ئابڕوچونی سیاسەت لە كوردستاندا

لەلایەن ستاندار Posted on 389 جار بینراوە

عەبدوڵاى كوێخا موبارەك

لایەنێك یان كەسێكی سیاسیم پێ بڵێن بێ متمانە و بەدناو نەبوبێت؟

ئەو بزوتنەوەی گۆڕانەی كە ساڵانێك جێگەی ھیوا و ئومێدی خەڵك بو، ئەو گۆڕانەی كە لەسەر دەستی كاریگەرترین سیاسەتمەدار و كارێزمای كورد دامەزرا، بەڵام ئێستا تەوریسی سیاسی، شەڕی كۆمپانیا و سەروەت و سامان، ڕێككەوتن و پارە وەرگرتنی ژێر بە ژێر تێیدا سەری ھەڵداوە.!

كەسایەتی دیاری سیاسی حزب بەناوی چاكسازی و داد پەروەری دروست دەكات و خەڵك دوای دەكەون و دەنگی پێ دەدەن، بەڵام دوای چەند مانگێك حزبە داد پەروەرەكەی ھەڵدەوەشێنێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ ھەمان حزب تەنھا لەپێناو وەرگرتنی پۆستێك بۆ شەخسی خۆی.!

دو لایەنە دەسەڵاتدارەكەی كوردستان كە بەردەوام باسی یەكڕیزی كورد لە بەغدا دەكەن و بەردەوام كوردایەتی و نیشتیمان پەروەری خۆیان بە خەڵك دەفرۆشنەوە و ساڵێك لەمەوپێش چونە بەغدا و داوای ڕیفراندۆم و جیابونەوەیان كرد، بەڵام ئێستا ڕێك لە ساڵڕۆژی داواكاری جیابونەوەكەیان بە دو تیمی جیاو و دژ بە یەك لە بەغدان و ھەر یەكەو لە مەرجەعێكی عەرەبی و لایەنیێكی عەرەبی دەپاڕێنەوە و بەڵێنی یەكپارچەیی عێراق دەدەن بۆئەوەی پۆستی سەرۆك كۆماریان پێ بدرێت.!

چەندین لایەنی ئیسلامی لە كوردستاندا ھەیە و ئیدعای چەسپاندنی حوكمی ئیسلامی دەكەن و ھیچیشیان ھاوڕای یەكتر نین، لەكاتێكدا ئێمەی ئیسلام یەك كتێبی ئاسمانیمان ھەیە، ئەپرسم ئەگەر ئەمانە درۆ ناكەن و بەرژەوەندی خواز نین بەچی سیفەتێك جیاواز و فرە لایەنن كە ئیسلام تەنھا یەك قورعان و بەرنامەی ھەیە؟!

ئەمە جگە لە بەرەڵایی و بێ سەرەوبەرەیی تاكی سیاسی كورد، بازرگانێك حزب دادەمەزرێنێت و خەڵك دوای دەكەون، كوڕە بەرپرسێك لە دیسكۆكانی ئەوروپا دێتەوە و داوای سەرۆكی و بڕیار بەدەستی حزبەكەی باوكی دەكات و دەیان بەناو سیاسی شوێنی دەكەون و دەڵێن ھەقی خۆیەتی، پۆستی سەرۆك كۆمار كۆدەنگی چەندین لایەنی ئەوێت، بەڵام ئێستا زیاد لە ٢٠ تاكی كورد لە بەغدایە و خۆی بۆ سەرۆك كۆمار كاندید دەكات كە نەك حزبەكەی بەڵكو خێزانەكەشی ھاوڕای نیە، زۆر شتی تری سەیروسەمەرە لە سیاسەتی كوردیدا ھەیە.

ھەمو ھۆكاری ئەم بەرەڵای سیاسی و دروستبونی بازرگانی سیاسیەش تەنھا بەدەمەوە چون و شوێنكەوتن و شەرعیەتدانی خەڵكە بەم جۆرە كەس و لایەنانە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.