گۆڕان لەو شەڕەدا شکستی هێنا

لەلایەن ستاندار Posted on 407 جار بینراوە
شوان سەید عەلى
ئەوەى نەچو بۆ دەنگدان سزاى پارتى و یەکێتى نەدا، بەڵکو پاداشتى کردن. ئەگەر پێشدا پارتى و یەکێتى دوو ژمارەى گەورەى پەرلەمان بووبن ئەوجارە دەبن بە دوو ژمارەى زۆر گەورەى پەرلەمان. هیچ گومان لەوەدا نیە بەشێکى زۆرى کورسیەکان بە دەنگى ساختە مسۆگەر کراون، بەڵام زۆرینەى ئەو تەزویرە لەسەر دەنگى ئەو کەسانە کراوە کە نەچون بۆ دەنگدان. تا مەوایەکى دوور پارتى و یەکێتى هێز گەلێک نابن لە پەرلەمان و شەقام بترسن.
پێشدا بە ترس یان بەشەرم و پلان بەنزین گران دەکراو کارەبا دەبڕا موچە نەدەدرا، نرخى ئاو زیاد دەبو، باج زیاد دەکرا…هتد. ئیتر بە ئاشکرا ئەوەى بیانەوێ دەیکەن. پارتى ویەکێتیش لەوە گەیشتون هاوڵاتیەک نەچێت بۆ خۆپیشاندان و نەچێت بۆ دەنگدان و حەوسەڵەى ئەوەشی نابێ شەڕی ئەوان بکات! بێ هیوابوونى خەڵک لە هەڵبژاردن ئەگەرچى پلانى پارتى و یەکێتى بوو، بەڵام هاوڵاتیان ئەوجارە خۆیان هاوکاریان بوون؛ ئەمەش لەخۆوە نەبوو کاریگەریە خراپەکانى ساختەکارى هەڵبژاردنى ١٢-ئایارى ٢٠١٨ تا ماوەیەکی دوور لە زیهنى دەنگدەر کاڵ نابێتەوە. هەرچەندە کرچو کاڵی و دەستە وەستانى بەرەى ئۆپزسیۆن لەمەر ساختەکارى ١٢ ئایار وایکرد هاوڵاتى نەچێت بۆ دەنگدان، بەڵام بە نەچونى هاوڵاتیان بۆ دەنگدان پێش ئەوەى ئۆپزسیۆن سزا بدرێت سزایى خۆیان بۆ داهاتو دیاریکرد.
نمونەى زۆر لەبەر دەستە کاتێک زۆرینەى هاوڵاتیان بێ دەنگى هەڵدەبژێرن و بایکۆتى پرۆسەى سیاسى دەکەن کەمینەیەکی پاوان خواز دروست دەبێت و بەردەوام دەیان چەوسێنێتەوە، بۆیە دەکرێت بڵێین: بایکۆت سزایەکى هەڵەبو. ڕێگاى مەدەنى بۆ گۆرانکاری ڕێگایەکى دور مەودایە، ئەگەر بڕیاربوبێت شا ڕێى گۆڕانکارى ڕێگاى مەدەنیبێت ئەوا دەبوایە ئیرادەى گۆڕانکاری و خۆڕاگرى بەهێزتربا و بۆ داهاتوش بەهێزتربێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە کۆتایی ڕێگاکە نیەو کۆتایی دونیاش نابێت. هەمو شۆڕشە سەرکەوتوەکانی مێژو لە قۆناغێک لە قۆناغەکانیان توشی نشوست هاتون، بەڵام بەردەوامی وخۆڕاگری و ئیدامەدان بە ڕوحیەتی شۆڕش بە سەرکەوتنی گەیاندون.
ئێستا گونجاوترین کاتە لەپاڵ هەموو ئەو ساختەکاری و بایکۆتە زۆرەى هاوڵاتیان بەرەى ئۆپزسیۆنیش بە تایبەت گۆڕان دان بەو شکستە دابنێت کە لە هەڵبژاردن دوچاری هاتوە، چونکە نەیان توانى متمانەى هاوڵاتیان بەدەست بێنن تا بێن دەنگ بدەن و لە هەمان کاتیشدا نەیان توانى ڕێگا لەو ساختەکاریە بێ شومارەى پارتى و یەکێتى بگرن. هەمو ئەو هەوڵانەى دراون بۆ گۆڕانکارى و شکستیان هێناوە دەبنە پاڵنەرى بەهێز بۆ سەرکەوتن و بەدیهێنانى ئامانجى گۆڕانکارى. ئەوەى گرنگە لە داهاتو ئەبێت ستراتیژیەتى کارکردنى هێزە ئۆپزسیۆنەکان بە تایبەت گۆڕان گۆڕانى بەسەر دابێت و زیاتر لە جاران هاو ریتمبێت لەگەڵ خواستى شەقام و خەڵک، تاوەکو جارێکیتر بە نەفەسێکى نوێوە بێتەوە مەیدان و پرۆژە تەواو نەکراوەکەى گۆڕان تەواو بکات. ئەمەش کاتێک ڕو دەدات کە گۆڕان بوبێت بە هێزێک جارێکیتر پارتی و یەکێتى بە ئاسان نەتوانن دەنگەکانیان ببەن و ئەوانیش هیچیان پێ نەکرێت و تەنها بە بەیان نامە ئیدانەى بکەن! دەبێت گۆڕان بۆ داهاتو بیسەلمێنێت، کە ئەو هێزەن تا هاوڵاتیان متمانەیان پێ ببەخشنەوە. بۆ ئەمەش ڕێگاى جیاو شێوازى کارکردنى جیاواز هەن دەبێ بێ ترس و سڵەمینەوە بیانگرێتەبەر.
کارى لەپێشینەشى دەبێت بە خۆ نوێکردنەوە دەست پێبکات و ئیتر بەرەو ڕێگا ڕاستو سەختەکەى داهاتوى هەنگاو بنێت.. ئەوەى ئێستا گرنگە ڕابردو جێبێڵێت و بۆ داهاتو پێشڕەوى شەقام و گەلبێت… ئەوەى لە شەڕێک بدۆڕێت ماناى ئەوە نیە لە جەنگ براوە نابێت، جەنگ لە شەر گەورەترەو ماوەکەشى زیاترە دەکرێت لە جەنگێکدا چەند شەڕى جیاواز ڕوبدەن. گۆڕان لەو شەڕە شکستى هێنا، بەڵام دەتوانێت براوەى جەنگەکەبێت. 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.