەیەکە چەند بانگخواز وکەسایەتی ورێکخراوێکی ئیسلامیی خەریکی کۆکردنەوەی نێوماڵی ئیسلامیی ونزیککردنەوەی لایەنە ئیسلامیەکانی کوردستانن. بەتایبەتی مەبەستیان لایەنە ئیسلامیە سیاسییەکانی وەک: یەکگرتوی ئیسلامی وکۆمەڵی ئیسلامی وبزوتنەوەی ئیسلامی لە کوردستانە.
ھەر بۆ ئەم مەبەستەش چەندین پڕۆژەو پێشنیاریان پێشکەشکردون ومیکانیزمی جێبەجێکردنیشیان دیاریکردوە ولەدوا ھەوڵیشیان پێشنیاری یەک لیستیان کردوە بۆ لایەنە ئیسلامیەکان، بەڵام ھەموو ئەوانە ئەنجامی پێویستی نەبووە وئۆباڵی شکستەکەشیان خستۆتە سەر لایەنێک.
لەراستیدا ھەر لێک نزیکبونەوەیەکی لایەنەکان بەرز دەنرخێنم وپێویستە ھەموو حزبە سیاسیەکان بگەنە ئەو راستیەی کە پێویستە توانا ودامەزراوەو ووزەکانیان یەکبخەن بۆ ئامانجە ھاوبەشەکانیان. بەتایبەتی ئێمە ئێستا لە سەردەمێک دەژین وسیاسەت دەکەین کە تەنانەت ووڵاتە زلھێزەکانیش پێویستیان بە ھاوپەیمانی وبەرەی ھاوبەش ھەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان. ھەروەھا باسی نیازپاکی سەرپەرشتیارانی ئەم پڕۆژەی بەرەی ئیسلامییە ناکەم؛ چونکە گومانم لە دڵسۆزیان نیە بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە.
بەڵام پێویستە بگوترێ:
یەکەم: ئەو کەسانەی ھەستاون بە سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەی بەرەی ئیسلامیی لەکوردستان، زۆربەی ھەرە زۆریان لە قۆناغێکی تەمەنیان وبەشێوازێک لە شێوازەکان خۆیان کاریان لەگەڵ حزبێکی ئیسلامی کردوە، بەڵکو ھەندێکیان سەرکردەی ئەو حزبانەش بوونە، بەڵام ئێستا بەسەربەخۆ یان رێکخراوێکی ناحکومیان دامەزراندوەو – تەنانەت ھی وای تێدایە دوو برا لەیەک بنەماڵەدا دوو رێکخراوی بانگخوازی جیایان دروست کردوە- داوای یەکڕیزی نێوماڵی ئیسلامیەکان دەکەن، لە کاتێکدا دەتوانرا خۆیان ورێکخراوەکانیان ببن بە بەشێکی کاریگەری لەو حزبە ئیسلامیانە وکەلێنێکی گەورەیان پڕبکردباوەو ئەوانیش نەبوبان بە پەرتکەری نێوماڵی ئیسلامیەکان.
دووەم: ئەو رێکخراوە بانگخوازیە ئیسلامیانە خۆیان دوورە پەرێزگرتووە لەھەر ھەڵوێستێک دژی ئەو ھەموو زوڵم وستەمکاری دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان بەبەھانای گوایە: ئێمە کاری بانگەواز دەکەین وناچینە ناو کاری سیاسی. بەڵام ئەو جۆرە پاساوە لاوازانە جۆرێکە لە ھەڵبژاردنی ژیانێکی ئارامی دوور لە کێشەو ئەزیەت بەناوی بانگەوازی ئیسلامیی، بەجۆرێک تەنانەت حزبەکانی دەسەڵاتیش حەز لەو جۆرە بانگەوازە “بێ کێشانە” دەکەن ولەخانەی “زیانی بۆ پەزەکە نیە” ھەژماری دەکەن.
لەکۆتاییدا دەڵێم:
– ئایا خودی ئیسلام بزوتنەویەکی کۆمەڵایەتی وپەروەدەیی و سیاسی نیە؟ ئەی چۆن تەنھا لایەنێکی ئیسلام دەگرن وبانگەوازی بۆ دەکەن ولایەنێکی تری فەرامۆش دەکەن؟ ئەی چی لە فەرمایشتی :”من رڕی منکم منکرا، فلیغیرە بیدە، فإن لم …” دەکەن؟
– ئایا یەک لیستی ئیسلامیەکان پڕۆژەیەکی سیاسی نیە؟ ئەی لیستی ئیسلامیی لە پەرلەمان حکومەتێکی سیاسیی یان ئۆپۆزسیۆنێکی سیاسیی پێکناھێنێ؟ کەواتە چۆن کەسان ورێکخراوی نا سیاسیی سەرپەرشتی پڕۆژەی بەرەیەکی سیاسیی دەکەن؟
ھەر بۆیە پێویستە ئەو بانگخواز ورێکخراوە ئیسلامیانە دەست بکەن بە تێکەڵ کردنەوەی ماڵی خۆیان لەگەڵ ماڵە گەورەکەی حزبە ئیسلامیەکانیان ودواتر باسی کۆکردنەوەی نێوماڵی ئیسلامیەکان بکەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.