ھیچ گەلێک وەک کورد بەچانس نییە ، بەڵام وەک کورد بێ سەرکردە نییە ….

لەلایەن ستاندار Posted on 327 جار بینراوە

ئارام چۆمانی

لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق ، کورد چەندین دەرفەت و ھەلی بۆ رەخساوە کە بتوانێت مافە دەستووری و یاسایەکانی بەدەستبھێنێت ، کەرکوک و شایستە دارایەکانی ھەرێم و مافەکانی پێشمەرگەو شەراکەتی ڕاستەقینە لە عێراقی نوێ دا زۆر گرنگتر و بایەخدارتر بوون لە چەند پۆستیکی ڕەمزی و شکلی ، بەڵام وەک ھەموو جارەکانی تر ، بەرژەوەندی حیزبی و تایبەتی پازی داوە بەسەر بەرژەوەندییە گشتیەکان …

ھەموومان دەزانین لەدوای رووخانی ڕژێمی بەعس ، قۆناغێکی زێڕین بوو بۆ کورد ، چونکە کورد لە پێکھاتەکانی تر بەھێزتر و رێکخراو تر بوو ، لانی کەم کیانێکی تارادەیەک خاوەن دامەزراوە و ھێزی چەکدار بوو ( لەگەڵ بوونی کەم و کورتی زۆر ) ، لەبەرامبەردا دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق لێکترازا و تێکشکاو بوون و سەڕەڕای سوپایەکی لیکھەڵوەشاو و پەرتەوازە ، ھاوکێشەیەکی نوێی نێودەوڵەتی و جیھانیش ھاتبوە پێشەوە ، کورد لەو دەرفەتەدا دەیتوانی لایەنێکی بەھیزی بنیاتنانی پرۆسەی عێراقێکی دیموکراس و شەفاف و خزمەتگوزار بێت ، بەڵام بە پێچەوانەوە کارەکتەرە دیارەکانی بەھۆی گەندەڵییەوە ئیقالە دەکران لە پرۆسەی حوکمڕانی عێراق ، لە جیاتی ئەوەی لەسەر ماددەی ١٤٠ و خاک و شایستە دارایەکانی خەڵک شەڕ بکەن ، سەرکردەکانی عێراقیش ترسی ئەوەیان ھەبوو کورد لەو وێستگەیەدا داواکاری خاک و مافە دەستوریەکان فەرز بکا ، بەڵام ڕازی بوونی کارەکتەرەکانی کورد لەبەغدا بە پۆست و ئیمتیازات بۆ سەرکردەکانی بەغدا جیگەی دڵخۆشی و ھەلقۆستنەوە بوو ، ئیتر عێراق ووردە ووردە کەوتەوە سەرپێ و تارادەیەک تواناکانی بۆ گەرایەوە ، ئینجا کورد کەوتە ھەڕەشە ، کاتێک کە ھەم لەبەردەم دونیای دەرەوە ھەم لەبەردەم دەستەڵاتدارانی عێراق پەیامەکەی گەیشتبوو ، ئەمە چانسێکی لەسەر دەستی نوخبەیەکی سیاسی سوتا …

دوای ھێڕشی داعش و داگیرکردنی موسڵ ، سەردەمێکی تری زێڕین دووبارە بۆ کورد ڕەخسایەوە ، راستە کورد بەرگری لە مانەوە ی خۆی دەکرد ، بەڵام بوو بە بەشێک لە ھاوپەیمانی ھێزە ھاوپەیمانەکانی دژی داعش ، ئەمە بۆ پیگەی کورد شتێکی کەم نەبوو ، کە دەیتوانی نەرخی ئەو خوێنەی بۆ رزگارکردنی خاکی ژێردەستی داعش ڕشتی بیگۆڕیت بۆ نەرخی سیاسی ، بەڵام بەرچاوترین دەستکەوت رازی کردنی ئەمریکا بوو بۆ پیدانی بڕێک پارە و ھاوکاری بەناوی پێشمەرگە ، لەبڕی ئەمە دەکرا زەمانەتی پاراستنی ناوچە رزگارکراوەکانی ژێردەستی داعش و ھەرێم لانی کەم لە حشدی شعبی وەرگرن ، بەڵام سەڕەرای کشانەوە لەو ناوچانەی کە خوێنی ھەزاران ڕۆلەی کوردستانی تیا ڕژا ، بەبێ ڕەچاوکردنی ھەستیاری قۆناغەکەو گوێنەگرتن لەو ھاوپەیمانیەی کە لەچەند دەقیقەیەک پێمان ڕانەگەیشتبا ڕەنگ بوو داعش ئەزموونەکامانی وێران کردبا ، ھەڵسان بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و لەجیاتی گەرانەوەی خاکی دابڕێنراوی ھەرێم ، بەشێکی تریشمان لەدەست دا ، ئەمە چانسێکی تریشی لەسەر دەستی ھەمان نوخبەی ڕابردووی سیاسی لەدەست دا ….

لەدوای ڕیفراندۆم و رووداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەر ، ووردە ووردە بەھۆی پیویستی گۆڕانکاری و قۆناغەکە کورد توانای تارادەیەک بۆ گەڕاوەتەوە ، ئەکرێت ئێستاش بە چانسێکی تر و دەرفەتێکی تر بۆ کورد تەماشا بکریت ، ئەگەر کورد ئەزموونی لەھەڵەکانی رابردوو وەرگرتبێت و تەنانەت پیکھاتەکانی تری عێراق بەقەد نێوماڵی کورد ئەگەر زیاتریش نەبێت کەمتر پەرتەوازە نین ، سەرەرای ئەوەی ئەمریکاو ئیران لە رابردوودا لەسەر بەرژەوەندیەکانیان لە عێراق دا ھاورابوون ، بەڵام ئیستا لە ململانێیەکی سەخت و ئاڵۆزدان ، لەناوخۆی عێراقیش دا ئەگەری شەڕی ناوخۆ و گەرانەوە بۆ چواگۆشەی یەکەم ئەگەرێکی کراوەیە ، بۆیە جەمسەرەکانی ململانێیە نیودەولەتی و نێوخۆیەکانی عیراق پێویستیان بە لایەنی کوردی ھەیە ، کورد بەرلەوەی پشتوانی و چوونە پاڵ ھیچ کام لە فیگەرەکان بکات ، ئەوا پێویستە لەسەر بەرنامەی کاری داھاتووی ئەو حکومەتە بوەستێت کە بڕیار وایە پێکبھێنرێت ، ئەگەر ئەم چانسەش ھەمان نوخبەی رابردوو بیسوتێنن بۆ پۆست و بەرژەوەندی حیزبی ، ئێ خۆ ئەم چانسە دیارە ھەر لەسەرەتاوە بۆ میللەت نەبووە ، بۆ ئەو نوخبەیە بووە ، کە کورد چانسی پێوە سوتاوە …..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.