رێکخراوی ستۆپ گەندەڵیەکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلە حکومیەکان ئاشکرا دەکات

لەلایەن ستاندار Posted on 310 جار بینراوە

ستاندەر

رێکخراوی ستۆپ بۆ دژە گەندەڵی لە یاداشتێک ڕایدەگەیەنێت بەھۆی گەندەڵیەکی حکومەت لە پرۆسەی قرۆشتنی ئۆتۆمبیڵەکانی دەیان ھەزار دۆلار بەھەدەردەرێت.
لەیاداشتەکە کە ئاراستەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی و دەستەی دەسپاکی و دیوانی چاودێری دارایی کراوە رێکخراوی ستۆپ رایگەیاندوە “بەگوێرەی بەدواداچونی ئێمە ئەو خەمڵاندنەی بۆ نرخی ئەو ئۆتۆمبیلانە کراوە زۆر لە خوار نرخی بازاڕە و لە ھەندێ حاڵەت بە کەمتر ٥٠% نرخی ئۆتۆمبیلەکان لە بازاڕ خەمڵاندنیان بۆ کراوە. کە ئەوەش پێچەوانەی یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک و ماڵی دەوڵەت ژمارە(٣٢)ی ساڵی ١٩٨٦ کە داوادەکات موڵکە گواستراوە و نەگواستراوەکانی حکومەت لە زیادکردنی ئاشکرا پێویستە بفرۆشرێن تەنھا لە حاڵەتێک نەبێ کە سەرۆک کۆمار بڕیاربدات کە موڵک و ماڵی دەوڵەت بەبێ زیادکردنی ئاشکرا بفرۆشرێت”

راشیگەیاندوە ” پێویستە ئەو کەسانەی ئۆتۆمبیلەکان دەکڕن بە شێوەی کاش پارەکە بدەن و بەزیادکردنی ئاشکرا، چونکە حکومەتی ھەرێم مەبەستی لەو بڕیارە دەستکەوتنی پارەیە بەڵام فرۆشتنی بە قیستی درێژخایەن کە زیاتر لە ١٠ ساڵ دەخەیەنێت ھیچ سودێکی ئەوتۆ لەو پارەیە نابینرێت، دووریش نیە لەداھاتوو ببەخشرێن لە دانەوەی پارەکە،”

دەقی ڕاگەیەنراوەکەی رێکخراوی ستۆپ بۆ دژە گەندەڵی بخوێنەوە

بۆ/ سەرۆکایەتی داواکاری گشتی
بۆ/ دەستەی دەسپاکی لەھەرێم
بۆ/ دیوانی چاودێری دارایی
بابەت / داواکاری
بەرێزان ھەر وەک دەزانن لە بەرواری ٢٥ / ٤ / ٢٠١٨ ئەنجومەنی وەزیران لەسەر پێشنیاری وەزارەتی ناوخۆ ئەنجومەنی وەزیران رێنمایی ژمارە (٢) ساڵی ٢٠١٨ی پەسەند کرد تایبەت بە فرۆشتنی ئۆتۆمبیلەکانی حکومی و بە ئەلیکترۆنی کردنی خەرجکردنی سوتەمەنی، ئەگەرچی ئێمە ئەو ھەنگاوە لە بنەڕەتدا بە ھەوڵێکی ئیجابی دەبینین بۆ رێکخستنەوەی ئەو بوارە و کەمکردنەوە و پێداچونەوە بەخەرحیەکانی ئەو بوارە، بەڵام لە ھەمان کاتدا جێبەجێکردنی ئەو رێنماییە بەو شێوەیەی کە ئێستا ھەیە بەشێکە لەپرۆسەی بەھەداردانی ماڵی گشتی، ئەویش بە پشت بەستن بە یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک و ماڵی دەوڵەت ژمارە(٣٢)ی ساڵی ١٩٨٦.

لە مادەی دووەم بڕگەی یەکەمی رێنماییەکە ھاتوە کە ئۆتۆمبیڵە حکومیە لەکارکەوتووەکان لە گشت فەرمانگە حکومیەکان دەنێردرێن بۆ بنکەی کۆکردنەوە لە وەزارەتی دارایی و ئابوری بۆ فرۆشتنیان لە رێگای زیادکردنی ئاشکرا بەگوێرەی یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک و ماڵی دەوڵەت ژمارە(٣٢)ی ساڵی ١٩٨٦.
بەڵام لە برگەی دووەم کە تایبەتە بەو ئۆتۆمبیلانەی کە لە کارنەکەوتون ھاتوە دەفرۆشرێتە ئەو فەرمانبەرانەی کە ئۆتۆمبیلەکانیان لە ئەستۆ دایە. بەگوێرەی رێنماییەکە ئەو ئۆتۆمبێلانە بەبێ خستنە زیادکردنی ئاشکرا دەفرۆشرێن و بە قستی درێژخایەن، ئێمە پێمان وایە ئەو بڕگەیە بەھەدەردانی سامانی گشتیە و، بەگوێرەی بەدواداچونی ئێمە ئەو خەمڵاندنەی بۆ نرخی ئەو ئۆتۆمبیلانە کراوە زۆر لە خوار نرخی بازاڕە و لە ھەندێ حاڵەت بە کەمتر ٥٠% نرخی ئۆتۆمبیلەکان لە بازاڕ خەمڵاندنیان بۆ کراوە. کە ئەوەش پێچەوانەی یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک و ماڵی دەوڵەت ژمارە(٣٢)ی ساڵی ١٩٨٦ کە داوادەکات موڵکە گواستراوە و نەگواستراوەکانی حکومەت لە زیادکردنی ئاشکرا پێویستە بفرۆشرێن تەنھا لە حاڵەتێک نەبێ کە سەرۆک کۆمار بڕیاربدات کە موڵک و ماڵی دەوڵەت بەبێ زیادکردنی ئاشکرا بفرۆشرێت بەگوێرەی مادەی (٣٥) یاساکە, ئەویش چەند مارجێکی دانەوە گرنگترینیان ئەوەیە کە حکومەت لە قەیران بێت بیەوێت پارەی خێرا دەستبخات ئەو بریارە دەدرێت بەڵام لەو رێنماییەی حکومەتی ھەرێم شوێنی نابێتەوە چونکە بە قیستی درێژخایەن ئۆتۆمبیلەکان دەفرۆشرێت، لەوەش مەترسیدار تر ئەوەیە لێژنەی سەرپەرشتیاری فرۆشتنی ئۆتۆمبیلەکان لە وەزارەتی ناوخۆ جارێکی تر داوای پێداچونەوەی کردوە بە نرخەکان ھێنانە خوارەوەی زیاتری نرخی خەمڵێنراو کە ئەوەش بەھەدەردانی موڵک و ماڵی گشتیە.
ژمارەی ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە بەو رێنماییەی ئێستا دەفرۆشرێت نزیکەی سێ ھەزار ئۆتۆمبێلە، بەڵام بەگوێرەی زانیاری ئێمە ئەو کەسانەی کە پلە تایبەتن نایان گرێتەوە و، ئێستا داوایان کردوە ئەوانیش بگرێتەوە و حکومەت سەرقاڵی دیراسە و دەستکاری کردنی خاڵی (٣) مادەی (٢) ی رێنماییەکەیە بۆ ئەوەی ئەوانیش بگرێتەوە، ئەوەش وادەکا ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانە چەند بەرامبەر زیاد ببێ.
پێویستە ئەو کەسانەی ئۆتۆمبیلەکان دەکڕن بە شێوەی کاش پارەکە بدەن و بەزیادکردنی ئاشکرا، چونکە حکومەتی ھەرێم مەبەستی لەو بڕیارە دەستکەوتنی پارەیە بەڵام فرۆشتنی بە قیستی درێژخایەن کە زیاتر لە ١٠ ساڵ دەخەیەنێت ھیچ سودێکی ئەوتۆ لەو پارەیە نابینرێت، دووریش نیە لەداھاتوو ببەخشرێن لە دانەوەی پارەکە، بەڵام ئەگەر بەشێوەی کاش بفرۆشرێن دەکرێت راستەوخۆ بخرێنە خزمەت پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ھاوڵاتیان کە بەھۆی قەیرانی دارایی زۆرینەی پرۆژە خزمەتگوزاریەکان لەچەند ساڵی رابردوو وەستاون.
بۆیە داوا لە بەرێزتان دەکەین کە دامەزراوەی چاودێری و پاراستنی موڵک و ماڵی دەوڵەتن رۆڵی خۆتان بگێڕن بۆ رێگری کردن لەو بەھەدەردانە
رێکخراوی ستۆپ بۆ دژە گەندەڵی
١ی ئابى ٢٠١٨
ھەولێر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.