کۆتایی جەنگی نێوان بەرەی چەپ و ڕاست ، سەرەتای ململانێی میدیاو دەسەڵاتی سیاسی

لەلایەن ستاندار Posted on 508 جار بینراوە

عبدلله‌ سه‌كرى

پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیاو پەرەسەندنی ھۆیەکانی گواستنەوەو گەیاندن وگەشەی ئەمفۆرماتیک ، ھاوکات لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریانەشدا شێوازی ململانێ و ناکۆکیە سیاسی و فکرییەکانیش گۆڕانکاری گەورەیان بەخۆیانەوە بینی .

ئەگەر لەسەردەمی جەنگ و ململانێی ئایدۆلۆژیا گەورەکاندا لەسەدەی ڕۆشنگەرییەوە تاوەکو کۆتایی جەنگی سارد ،ھەندێک تێکستی ئایدۆلۆژی و تێزی فکری ، کاریگەری گەورەیان لەسەر کۆمەڵگاو ژینگەی تۆبۆگرافی دانابێت ، ئەوا دوای جەنگی ساردو پەرەسەندنی مۆدێرنیزم ، وێنە بووەتە یەکێک لەکاریگەرترین فاکتەرەکانی نێو ململانێی و گۆڕانکاریە خێراکان و یەکێک لە بەھێزترین کارتەکانی فشار بەدەست میدیاوە .

لەکۆمەڵگای مۆدێرن و پەرەسەندوودا ، کە ھەرتاکێکی ناو ئەم کۆمەڵگایە ، چاوی بڕیوەتە تۆڕەکۆمەڵایەتی و میدیا جۆربەجۆرەکان و میدیا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە ئاراستە کردنی بەشێکی گەورە لە تاکەکانی کۆمەڵگا بۆ ناو چەقی ململانێکان ، ئەمەش بەھۆی ئەوە کە میدیا کولتورێک بەرھەم دەھێنێت کە لەناو وێنە بینراو زیندووەکاندا ڕەنگی داوەتەوە و خێراتر لە ھەرشتێک ، کاریگەری لەسەر مرۆڤی ئەم سەردەمە درووستدەکات .

کایەی میدیاو ڕاگەیاندن ، لە ڕێگەی ھەواڵ و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی زانیارییەوە ، کار لەسەر بزواندن و وروژاندن دەکەن و بەھۆی ھەژموونی ھەواڵ و زانیارییەوە کاریگەری لەسەر گۆڕینی ئاراستەی بیرکردنەوەی خەڵک و سەرلەنوێ داڕشتنەوەو دروستکردنی ڕاوبۆچوون و تێگەیشتنێکی ھاوبەشی زۆرینە دەکات ، کاتێک میدیاو تۆڕکانی ڕاگەیاندن ، کۆمەڵێک وینەو دیکۆمێنتاری وەکو بەڵگەیەکی حاشا ھەڵنەگرو ڕاستییەکی مەلمووس بۆ شەقامی گشتی دەخەنە ڕوو ، لەڕێگەی کۆمەڵێک ڕاڤەو لێکدانەوەی جیاوازو ڕاڤەی جۆراوجۆرەوە ، دیدو بۆچوون لەھەمبەر دەسەڵاتی سیاسیدا دروستدەکات و ھەژموونی خۆی وەکو دەسەڵاتێکی کاریگەرو دیاریکراوی نێو کۆمەڵگا لەسەر ڕووبەرو کایەی گشتی دروستدەکات .

لەسیستمی دیموکراسیدا ، میدیای نوێ و ڕۆڵ و پێگەی ڕاگەیاندنی مۆدێرن ، ڕەوتی سیاسی خستووەتە بەردەم گۆڕانکارییەکی خێراو گەورەوە ، بەجۆرێک دەسەڵاتی سیاسی بۆ ئەوەی لە چەقبەستووی خۆی ڕزگار بکات و لەگۆڕانکاریە خێراکان دانەبڕێت ، پێویستە بەردەوام خۆی نوێ بکاتەوە ، بۆ ئەوەی بەرگەی ئەو ململانێیە بگرێت کە بەردەوام لە گەڵ میدیای ئەھلی بێ لایەن ھەیەتی .

بەپێچەوانەی سەدەی ڕابردوو کە جەنگی نێوان بەرەی چەپ و بەرەی ڕاست کە بەشێکی زۆری ئەم ململانێیە لە زەمینەی ھەردووک فەلسەفەی ئایدیاڵیزم و ماتریالیزم ڕەگ و ڕیشەی داکوتابوو ، ئەمڕۆ ململانێی نێوان میدیاو دەسەڵاتی سیاسی ، لەسەر زەمینەی کایەی گشتی کۆمەڵگا ، ڕەگی داکوتاوەو ئەم جەنگ و ململانێیە پەیوەستە بە ژیان و پێویستی و ماتریاڵی ڕۆژانەی ھاوڵاتیانەوە .

ئەمڕۆ جەماوەرێکی زۆری خەڵک ، لەوپەڕی راِستەوە بۆ ئەوپەڕی چەپ ، بەکۆی جیاوازییە فکری و خیلافە ئایدۆلۆجیەکانیانەوە ، بەشدار دەبن لە دروستکردنی کولتورو بیرکردنەوەیەکی ھاوبەش کە گوزارشت لە ڕوئیای ھەمووان دەکات بەبێ لەبەر چاوگرتنی جیاوازیەکانیان ، کە ئەم دیسکۆرس و خوێندنەوە ھاوبەشە ، میدیا و تۆڕەکانی ڕاگەیاندنی ئەھلی ، ڕۆڵێکی کاریگەروو بەرچاو دەبینن لە دروستکردنیدا .

زۆر جارو لەکاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکاندا ، دەسەڵاتی سیاسی و لایەنە بەشدار بووەکانی ھەڵبژاردن ، ھەوڵ دەدەن لەڕێگەی گێڕانەی مێژوو ھەندێ لە سەروەریەکانیانەوە ،سەرنجی دەنگدەرو ھاوڵاتیان بەلای خۆیاندا ڕابکێشن ، بەشێک لە مێژووی تایبەتمەند بە پێشینەی خەباتی چەکدارییان بەکاربێنن بەمەبەستی خرۆشاندن و وروژاندنی بەشێک لە جەاوەرو نومایشی سیاسی و پەیداکردنی ھەژموونی سیاسیانەی خۆیان بەسەر بیرو ڕای ئازاددا ، بەڵام ململانێکە لەو شوێنەدا توندتر دەبێت کە میدیای ئازاد ، لەڕێگەی وێناکردنێکی سەردەمیانەو خستنە ڕووی شکست و بێدەربەستیەکانی دەسەڵاتی سیاسی ، دەبێتە ئەجێنداو ڕوئیای نوخبەی کۆمەڵگاو مینبەرێک بۆ ڕەخنەو گلەیی ھاوڵاتیان .

دەسەڵاتی سیاسی بۆ ئەوەی ڕێگری لە ھەژموونی میدیای ئازاد بکات ،دێت بە یاسایەکی ئامادەکراوو پڕلە قەیدوو بەند کە کێشەیەکی گەورەیە بۆ ئازادی و پلۆرالیزم ، ڕووبەڕووی ڕاگەیاندنی ئازاد دەبێتەوە ، لە بەرامبەردا بۆ ئەوەی میدیای ئازاد ، ئەو قەیدو بەندانە تێکبشکێنێ ، پێویستی بە پڕۆفیشناڵێتی و ئیتیکی میدیایی و ڕاگەیاندن ھەیە کە ئەمەش لە ھەڵگرتنی ئەرکێکی ھەمەلایەنەی سیاسی – ئابوری – کۆمەڵایەتی و فەرھەنگیدا خۆی دەبینێتەوە .
دواجار میدیا وەک فاکتەرێکی گرنگی گۆڕنکاریەکان ، دەبێتە ھۆی بەرھەمھێنانی مرۆڤێکی بزێوو چالاک و ھۆشیار کە جیاوازە لەمرۆڤی ھەر سەردەمێکی تر .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.