هەدەپە و کوردبوون و ھەندێک شتی تر

لەلایەن ستاندار Posted on 335 جار بینراوە

مەریوان وریا قانع

ئەوەی لە دۆخی سیاسیی کوردانی باکور بڕوانێت پێویستە دڵخۆش بێت بەو ئەزموونە ئازادیخواز و زیندووە کە وزە و توانای ڕێکخستن و چالاککردنی بەشێکی گرنگیی کۆمەڵگایەکی تەواو چەوساوە و ھەژار و پەراوێزخراوی سیستماتیکیی، ھەیە. بە تایبەتی لە ھەلومەرجێکی تەواو نەخواستراوی پڕفشار و دەستدرێژیی و پەلاماردانی ڕۆژانەی ھەمەلایەن، ھەلومەرجێک پڕ لە گرتن و بێماف و بێڕێزیکردنێکی پلانبۆدانراوی بەرفراوان. لە باکوردا میلەتێکی زیندوو ئامادەیە کە ھێشتا خەریکی تەکاندنی تەپۆتۆزی سەدەیەک تواندنەوە و بە تورککردنێکی قووڵ و ھەمەلایەنە، ھێزگەلێکی زیندووش ھەیە کە لەم ساتەدا ھەزاران چالاکەوان و ھەواداریان لەناو زیندانەکانی ئەردۆگاندایە و بەسەدەھا شێوازیش فشاریی ڕۆژانەی بەردەوام و ھەمەجۆریان لەسەرە. ئەوەی لە باکوردا ئامادەیە ئەو فۆرمانەیە لە زیندووبوون کە دەشێت ئومێد و چاوەڕوانی پۆزەتیڤیان لەسەر بنیادبنرێت. ئەوەی لەوێیە وزەیەکی گەورە و سەرسوڕھێنەری ئیشکردن و نەبەزینە کە دەتوانێت سەرچاوەی دەرسێکی ئەخلاقیی و سیاسیی گرنگ بێت بۆ ھەموو ئەو کەس و ھێز و لایەنانە ی کە نووقمی ناو باوێشک و خەواڵوبوونی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ھەمەجۆرن.

لەناو کوردانی باشوردا گوتارێکی بێمانا و ترسناک ئامادەیە کە جگە لەوەی سادەبوونێکی کوشندە ئاراستەی دەکات و پێیوایە کوردبوون دیاردەیەکە پێویستە بەزەوقی ئەوان بجوڵێتەوە و یەک شێوە و یەک مانا و یەک دەرکەوتی ھەبێت و ھەموو ئەمانەش لەگەڵ چاوەڕوانییەکانی ئەواندا تەبابێت، ھاوکات گوتارێکی تەواو تاریک و نائومێدکەریشە کە ئەرکی ژمارە یەکی شاردنەوەی تواناکەنای ئینسانی ئێمە و ئیھانەپێکردن و سڕینەوەیەکی ھەمەلایەنی ڕەھەندە سیاسییەکانی ناو کەسایەتی ئەو ئینسانەیە. نیشاندانیشی وەک بوونەوەرێکی بێکردە و بێتوانا و نەزان و ناچالاک، وەک کەسێکی جاھیل کە ھیچ شتێکی ماناداری لەناو مێژو و ژیانی خۆیدا ئەنجامنەداوە. وەک کیسە و نایلۆنێکی بەتاڵ بەناو دونیادا تێپەڕیوە و تێدەپەڕێت. لەسەرێکی دیکەوە ئەم گوتارە ڕۆحیەتێکی نارسیستیی و خۆپەرستانەی سەرسوڕھێنەر ئاراستەی دەکات کە زمان و دەستەواژەی سەرەکیی بۆ قسەکردن لەسەر ئەم کۆمەڵگایە بریتییە لە بە گەمژە ناساندن و بە ھیچ تەمەشاکردن و بە بێنرخنیشاندانی کردە مێژوویی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی. لەمەش خراپتر نمایشکردنی ئەم کۆمەڵگایە وەک کارخانەیەکی گەورە بۆ بەرھەمھێنانی حەیوانات، کۆمەڵگایەک ئەرکێکی مێژوویی تری نییە جگە لە بەحەیوانکردنی مرۆڤەکانی و ئەم بەحەیوانکردنەشی لێبسێنەرەوە ھیچ کردەیەکی تری بۆ نامێنێتەوە.

بەبۆچوونی من ئەوەی ھەدەپە لەناو ھەلومەرجی سەختی تورکیای ئەمڕۆ و خەونی سوڵتانیانەی ئەردۆگاندا بەدەستیھێناوە، دەسکەوتێکی گرنگ و گەورەیە. ھێما بۆ ئەو فۆرمە کراوە و زیندوو و چالاکەی کوردبوون دەکات کە بە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی گەورەوە لەم قۆناغەدا ئامادەیە. ھەدەپە یەکێکە لە ھێزە زیندووەکانی ناو ئەو ھەلومەرجە پڕ ستەمگەریەی ئەردۆگانیزم دروستیکردوە. ھەدەپە نیشانیدایەوە کە ھێزێکی زیندووە و وزەیەکی گەورەیە کە بە ئاسانی لەناوناچێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.