”دیواری تورکیای مەزن“

لەلایەن ستاندار Posted on 303 جار بینراوە

مەریوان وریا قانع

تورکیا دیوارێکی بە درێژایی ٩١١ کیلۆمەتر لەسەر سنوورەکانی لەگەڵ سوریا و ئێراندا، بەتایبەتی لەسەر سنوورەکانی لەگەڵ سوریادا، دروستکردوە. میدیا نزیکەکان لە ئەردۆگان و پارتەکەیەوە ئەو دیوارە لەسەر وەزنی ”دیواری چیی مەزن“، بە ”دیواری تورکیای مەزن“ ناودەبەن. ئەم دیوارەی تورکیا سێھەمین گەورەترین دیوارە لە جیھاندا، لەدوای دیوارە بەناوبانگەکەی چینە و ئەو دیوارەی لە نێوان مەکسیک و ئەمریکادا دروستکراوە. حیکایەتە رەسمیەکەی تورکیا سەبارەت بە دروستکردنی ئەم دیوارە پاراستنی سنوورەکانی و ڕێگرتنە لە پەڕینەوەی تێرۆریستان. بەڵام ئاشکرایە کە مەبەستی ڕاستەقینەی ئەم وڵاتە لە دروستکردنی ئەو دیوارە دابڕانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و خەڵەکەکەیتی لەیەکتری.
وەک وتمان درێژی دیوارەکە ٩١١ کلیۆمەتر و بەرزیەکەی ٣ مەتر و پانییەکەشی دوو مەترە، لەھەندێک شوێنیدا بە تەلی دڕکدار داپۆشراو. تورکیا بەرێژایی دیوارەکە ٢٢ بورجی چاودێریکردن دروستکردووە بە پاراستنی دیوارەکە و ڕێگەگرتن لەو کەسانەی کە دەیانەوێت بپەڕنەوە. بورجەکانیش پڕکراون لە ئامێری تەکنۆلۆژیی پێشکەوتووی بینین و کامێرای ھەمەجۆر و چاودێریکەر. لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا ئەم دیوارە گەورەترین دیوارێکە وڵاتان لەیەکتری جیبکاتەوە. ئەم دیوارە زۆر لەو دیوارە گەورەترە کە ئیسرائیل بەدەوری ناوچە فەلستینییەکاندا دروستیکردوە.
لە دونیایەکدا کە تادێت زیاتر و زیاتر بەجیھانیی دەبێت و لەزۆر بەشیدا بڕێکی زۆر لە سنوورەکان ھەڵدەگیرێن، کەچی لە ھەندێک بەشی تردا دیواری گەورە دروستدەکرێت بۆ ڕێگەگرتن لە پەیوەندیکردن و جوڵە و کۆچ و تێکەڵبوونی کەس و ناوچە و میلەت و دراوسێکان بەیەکتری. ھەم ھەڵگرتنی سنوورەکان و ھەم دروستکردنی دیوار دوو پرۆسەن بە خەستی لە دونیای ئەمڕۆدا ئاامدەن. لەڕاستیدا ”سیاسەتی دروستکردنی دیوار“ بووە بە بەشێک لە سیاسەتکردن لە سەدەی بیست و یەکەمدا، ئەمەش تەنھا بەرزکردنەوەی دیواریی چیمەنتۆیی ئەستوور لەسەر سنوورەکان نییە، بەڵکو سیاسەتی دروستکردنی دیواریی فەرھەنگیی و دینیی و سیاسیی و یاسایی و ڕەمزییشە. سیاسەتی دروستکردنی دیوار لە جەوھەریدا سیاسەتی دروستکردنی شوناسیی داخراو و ھەڕەشەئامێز و ترسناکە کە نەک تەنھا توانای قبووڵکردنی ئەوانیتری نییە، بەڵکو توانای دروستکردنی پەیوەندیی ئاسایی و سادەشی نییە. ھەموو دیوارێک جۆرێکە لە داخران بەڕووی جیھاندا، ڕێگرتنە لەوەی ”ئەوانیتر“ ببن بە بەشێک لە شوناس، چەمانەوەیە بەسەر ”خود“ێکدا کە وەھم و خورافەتی لەکەسانیتر نەچوونێکی ڕەھای ھەیە و دەشیەوێت ئەم لەوانیترنەچوونە بە ھەر نرخێک بووە بپارێزێت. وێناکردنی خود لەڕێگای نەفیکردنی ئەوانیترەوە ژێرخانی ئەو سیاسەتی دیوارەیە کە ئەمڕۆکە لە زیاد لە شوێنێکدا ئامادەیە. دیوارەکەی ئەردۆگان دیواری پاراستنی وێناکردنێکە بۆ تورکبوون کە دونیای دەرەوە و بەشێکی زۆری ئەوانەشی لەگەڵیدا دەژین، وەک دوژمن دەبینێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.