بایکۆت و دەنگ نەدان

لەلایەن ستاندار Posted on 326 جار بینراوە

بایکۆت و دەنگ نەدان گەورەترین خزمەت بە پارتی ئینجا یەکێتی دەکات

 پێشڕەو بابەشێخ

کێن ئەوانەی باسی بایکۆت و دەنگ نەدان دەکەن ؟ چۆن خزمەت بە پارتی و یەکێتی دەکات ؟ دوو بەش باس لە بایکۆت و نەچون بۆ دەنگدان دەکەن ، بەشێک لەوانەی باسی بایکۆت و دەنگنەدان دەکەن ئەوانەن کە تا سەر ئێسقان دژی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتین ، ئەوانەن کە بێزارن لە حوکمڕانی ئەم دەسەڵاتە ، ئەوانەن کە ئومێدی لا بردنی ئەم دەسەڵاتە دەکەن . ئەوانەن کە سوتماکی دەستی ئەم دەسەڵاتەن . ئەوانەن کە ناڕازین لە حوکمڕانی . بەشێکی تر سەر بە دەسەڵاتن و بە ئەنقەست و وەک تابوری پێنجەم لە هەوڵدان بۆ ساردکردنەوەی دەنگدەر کە دەزانن دەنگدەری ناڕازی دژ بەم دەسەڵاتەن ، خەریکی بڵاوکردنەوەی ئەو دەنگۆیانەن کە گوایە هەڵبژاردن شا ڕێگای گۆڕانکاری نیە ، یا تەزویر دەکرێت ، یا خەڵک دەنگ بدات یانا گۆڕانکاری ڕونادات . ئەم پڕوپاگەندانە بۆ خزمەتی دەسەڵات و دژی ئۆپۆزسیۆن و خەڵکی ناڕازیە .

بایکۆت چۆن خزمەتی پارتی ئینجا یەکێتی دەکات ؟ ئەگەر ڕێژەی بایکۆت زۆر بێت کێ سودمەند دەبێت ؟ کام ناوچە بایکۆتی لێ دەکرێت ؟ بەراوردێک لە نێوان سلێمانی و دهۆک بەنمونە: ئەوەی ڕوونە لای هەموان، لە کوردستان دوو بەرە هەیە، بەرەی ناڕازی بەم دەسەڵاتە کە بزوتنەوەی گۆڕان ڕابەرایەتی دەکات وە بەرەی دەسەڵات کە پارتی ڕابەرایەتی دەکات ، وەک چۆن شارەکانی سلێمانی و دهۆک بنکەی سەرەکی دەنگی هەریەکێکیانە . ژمارەی دەنگدەران لە پارێزگای دهۆک زیاتر لە ۷۰۰ هەزار کەسە ، ژمارەی دەنگدەر لە سلێمانی زیاترە لە یەک ملیۆن کەس ، ئەگەر ڕێژەی بەشداری خەڵک لە دهۆک بگاتە سەروی ۸٥٪ و لە سلێمانی ڕێژەی بەشداری بگاتە ٥۰٪ لە کاتێک کە بەهای کورسی لە دەنگ بێتە خوار ئەوا ڕێژەی کورسی پارتی کە دهۆک جێ نفوزی ئەوە زیاد دەکات بەڵام لە سلێمانی کە جێ نفوزی بزوتنەوەی گۆڕانە ئەوا ڕێژەی کورسیەکان دێنە خوار لە کاتێکدا ئەگەر بەشێکی خەڵکی ناڕازی بە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بەشداری هەڵبژاردن نەکەن ئەوا لەبەرامبەردا ئەوان دەنگی ئەو بەشە خەڵکەی خۆیان بێنن کە دەسەڵاتی ئەوانیان قبوڵە لێرەوە لاسەنگی دروست دەبێت بە سودی دەسەڵات .

بۆیە بایکۆتی هەڵبژاردن و بێ ئومێد بوون لە دەنگدان هیچ نیە جگە لە گەیاندنی سود بە پارتی و یەکێتی و بەهێز کردنیان ومانەوەیان لە دەسەڵات بۆ چوار ساڵی تر . هیوادارم خەڵکی ناڕازی بەو دەسەڵاتە بیر لەوە نەکەنەوە بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن و پێویستە بەشداری کارایان هەبێت. بەرەی ئۆپۆزسیۆن گەورەترو فراوانتر بکرێت نەک بەدەستی خۆمان وبە بێ ئاگایی کار بۆ بچوکردنەوەی ئۆپۆزسیۆنێک بکەین کە ئومێدی خەڵکی کوردستانە . لێرەدا ئەوە ڕونە ئەگەر دەمانەوێت خۆمان هۆکار نەبین لە بەهێزکردنی پارتی و یەکێتی و بێ هێزکرڕنی ئۆپۆزسۆنی بە ئیرادەوجێی ئومێد ، هەموومان بەگەرم و گوڕیەوە دەست لە دەست و قوەت لە خودا بەشداری هەڵبژاردن بکەین و دەنگ بەو هێزە بدەین کە هەردەم بە ئیرادەوە بەرامبەر ئەم دەسەڵاتە وەستاوەتەوە ، ئەو هێزەی هەڵقوڵاوی ناو جەماوەرەو لە ناو جەماوەر بۆ جەماوەر دروست بووە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.