هەڵبژاردن کراو ، گۆمەکەی ڵێڵ تر کرد

لەلایەن ستاندار Posted on 327 جار بینراوە

مەهدی کاوانی

 

هەر تەنیا تەزویر گۆمەکەی ڵێڵ نەکردووە بەلکو بە دوایەوە دوو ئەوەندەی تر بێبڕوایی لە لای خەلک دروست دەبی . شاسوار بزنسمان بوو و کە هاتە ناو پڕۆسەی سیاسی ، زیاتر لە ۹ هەزار پشک داوای وەرگرتنەوە یان قازانج لە پشکەکانیان دەکردو زۆربەشیان سکاڵای یاساییان تۆمار کردبوو . گوێنەدانە سکالاکان ، خۆی لە خۆیدا گومان هەڵدەگرێ بەوەی ئەگەر شاسوار ڕاست بکا دژیی دەسەڵاتە ، ئەدی بۆچ دەسەلات لە سکالاکان ناپێچیتەوە . سیم و جیم دەناویدا هەیە نیە ئەوەیان نازانم بەس ئەگەر هەشبێت ، ئەو بزنسمانە توانی بەشێک لە دەنگدەر بەلاڕێ ببات و کاریگەریشی هەبێت لە نەچوونی دەنگدەران بە ژمارەیەکی زۆرەوە بۆ ناو سندوقی دەنگ دان . شکیشم هەیە لەوەی کە ئەو تەزویرەی دوو پارتی دەسەڵات کردوویەتی کە بەشێکی دەنگەکانی گۆڕان و لایەنەکانی تر بۆ شاسواریان نەبردبێ .

گەلەکۆمەکێ ٦ حیزبەکەش کە شاسواری تێدا نیە ، شاسوار دوو هەندەی تر ڕاگەیاندنی خۆی لە دژی دوو پارتی دەسەڵات ، دەر ببڕێ ، پولەک ناهێنێ . بەڵام لێرەش بۆ جەماوەر چەندی دەخوا ، نایخوا ، ئەوا زەمەن بۆمان بەجێ دێڵی .یەکگرتوو تا نەیهێنا تەبەق ، نەی گۆت سەدەق . چانسە زۆرەکەی ئەو حیزببە لە بادینان بوو ، لێرەش بە تەزویر بيت یان فرتو فێڵی تر ،کورسیەکانی ئەوانیشیان بۆ خۆیان گڵداوەتەوە . یانی رەفاقەتی پێشتری پارتی و یەکگرتووی بادینان نەی خواردو سەدەقەکەشیان ئەوەیە کە ئەوا دەگەڕێنەوە ناو بەرەی ئۆپزسیۆن . بە بڕوای خۆم هەر تەنیا تەزویرو ڕێژەی بە فراوانی بەشدار نەبوون نیە کە کاری کردۆتە کەم بوونەوەی دەنگەکانی ئۆپزسیۆن بەلکو نەهاتنەوەی زیاتر لە نیوەی کارتی بایۆمەتریش هۆکار بووە لەو کەم بەشداری کردنە . راستە بە کارتە کۆنەکە دەتوانرا دەنگ بدەی بەڵام لێرەش ئەو دەنگدانە پێی ، شمولی نەبووە . با ئەوەش لە بیر خۆمان نەبەینەوە کە بەرەی دژی دەسەلاتیش هەر یەکەیان و بە ئاوازێک دەی خوێند .

واتە بێ پلان بوون .ئەوانە هەر هەمووی بەڵایەک ، ئەدی پاش هەڵبژاردن و پێک هێنانی حکومەت . لە لایەکەوە ئۆپۆزسیۆن بەو کەمە کورسیەیان ، کارتێکردنی ئەو تۆیان نابێ لە ئەجندای حکومەتی نوێ لە بەغداو کارەکە بۆ جووت حیزبەکە دەهێڵرێتەوە کە ئەوانیش لە ناو خۆیان دژ بە یەکن . خۆ ئەگەر ئەو ٦ حیزبەش بایەکۆتی پەڕلەمانی عیراق بکەن و بە دوایەو لە سەر ساحەی عیراقی و عەرەبی و بگرە ئەقلیمی و جیهانیش دەنگی کورد لە کزبوونێکەوە بۆ کزبوونێکی تر دەڕوا. ئەدی باری ئابووری و بێمووچەیی و گوشارەکانی بەغدا کە دەبێ نەوتی کوردی تەسلیم بە سۆمۆ بکرێ کە لێت موحەقەق بێت کێشەی ناوخۆیی و ئەقلیمی زۆری لێ دەکەوێتەوە . بە غدا نەیشاردۆتەوە و دەڵێ نەوتم تەسلیم بکەن بوودجە حازرە و دەشڵێ ئێمە پابەند نین بە دانەوەی پارەی کۆمپانیاو قەرزەکانی تر . گریمان حکومەتی هەرێم نەوتی کوردی ڕادەست بەغدا کردو بەغداش بەشە مووچەی هەرێمی دا و گۆتیشی هەقم بە سەر پارەی کۆمپانیاو قەرزەکانی تری هەرێم نیە . بە بڕوای خۆم هەر واش دەبیت چونکە ڕاگەیاندنەکانی هەرێم هەر هەمووی گوزارشت لەوە دەکات کە نەوتی هەرێم ڕادەستی بەغدا دەکرزێت و ئەمەریکیەکانیش هەروا دەڵێن . پرسیارەکە لێرەوە خۆی قیت دەکاتەوە ئاخۆ هەرێم ئەو پارەیە دەدا بە مووچەی وەک بەغداو دامەزراوە ئابووری و خزمەتگوزاریەکانیش پێ دەبووژێنێتەوە یانەکینی دەی کات بە دوو بەش ، بەشێکیان بۆ مووچەو خزمەت گوزاریەکان و بەشەکەی تریش بۆ قەرزی کۆمپانیەکان . حالەتی یەکەم بیت کۆمپانیا بیانیەکان بە تایبەتی هی تورکەکان ، هەرا دەنێنەوەو حالەتی دووەمیش مانەوەی سیستەمی چارەگە مووچەیە ئەگەر بۆ هەتا هەتایش نەبی ، ماوەیەکی زۆر دەخایەنێ .

جاران دوو پارتی سیاسی دەیان گۆت بە تایبەتی پارتی کە نەبوونی یەکڕیزی سیاسی ئەو ناڕێکیەی ئێستای دروست کردووە ، خۆ ناتوانن بۆ لەمەو دوا هەمان دەهۆڵ بکوتن چونکە بەو تەزویرو هۆکاری تریش ئۆپزسیۆن لە بڕیاری سیاسی بە تەواوەتی پاڵنرا . دەنگدەری کوردیش ناتوانێ وەک جاران بڵێ هەر تەنیا خەتای دەسەڵات نیە بەلکو گۆڕان و تەواوی ئۆپۆزسیۆنیش هیچی پێ نەکرا . , ئەوەی دەمێنێتەوە وەچەرخانی نوێ و کارتێکردنەکانیتی . ئایا شەقام بە تەواوەتی دەچیتە بن باڵی ئۆپۆزسیۆن و بڵێت عسی علی ما سلف و ٦ حیزبەکەش هەمدیسان بڵێن عسی علی ما سلف با هەمووانمان بەشەقامیشەوە یەک بگرین و توناکانمان یەک خەین . ئەگەر ئەو حالەتە دروست بوو گۆمەکە دەتوانێ هێدی هێدی ڵێڵیەکەی خۆی روونکاتەوە .عامیلی خارجیش لە سەر پێیە بە هەردوو دیوی ئاخۆ پشگوێمان دەخەن یان ئاورمان لێ دەدەنەوە . حکومەتی ناوەندیش لە ناو خۆیان ئەوەندە ڕێک نینە کە ئەمە بڵێین دەرگاکانمان بە تەواوەتی بەسەردا داخەن . و با چاوەڕوان بین ٠

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.