یاسین تەها
ئێواره‌ی پێش عه‌ره‌فه پارتى و یەکێتى و لیستە سوننەکان “المحور الوطني”، بەئەنقەست نه‌چوون به‌ده‌م بانگه‌وازی درەوستكردنی گەورەترین لیست لەناو پەرلەمانى عێراق به سه‌رۆكایه‌تی سه‌در، عه‌بادی، حه‌كیم، عه‌لاوی له ئوتێل بابل. ئه‌وانیش بەناچارى لەبرى “گەورەترین لیست” بنەماو ناوکى پرۆژه‌یه‌كیان راگەیاند بەهیواى ئەوەى لەم رۆژانەدا بیگەیەننە کۆتایی.
هەندێ زانیاری باس له‌وه ده‌كه‌ن، برێت مەکگۆرک گوشاری زۆری كردوه‌و فڕۆکەیەکى تایبەتى دابین کردبوو بۆ سەرکردە سوننەکان كه میوانی بارزانی بوون تا بچنەوە بەغداو لەو راگەیەنراوەدا بەشداربن، بەڵام به قسه‌ی سه‌رچاوه شیعییه‌كان ڤیتۆى رەوتى حیکمە لەسەر بەشداریکردنى خەمیس خەنجەر، پاڵى ناوە بەسوننەکانەوە کە ریزەکانى خۆیان پەرت نەکەن و پێکەوە هەموو بایکۆتى كۆبوونه‌وه‌كه بكه‌ن. هه‌ندێ سهرچاوهیتر باسی كاریگەریی قەتەر ده‌كه‌ن له پەشیمان کردنەوەى سوننەکان، ئه‌مه‌ش رێگه‌ی تێدهجێت چونكه زۆربەى لایەنە سوننەکان بەتایبەت ئەوانەى لەچوارچێوەى میحوەرى نیشتمانیدا کۆبوونەتەوە بەجۆرێک لەجۆرەکان لەسەر بەرەى قەتەر _ تورکیا ئەژمارن بەتایبەت ئوسامە نوجێفى و سەلیم جبورى، هەرچى خەمیس خەنجەریشە بزنس و بنکەى سەرەکى چالاکییەکانى لەشارى ئەستەنبوڵە.
سەبارەت بەپارتى و یەکێتى ئەلحەیاتی چاپی له‌نده‌ن ئەوەى خستۆتەڕوو کە لەژێر کاریگەریی قاسم سولێمانیدا ناچن به‌ده‌م به‌ره‌كه‌ی سه‌در و عه‌بادییه‌وه كه نه‌وه‌ی نوێ نزیكه لێوه‌ی، بەتایبەت پاش ئەوەى سلێمانی له‌م رۆژانه‌دا لەنەجەفەوە ڕوویکردۆتە هەولێرو لەوێ سه‌رقاڵی دیدار‌و چالاكییه.
هه‌رچه‌نده چاران یه‌كێتی تۆمه‌تبار بوو به شوێنکەوتنى پلانه‌كانی سوپاى پاسدارانى ئێران، بەڵام لەپاش ڕیفراندۆمى ٢٥ ئەیلولى پار، جۆرێك له یاریكردن به ئه‌عساب لای پارتییه‌وه هه‌یه به پرۆژه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، له رێگای كردنه‌وه‌ی ده‌رگاكان به ڕووی ئێران‌دا، ته‌نانه‌ت زانیارییه رۆژنامه‌وانییه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن خودى بارزانى خۆى تەدەخولى کردووە بۆ رێگەدان بەنیشتنەوەى فڕۆکەى قاسم سلێمانى لەهەولێر، پاش ئەوەى دەسەڵاتى فڕۆکەوانى عێراقى بەفەرمانى عەبادى مۆڵەتى پێنەداوە بەهۆى خراپى پەیوەندییەکانى نێوانیان له ئێستادا، بەتایبەت پاش ئەوەى هەندێ زانیاریى و راپۆرتى ئێرانى باسیان لەبوونى ڤیتۆى تاران کرد لەسەر مانەوەى عەبادى لەپۆستەکەیدا، چونکە بێ پێچ و پەنا ئامادەیی بۆ جێبەجێکردنى گەمارۆکانى دژ بەئیران دەربڕیوە.
ئه‌م نزیكبوونه‌وه‌ی پارتی و ئێران كه لهپرسهنامه شه‌خسییه‌كه‌ی بارزانییه‌وه بۆ سلێمانی ده‌ستی پێكرد و له ده‌ربڕینی بێهیواییدا له ئه‌مه‌ریكا به لافیته‌كانی ناو بازاڕی هه‌ولێر زیاتر ڕه‌نگی دایه‌وه و له سه‌ردانه تایبه‌ته‌كانی به‌رپرسانی ئێران بۆ ماڵ ئه‌دهه‌م بارزانی زیاتر قووڵ بوویه‌وه، هاوكاته له‌گه‌ڵ توڕه‌یی و بێزاری هه‌ردوولا له عه‌بادی. ئه‌گه‌ر ئێران له‌به‌ر گه‌مارۆ به عه‌بادی رازیی نه‌بێت ئه‌وه پارتی له‌به‌ر یه‌ك كۆمه‌ڵ هۆكار كه گرنگترینیان به‌كارهێنانی هاوكاری هه‌ولێر بوو بۆ گرتنه‌وه‌ی موسڵ له‌لایه‌ن ناوبراوهوهو دواتر یه‌كسانكردنی له‌گه‌ڵ تیرۆری داعش به‌هۆی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمه‌وه.
هەرچەندە پارتى ئەم ڤیتۆیەى خۆى لەسەر عەبادى ئاشکرا ناکات و هه‌میشه ده‌لێت ڤیتۆی له‌سه‌ر كه‌س نییه، بەڵام سەرکردەکانى ئەو حیزبە هیچ دەرفەتێک لەکیس نادەن بۆ دژایەتیکردنی ناواخن و وەستانەوە لەرووى هەوڵەکانى دووبارە دانانەوەى عه‌بادی بەسەرۆک وەزیران. لەبەر ئەوەى ناوبراویش پاڵپشتییەکى ئەمەریکى بێسنورى هەیە، گومانى زۆر هەیە وەک جاران هیچ لایه‌نێكی كوردی بتوانێت ڤیتۆی ئشكرای له‌سه‌ری هه‌بێت، وه‌ك چۆن له‌سه‌ر جه‌عفه‌ری و مالیكی دهكراو ئاكامیشی هه‌بوو.
بۆ ده‌رچوون له‌م كه‌ین و بهینه ئێرانی و ئهمهریكییهش بارزانی پێشنیازی كردوه بۆ سوننه‌كان كه پارتی و یه‌كێتی و ئه‌وان كه 100 كورسییان هه‌یه، چاوه‌رێی مشتومڕی ناو به‌ره‌ی شیعه بكه‌ن و له گه‌مه‌ی زۆركردنی ژماره‌ی هیچ لایه‌كیاندا به‌شدار نه‌بن، هه‌ركات ئه‌وان كه‌وتن به لایه‌كدا ئه‌وجا ئه‌مان مه‌رجی خۆیان ته‌رح بكه‌ن بۆ هاوبه‌شی، به‌ڵام ڕوون نییه سوننه‌كان و كورد تا كه‌ی ده‌توانن به‌رگه‌ی گوشاری ئه‌مه‌ریكییه‌كان بگرن، ئه‌مه جگه له مه‌ترسی ئینشیقاقی سوننی.