(دیمۆکراسی – پڵۆڕالیزم – ئاڵوگۆڕی دەسەڵات) زەرەرمەندی یەکەمی دواخستنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنن

لەلایەن ستاندار Posted on 350 جار بینراوە

عەبدولحەکیم زراری

بەداخەوە ئەوەی ھەڵبژاردن لە پێناویدا ھاتۆتە ئاراوە، کە بریتییە لە بەرقەرارکردنی ژیانێکی سیاسی تەندروست کە تیایدا ھاوڵاتیان ھەر چوار ساڵ جارێک لە رێی سندوقەکانی دەنگدان مومارەسەی مافە سیاسی و دەستوورییەکانی خۆیان دەکەن، و دەتوانن لە میانەیەوە بەشداری لە رێکخستنی کاروباری نێوخۆیی و نیشتیمانیدا بکەن، کەچی لەلایەن ئەو سیستم و عەقڵییەتەی کە ئەمڕۆ لە ھەرێم پەیڕەوی لێ دەکرێت کە ئیعتیبارێکی گەورە بۆ میزاجی کەسەکان و رێککەوتنە ژیربەژێرییەکان دادەنێت تا دەستوور و یاسا و پرەنسیپەکان، ئەم ھەڵبژاردنە لە ناوەڕکی خۆی بە تاڵ دەکاتەوە، جا یا ئەوەتە ئیفلیجی دەکا و پەکی دەخات یان بۆ مەرامی تر بەکاری دەھێنێ و ئاراستەی دەکات، کە ئەویش بریتییە لەوەی کە بە کۆمەڵگەی نێودەڵەتی بڵێن ئێمە مادام ھەڵبژاردن دەکەین کەواتە ولاتێکی دیموکراسین ئەمە لەلایەک لەلایەکی تر بۆ ئەوەی لە رێی ھەڵبژاردنەوە جارێکی تر حزبە دەسەڵاتدارەکان شەرعییەت بۆ خۆیان دابتاشنەوە و تەمەنی حوکمڕانیان لەم رووەوە درێژ بکەنەوە و ماوەی لە دەسەڵات بوون و قۆرخکردنی جومگە گرنگەکانی دەسەڵات درێژە پێ بدەن. بەمەش لە دەرەنجامدا سێ پایەی سەرەکی لە دونیای پێشکەوتن و شارستانییەتدا کە پێکھاتوون لە (دیمۆکراسی – پڵۆڕاڵیزم – ئاڵوگۆڕی دەسەڵات) لەو ژیانە سیاسییەی کە ئاماژەمان پێ کرد تووشی جۆرێک لە داڕمان دەبنەوە و ھەموو ئەو ئیدیعایانەشی بۆیان دەکرا ھەر تەنھا وەک بلقی سەر ئاو و دروشمی بێ ناوەڕک و پڕۆسەیەکی نا زیندوو و بێ جووڵە و جەوھەر دەمێننەوە.
جا ئەوەی پەیوەستە بە خودی دیمۆکراسییەت ھەموومان دەزانین کە ھەڵبژاردن یەکێکە لە بنەماکانی دیمۆکراسی و دیمۆکراسیش بەندە بە ھەڵبژاردنێکی ئازادەوە کە تاک تیایدا ئازادانە بەبێ ھیچ بەربەستێک بتوانێت چارەنووسی سیاسی خۆی دیاری بکات، ھەروەھا ئەو پرەنسیپەشی کە دیمۆکراسییەتی لەسەر فۆرمۆلە بووە کە بریتییە لەوەی گەل سەروەری و چارەنووسی خۆیەتی، ئەوە گەلە دەسەڵاتداران و فەرمانڕەواکانی خۆی ھەڵدەبژێرێت و چاودێریان دەکات و لە ھەمان کاتیشدا گەل دەسەڵاتی گۆڕین و لابردنی دەسەڵاتداران و فەرمانڕەواکانیشی ھەیە، بە دواخستنی ھەڵبژاردن و یاری کردن بە کاتی ھەڵبژاردن، ھیچ مانایەک بۆ ئەو پرانسیپانە ناھێلێتەوە و دۆخە سیاسییەکە لە حاڵەتی چەق بەستوو و دەق گرتووێکی مەترسیدار دەھێلێتەوە.
ئەوەی تایبەتیشە بە دونیای پڵۆڕالیزم و فرەیی دیسان دواخستنی ھەڵبژاردن و دەستی دەستی پێ کردنی، ئەو رەنگاو رەنگییەی ژیانی سیاسی و فرە دەنگییەی ھەیە، کاڵ دەکاتەوە و تەڵخ و ناشیرینی دەکا و دەیخاتەوە باری یەک رەنگی و یەک دەنگییەوە، تا وای لێدێت ھەموو لەیەک بچن و بەیەک ئاواز بخوێنن، بەمەش ئەو مافە لەو حزبانە دەستێنێتەوە کە لە دەرەوەی دەسەڵاتن و دەیانەوێت بگەن بە دەسەڵات یاخود پێگەیەکی بەھێزتریان ھەبێت لە جاران لە نێو جومگە گرنگەکانی حوکمڕانی وڵات و نزیکتر ببنەوە لەسەرچاوەکانی بڕیار. چونکە لە پرۆسەیەکی ئاوادا بوونی حۆیان دەتوانن بسەڵمێنن و قەبارە و قورسایی راستەقینەی خۆیانیان بۆ دەرکەوێ تا بەھۆیەوە بەشداربن لە رۆڵ بینین لە پرۆسەی حوکمڕانی وڵاتدا.
ئەوەشی کە گرێدراوە بە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات، کە گومانی تێدانییە گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات وا دەکات ژیانی سیاسی زیندوویەتییەکی بەردەوامی ھەبێت، چاڵاکتر و جۆش و خرۆشتربێت، تەندروستتر بێت و ململانێکان ئاستێکی چڕتر و باڵاتر بە خۆیانەوە ببینن لە میانەی مونافەسەی نێوان حزبەکان، کەچی بەداخەوە بە دواخستنی ھەڵبژاردن و درێژکردنەوەی تەمەنی دەزگاکانی حوکمڕانی، نیشاندانەوەی ھەمان دیمەنی سیاسی پێشووە بە ھاوڵاتیان و درێژەدانە بە بینینەوەی ھەمان ئەو دەم و چاوانەی کە پتر لە چوار ساڵە میللەت بە دیارییانەوەن و بێزاریان لێ کردوون.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.