شکستی قۆناغی راگوزرەی دیموکراسی “ھەرێم لە کوێیە؟”

لەلایەن ستاندار Posted on 335 جار بینراوە

فەرمان ڕەشاد

فۆکۆیاما پێی وایە لە ھەر وڵاتێک بارودۆخ گەیشتە قۆناغی راگوزرەی دیموکراسی بەمانای ئەوەی لەناوچەی خۆڵەمێشی بن دەسەڵاتەکە نە دیکتاتۆری تەواو بێ و نە گەیشتبێتە دیموکراسی مۆدێرنیش مانای وانیە لە قۆناغی دواتر دەسەڵاتی دیموکراسی دێتە بەرھەم، بەپێچەوانەوە دەکرێ پرۆسەکە شکست بھێنێت و بەرەو دواوە بگەڕێتەوە، ئەو نمونەی وڵاتانی ئەوروپای رۆژھەڵات دەھێنێتەوە، لە دەسەڵاتی راگوزەری دیموکراسی ھەڵبژاردن و دامەزراوە جۆراوجۆرەکان و کۆمەڵی مەدەنی و میدیا بونی ھەیە بەڵام وەک پێویست کاریگەر و بەدەسەڵات نین.

ئێمە لە ھەرێمی کوردستان دەتوانین بڵێین بەو ئاراستەیە دەرۆین کە لەو نمونانە بین لە قۆناغی راگوزەری دیموکراسی شکست بھێنین، ھاوشێوەی ئەوەی ئێستا لە میسر ڕوودەدات، رێگری کردن لە سەرۆکی پەرلەمان لە ١٢ی ئۆکتۆبەر دەتوانین بڵێین یەکەم زەنگی ئەو پاشەکشە گەورەیە بو کە وای کرد خەڵک گۆڕانێکی گەورە بەسەر دنیابینی بێت لە متمانەبون بە گواستنەوەی دیموکراتی، دەکرێ بڵێن ئەوە یەکێک بو لە ھۆکارە سەرەکیەکانی بایکۆتێکی بەر فراوان لە ١٢ی ئایار.

لە کوردستان دەتوانین بڵێین ئێستا میدیای ئازاد لە ژیر گوشار و پاشەکشەیەکی گەورەیە، رێکخراوە راستەقینەکانی کۆمەڵی مەدەنی لەژێر گوشار و پاشەکشەن، نوخبەی رۆشنبیر بەشێکیان تەسلیمی دەسەڵات بونەتەوە و بەشێکیشی بەتەواوی دابڕوان و، ئەوانەی لە ساجەکە ماون و وەزیفەی راستەقینەی خۆیان جێبەجێ دەکەن زۆر کەمن بەرێژە، ئەو حیزبانەی باوەریان بەو گواستنەوە دیموکراسیە ھەیە لە پاشەکشەن، سەرکەوتووش نەبونە تاکو ئێستا لە ھێنانە پێشەوەی قۆناغی کاری ھاوبەشی بەرەیی و بەرگرتن لەو ھەرەشانەی کە لەسەر ئەو قۆناغەی ھەرێم ھەن. ئەوانەی سەرەوەش فاکتەری پشتیوانین بۆ ئەو گواستنەوەیە، لەبەرامبەردە دەسەڵاتی تەقلیدی لە بەھێزبونەوەیە.

بەپێچەوانەی پێشوتر ئێستا بە روونتر باس لەوە دەکا ھێزی چەکداری ھەیە لەکاتێکدا پێشتر پێیان شەرم بوو، بەشێک لەو خەڵکەی کە لەو گواستنەوەیە بێ ئومید بونە تەسلیمی ئەو دەسەڵاتە دەبنەوە لەکاتێک پێشتر بەشێک بون لە خەبات بۆ سەرخستنی گواستنەوەی دیموکراسی.

ھەموو ئەوانە پێمان دەڵێن کە ئێمە لە دوو ڕیانێکی مەترسیداری دارمانی گواستنەوەی دیموکراتی و بەردەوامی ئەو قۆناغەین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.