بزووتنەوەی گۆڕان و دۆخی چارەسەر

لەلایەن ستاندار Posted on 312 جار بینراوە

ڕزگار عه‌لی

بەهۆی ئەو ئەو باردۆخە کۆمەڵایەتیەوە هەیە، جۆرە هاوڵاتییک دێتە بوون جگە لە تایبەتمەندی خێڵەکی و دووبەرەکی و ئاغاو کۆیلایەتی وهەژموونەوە هیچی دیکەی لێ بەرهەم نایەت، کێشە گەورەکە ئەوەیە ئەم تایبەتمەندیی و سەخیف و خێڵەکییە دەچێتە ناو هەر ڕێخراوێک، حزب و گروپاتیشەوە کە بتەوێت بونیادی بنێیت، بەمەش ئەم گروپاتە نوێیانە له جیاتی ئەوەی نوێگەر و جۆرە فۆڕمێک بێت کە بەهای ئەخلاقی وئازادی تێیدا زاڵ بێت، خۆی ئیزافەیەک دەبێت لەسەر بەڵاو نیسیبەتەکانی دیکەش کە هەیە.
بزوووتنەوەی گۆڕان شێوازێکی نوێی حوکمڕانیکردن بوو، فۆڕمێکی مەدەنی و ئۆپۆزسیونی بوو، ئەم فۆڕمە پڕبوو لەم تایبەتمەندییە خێڵەکییانە کە لە کۆمەڵگەی کوردییەوە بۆی هاتبوو، بەڵام چونکە نەوشیروان مستەفا هەبوو، ئەم تایبەتمەندیانە نەیدەتوانی زاڵ بێت بەسەر بزووتنەوەکە، بەڵام دەبێت دانیشی پێدا بنێین نەوشیروان مستەفا نەیتوانی ئەم تایبەتمەندییە خێڵەکییانە لەناو بزووتنەوەکە بکوژێ، چونکە دەترسا لە ئەگەری کوشتنی، بارودۆخی خێڵەکی و هەژموون و ململانێ زاڵ بێت بەسەر بزووتنەوەکە، واتە ئەگەری (کوشتنی و نەکوشتنی) هەر یەک دەرئەنجامی ترسناکی دەدایە دەستەوە، هەر ئەمەش بوو تا له ژیان بوو نەیتوانی خانەی ڕاپەڕاندن هەڵبژێرێت، نەیتوانی بارودۆخی ناو بزووتنەوەکە بەرەو موئسسات ببات،
له جیاتی ئەوە نەوشیروان مستەفا چی کرد؟
نەوشیروان مستەفا هیچ کاتێک بەهایەکی یاسایی و ماف و ئەرکداری بە دەوروبەرو هاوڕێکانی و گەنجەکانی زاڵ نەکرد، هیچ کات لێپرسینەوەی لێ نەدەکردن، بەڵکو بە ویژدانێکی زیندوو، ئەخلاقی مامەڵەی لەگەڵ دەکردن، دەیویست ئەوانیش شعورێکی ئەخلاقیان لا دروست بێت و گەر کارێکی خراپیان کرد خۆیان خۆیان دادگایی بکەن، نەک حەیاو ناموسیان ببات.
بەڵام ئەو مرد و هەمووان زنجیری پانتۆڵەکانیان کردۆتەوە.

ئێستا بزووتنەوەکە لەناو بارودۆخێکی نالەباردایە، هەموو تایبەتمەندییەکان بەچەند قات زیندوو کراوەتەوە، کەس دادگایی خۆی ناکات، ئەمەش هەم بەهۆی ئەو خانەیەوە کە جگە لە ( هیچ)ْ هیچی دیکەیان پێ نییە، ئەسڵەن هەر ماڵی ئەوەیە حزبیکی نوێیان بۆ دامەزرێنی و پێنج کورسی پەرلەمانیان بدەیتێ، هەر بای ئەونە سیاسەت دەزانن و دەکەن، ئەسڵەن چل کورسیان بدەیتێ ئەبێتە بەڵا بەسەریاندا، نازانن چی لێ بکەن، بەڵام لەدەرەوەی خانە، کەرستەی باش هەیە بای سەد کورسی دەتوانن سیاسەت بکەن، بەڵام چونکە ئەوانیش بەهۆی ئەم تایبەتمەندییانەی لەناویاندایە، لە جیاتی ئەوەی ببنە چارەسەر بوونەتە بەڵایەکی دیکە له پاڵ خانەکەوە بەسەر بزووتنەوەکە.
ئەی چی بکەین؟

تاکە شت ئەوەیە سێ تایبەتمەندی لەناو خۆمان بکوژین.

یەک / کاردانەوە: کە ئەکرێت ئێمە تۆزێک لە دەرەوەی دیمەنەکە سەیری بزووتنەوەکە بکەین، ئەکرێت من و تۆ، یەک فیکر بین، یەک فیکرین له گۆڕینی خانە، یەک فیکرین لە دونیایەک شتدا، بەڵام کار و کاردانەوەی پێشتری ڕووداوێک وای لێ کردووین دووربکەوینەوە. وای لێکردووین له جیاتی ئەوەی بەرنامەکە بەیەکەوە عەرز بکەین، بووینەتە بەڵایەکی دیکە.
دوو/ ڕق: خاڵی یەکەم خاڵی دووەمی دروستکردووە، ئەوەند ڕقمان تێدایە، ئامادەین لەگەڵ پارتی و یەکێتی دابنیشین بۆ تۆڵەکردنەوە لە هاوڕێکانمان، وەلێ نازانیت کاتێک ئەوەت کرد، تۆ بەرنامەکە، بزووتنەوەکە دەکوژی، کاتێکیش ئەوت کوشت، خۆت دەکوژێ، بەڵێ هەی ئەحمەقینە ڕق لە خۆتاندا بکوژن، چونکە تۆڵەکردنەوەی ڕق هەر خۆکوشتنە، نەک هیچی دیکە.
۳. هەژموون/ بەشێکی کارەساتی ناو حزبی کوردی حەزی تەکەبور ودەسەڵاتخوازی و هەژموونە، ئەمە دەکرێت بۆ پارتی و یەکێتی گونجاو بێت، بەڵام ناکرێت بۆ گۆڕان، چونکە ئەسڵی گۆڕان بنەماکەی لێدانە لەم فیکرانە، هەڵگری ئەخلاقخوازییە، نەک هەژموون، ئەگەر دەزانی هاوڕێکەت دۆخی بزووتنەوەکە باشتر دەبات گەر ڕقیشت لێ ی بێت، بەڵام لەگەڵی بە.
بە کورتی ئەسڵی ئیشکردن و چارەسەر ئەوەیە لە دەرەوەی خانە هەمووان لەناو یەک بابەت، کە بەدیلی خانەوە سەرۆکایەتییە کۆببنەوە، یان ئەسڵ ئەوەیە بەمۆڕاڵێکی بەرزەوە هەمووان کۆبکرێتەوە، نەک دەیان تەوژمی ( کارو کاردانەوە، ڕق، هەژموون)ْ لەناو دەیان جەماعەتی جیاواز جیاواز دروست بێت.
واتە تاکە شەڕ و چارەسەر ئەوەیە هەمووان جا بە گروپی جیاواز بێت یان تاک و دەستەجمعی شەڕ بکەن، شەڕی باشبوون، شەڕی چارەسەر و ڕزگاری سەرۆکایەتی، وەلێ نابێت شەڕی خۆیان بکەن بۆ سەرۆکایەتی، بەڵکو هەمووان شەڕی ئەوە بکەن خۆیان باش نین بۆ سەرۆکایەتی، کاتێک شەڕی سەرۆکایەتیت نەکرد، ئەوکات کاریزمە و سەرۆکیت.

ئەمە ئەخلاقی بەرزی نەوشیروانە، ئیشکردن بەم جۆرە مۆڕاڵە خودی چارەسەر و ڕزگاری دەبێتە حەتمی، بەڵام ئیشکردن بەوەی تۆ زاڵبیت بەسەر ئەوانی دیکەدا، جگە ماڵوێرانی هیچی دیکە ناداتە دەست.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.