میللەتیش پۆزلێدەدا

لەلایەن ستاندار Posted on 345 جار بینراوە

ھاوکار عوسمان

کە دێتە سەر کولتور و دابونەریت، توندوتیژی دژی ژنان، یان دابونەریتی پیاوسالاری یاخود بەتەنگەوەنەھاتن و پاک ڕانەگرتنی ژینگە، پەیڕەونەکردنی یاساکانی ھاتوچۆ، و خراپ بەکارھێنانی مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، یان و یان و یان…..ھتد، ھەموو ئەمانە بابەتی ڕەخنەی جدین، تەنھا لەم دۆخانەدا ڕۆشنبیران یان ھەرکەسێک، بوێری ئەوەی ھەیە میللەت ڕەخنەباران بکات.
بەڵام کە ھاتە سەر سیاسەت، تاڕادەیەک زۆرینە پاشەکشێ دەکەن، ئاخر کێ توانای ھەیە لە ڕووی سیاسیەوە ڕەخنە لە میللەت بگرێت؟!
بۆ کەسانی حیزبی بابەتەکە بەم شێوەیە، بابە ھەر وازی لێبێنە توشی بەزمێکمان مەکە. نەخوازا میللەت توڕەبێت و دەنگمان نەداتێ، نابێت کەس ڕەخنە لە ھاونیشتمانی بگرێت. ئەمەش تەنھا و تەنھا لەبەر دەنگەکەی. پەیوەست بە ڕۆشنبیرانەوە مەسەلەکە ئەوەیە، ترسی ئەوە دایاندەگرێت میدیای زەبەلەحی دەسەڵات بیانخاتە بەر نەفرەتی کۆمەڵگە.
ئەو ھەوڵەی ھاووڵاتیان بەشێوازی مەدەنیانە بۆ گۆڕانکاری لە سیستەمی حوکمڕانی ھەرێمدا داویانە، ھێند کەمە، پێدەچێت ھیچ میللەتێک بەو ماوە کەمە نەگەیشتبێت بە دیموکراسیەت، تاوەکو ئێمە دووھەمین بین. لەم کاتەشدا ئۆپۆزسیۆن نەک ھەر داننانێت بە کەموکورتیەکانی ھاوڵاتیدا، کەچی بەم حاڵەشەوە بەرەی ئۆپۆزسیۆن بەردەوام بیریان لای ئەوەیە چۆن ھەنگاوێک ھەڵگرن، ببێتە ھۆی ڕازیکردنی دڵی میللەت.
ترسی ئەوەی نەخوازا سیاسەتەکانی ببێتە ھۆی ئەوەی میللەتی لە دژ ھانبدرێت، توانای دەستپێشخەری لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن سەندوەتەوە، و لەبەرامبەر ھەر پێشھاتێکیشدا بە ترسەوە مامەڵە دەکەن.
لەبەرامبەریشدا میدیای دەسەڵات وێنەیەکی ناشرینی بۆ بەرەی ئۆپۆزسیۆن نەخشاندووە، وای لە ھاووڵاتیان گەیاندووە وەک ئەوەی ھاوڵاتیان ھەموو ئەرکەکانی سەرشانی ڕایی کردبێت، کەچی ئەوە ئۆپۆزسیۆنە خیانەتی لە پەیامەکەی کردووە. بەڵام پرسیار ئەوەیە ئەرێ بەڕاست خیانەتێک لە ئارادا ھەیە؟ ئەرێ میللەت بەرپرسیار نیە؟ وایە کە ماندوو بووە و ھەموو ھەوڵی خۆی داوە؟
بەر لە ھەرشتێک لەباشترین حاڵەتدا بەشێک لە ھاونیشتمانیان نەک زۆرینە، لە ساڵی (٢٠٠٩) وە ھۆشیاریەکی وایان بۆ دروست بووە، کە ناڕەزاییەکانی لە ھەمبەر دەسەڵات ئەم فۆڕمەی ئێستا وەربگرێت، و بزانێت ئەم سیستەمە بەکەڵک ژیانی سەردەمیانە نایەت و پێویستە سەرلەبەری سەراوژێر بکرێتەوە.
بەکورتی پێش ئەو بەروارە، ھەر لایەنی دەسەڵات، تەنھا کاتی ئاھەنگ و بۆنە حیزبیەکانیان دیاریبکردایە، ئیتر باقی ئیشەکە لەسەر خۆمان بوو، ھۆڵ و یاریگاو باخچەکان بۆیان پڕ ئەبوو لە حەشامەتی خەڵک. ئەسڵەن ڕەنگە زۆرینەی ھاووڵاتی ھەر نەیزانیبێت لە دەرەوەی پارتی و یەکێتی بیر بکاتەوە.
ئەوە ڕاستە کە یەکێتی و پارتی بیست و حەوت ساڵە گەندەڵی و خراپە دەکەن، بەڵام ئەوە ڕاست نیە کە میللەت بیست و حەوت ساڵە لە یەکێتی و پارتی نیگەران و وەڕەسە. بەڵکو لە باشترین حاڵەتدا تەنھا حەوت بۆ ھەشت ساڵە ھاوڵاتی پەیی بەمە بردووە. مەبەستمان تێکڕای خەڵکە نەوەک ڕۆشنبیران، یان تاک و تەرا لێرە و لەوێ دەنگێکی ناڕازی ھەبووبێت.
ئیتر ئەم بێتاقەتی و زوو شەکەتیەی لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟! ئیدی کەوایە بۆچی ھاووڵاتیان پۆز لێئەدەن؟ ھاووڵاتی توڕەیی و بێزارییەکانی لە پارتی و یەکێتی وەکو ناز بەسەر ئۆپۆزسیۆندا دادەبارێنێت. وەک ئەوەی میللەت ھەموو ھەوڵێکی دابێت، بەڵام ئەوە بەرەی ئۆپۆزسیۆنە کە خەمساردن و بەرامبەر بە خواستی ھاوڵاتی بێباکن.
لەڕاستیدا مەسەلەی خیانەت یان خاوبونەوە لە ئارادانیە، بەڵکو کارەکە قورسە و لە ھەر لایەکەوە دەستی بۆ دەبەیت بەدەم دەستەوە نایەت، ھەر ڕێگایەک دەگریتەبەر ئەو ئەنجامەی نابێت کە ھاووڵاتیان چاوەڕوانی دەکەن.
لە خولەکەکانی سەرەتای ململانێکەداین، کەچی میللەت خۆی لێداوە بە ئەرزا و ئەڵێ تاقەتم لێبڕا و مردم، بەڕێزم کارەکە زۆر لەوە گەورەترە تۆ بیری لێدەکەیتەوە. ناڵێین کارێکی ئاستەمە بەڵام ئەوەندەش ئاسان نیە، بەڵکو توانا و بڕستی زۆری دەوێت. تۆ بە کەرەستەی دیموکراسیانە و مەدەنیانە، ڕووبەڕووی دەسەڵات و ھێزێکی چەکدار دەبیتەوە کە باوەڕی بە لایەنی کەمی تێگەیشتنەکان و میکانیزمەکانی تۆ نیە بۆ گۆڕانکاری.
ئێستاش مەترسیە گەورەکە ئەوەیە، میللەت پاڵی لێبداتەوە و ھیچ نەکا، بەھەموو پێوەرەکان دەبوایە ھاووڵاتیان لە ھەڵبژاردنەکەی ١٢/٥ دا بەشداریەکی بەرچاویان بکردایە، کەچی پێچەوانەکەی دەرچوو، نابێت مەسەلەی ساختەکارییەکە بکرێتە بیانو، خۆ ئەوەندە دڵنیایی درابوو، بەرەی ئۆپۆزسیۆنیش یەقینێکی وەھایان بۆ دروست ببو کە ساختەکاری ناکرێت، چ جا بگاتە ھاووڵاتی ئاسایی. کەوابێت ئەگەر پاکترین ھەڵبژاردنیش بکرایە بەشداریەکە ھەر ئەوە دەبوو کە بینیمان.
لەم ساتەدا لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بێئومێدیان پێوەدیارە، ئەمەش لە درککردنی ئەوان بە ترپەی دڵی شەقامەوە سەرچاوەی گرتووە، دەزانن ھاووڵاتی چۆن تەماشای پرۆسەکە دەکات نەک ئەوەی خۆیان بێئومێدبن. ئەم قەبارە گەورەیە لە بێ ئومێدی ھی میللەتێکە، بەلایەنی کەمەوە چەند جارێک زۆرینەی پەرلەمانی بۆ ئۆپۆزسیۆن دەستەبەرکردبێت بەڵام نەیانھێڵابێت بچنە دەسەڵات و کۆدێتایان بەسەردا کرابێت، نەک ھی ئەم دۆخەی ھەرێم.
لە کۆتایدا پێناچێت ڕێژەی بەشداری ھاووڵاتیان لە ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ھەرێم لە دۆخی ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی عێراق باشتربێت, ئاماژەکان خراپتر لەوەش دەخەنەڕوو. چاوەڕوان ناکرێت ھیچ شتێک بتوانێت لەم کاتەدا میللەت لەم مەیلەی بۆ بایکۆت سارد بکاتەوە. ئەگەر ئەمە ڕووبدات ئەوکات ژیانی حیزبی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن دەچێتە سوڕی متبونەوە، پارتی و یەکێتی بۆ چوار ساڵی تر دەمەزەرد ئەبنەوە.
ھاووڵاتیانیش لە ئەنجامی ئەم بایکۆتەیان چێژێکی دەرونی کاتی وەرئەگرن، وەک ئەوەی بەخۆیان بڵێن ” ئەھا چیمان لێکردن” بەڵام ھەر دوای ماوەیەکی کەم ئەزانن یەکێکی تر تاوانی کردووە کەچی ئەمان سزای کەسێکی تریانداوە، زەرەرمەندی سەرەکیش خودی ھاووڵاتیان دەبن. ئەمەش لە دواجاردا دەبێتە ئەزمونێک و میللەت لێوەی فێردەبێت کە بایکۆت چارەسەری دۆخەکە ناکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.