تیرۆری یاسایی

لەلایەن ستاندار Posted on 449 جار بینراوە

د.كامه‌ران مه‌نتک

مه‌به‌ستم له‌ تیرۆری یاسایی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی دام و ده‌زگا یاساییه‌كان به‌كاربهینیت له‌ پێناو چاوترساندنی خه‌لك و سه‌ركوتكردنی رای گشتی، نمونه‌ی ئه‌و جۆره‌ تیرۆره‌ له‌ زۆرله‌ وڵاتانی جیهان، به‌تایبه‌تی ولاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌یه‌، بۆ نمونه‌ ئه‌و جۆره‌ تیرۆره‌ له‌ توركیا به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر فروان به‌كارده‌هێنریت، ده‌سه‌ڵاتی توركیا یاسا به‌كارده‌هێنێت بۆ سه‌ركوتكردنی ركابه‌ره‌كانی، به‌تایبه‌تیش كورد، رۆژانه‌ ده‌بینین له‌ میدیاكاندا چۆن تێكۆشه‌رانی كورد راپێچی دادگاكان ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان له‌ په‌نای یاسای تیرۆره‌وه‌ مافه‌ ده‌ستوریه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كان له‌ هاوڵاتیانی كورد ده‌سه‌ننه‌وه‌. له‌ ئێرانیش به‌ هه‌مان شێوه‌، رۆژانه‌ ده‌یان گه‌نجی كورد له‌ سیداره‌ ده‌درێت. له‌عێراقیش چ له‌سه‌رده‌می رژێمی به‌عس و چ له‌كاتی ئێستادا ئه‌م تیرۆره‌ به‌ شیوه‌یه‌كی به‌رفراون، وه‌ك ئاماژه‌م پێكرد له‌ په‌نای یاسای تیرۆردا پیاده‌ ده‌كرێت.

دیاره‌ له‌ هه‌ریمی كوردستانیش ده‌سه‌لاتی كوردی ئه‌م جۆره‌ تیرۆره‌ی به‌كارهیناوه‌ و سوودی لیپوه‌رگرتوه‌، بۆ نمونه‌ له‌ ساڵانی 2011-2012 پارتی دیموكراتی كوردستان دادگای به‌كارهێنا بۆ ئه‌وه‌ی رای ئازاد له‌ كوردستان سه‌ركوت بكات، یاخود نووسه‌ران چاوترسای بكات به‌ داواكردنی بڕی پاره‌ی خه‌یاڵی، وه‌ك قه‌ره‌بوو له‌و نوسه‌رانه‌ی شتیان به‌ پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئه‌و نووسیبوو، له‌كاتێكدا ده‌بوایه‌ دادگاكانی كوردستان‌ ئه‌و جۆره‌ داوایانه‌ ره‌تبكه‌نه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مه هه‌‌وڵێك بوو بۆ به‌كارهینانی دادگا بۆ مه‌به‌سته‌ حزبیه‌كان، له‌ ماده‌ی حه‌وتی یاسای مه‌ده‌نی عیراقی داهاتووه‌: به‌كارهێنانی ماف ریگا پێدراو نیه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو مه‌به‌ست تیایدا ته‌نیا زیان گه‌یاندن بێت به‌ خه‌لكانی تر، یاخود ئه‌و به‌رژه‌وه‌نده‌ی به‌ده‌ستی دینیت، به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و زیانه‌ی به‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی ده‌كه‌وێت كه‌متر بێت‌ ، بۆیه‌ ده‌بێت بڕی ئه‌و قه‌ره‌بووه‌ی داوا ده‌كریت بگونجێت له‌گه‌ڵ ئه‌و تاوانه‌ی ئه‌نجام دراوه‌.

ده‌سه‌ڵات تیرۆری یاسایی به‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ به‌كارده‌هێنێت بۆ ئه‌وه‌ی شه‌رعیه‌ت بداته‌ ئه‌و تاوانانه‌ی به‌رامبه‌ر خه‌ڵك ئه‌نجامی ده‌دات، كه‌سایه‌تی ده‌سه‌لاته‌ دیكتاتۆریه‌كان ده‌یانه‌وێت رووی راسته‌قینه‌ی خۆیان له‌ په‌نای ئه‌و به‌ یاسایی كردنه‌ بشارنه‌وه‌و خۆیان وه‌ك دیموكراسی خوازیك نیشان بده‌ن. به‌ كورتی ده‌مه‌وێت بڵیم مۆدێلێكی تر له‌ تیرۆر له‌ ئارادایه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ سیاسیه‌كان به‌كاریده‌هێنن بۆ بچووكردنه‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ئازادیه‌كان و چاوترساندنی خه‌ڵك، ئه‌م تیرۆره‌ له‌ تیرۆری سیاسی مه‌ترسیدارتره‌، چونكه‌ له‌ به‌شیكیدا تیرۆری سیاسیش و ته‌نانه‌ت تیرۆی ئاسایش له‌ خۆوه‌ ده‌گرێت‌!.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.