تێپەڕینی سەد ساڵ بەسەر جەنگی جیھانی یەکەمدا

لەلایەن ستاندار Posted on 313 جار بینراوە

مه‌ریوان وریا قانع

سبەی ١١ نۆڤێمبەر، سەد ساڵ بەسەر کۆتایی جەنگی جیھانی یەکەمدا تێدەپەڕێت. جەنگێک کە زیانێکی گیانیی و ماڵی گەورەی بە بەشێکی گەورەی دونیا گەیاند. لەناو ئەوروپا و لە دەرەوەی ئەوروپادا. لەو ناوچەیەی ئێمەدا دەبێتە ھۆکاری ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی، ھاتنی کۆلۆنیالیزم و دروستکردنی دەوڵەتیی-نەوەیی مۆدێرن لەناوچەکەدا، ھاوکات دەبێتە سەرەتای دروستبوونی بزوتنەوە دژە کۆلۆنیالیزم و بەھێزبوونی ناسیۆنالیزم و ھاتنەکایەی ئایدیۆلۆژیا گەورەکانی تری سەدەی بیستەم لە ناوچەکەدا، لە ناویاندا لیبرالیزم و سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم و ئیسلامیزم و بەشێوەیەکی زۆر کەمتر فاشیزم.
لە جەنگی جیھانی یەکەمدا ژمارەیەکی ھێجگار گەورە لە سەرباز و کەسانی مەدەنی کوژران. جەنگە بەسەریەکەوە ٤ ساڵ و ٣ مانگی خایاندا، بەڵام لەو ماوەیەدا نزیکەی ١٠ ملیۆن سەرباز و ١٠ ملیۆن خەڵکی مەدەنیی کوژران. چەندەھا شاری گەورە لەناو ئەوروپا خۆیدا بەتەواوی وێرانکران، ژمارەیەکی زۆری خەڵک بریندار و بێماڵ و بێجێگا بوون. دوای جەنگەکەش پەتایەکی گەورە بەناوی ”پەتای ئیسپانیی“ەوە بە ئەوروپادا بڵاودەبێتەوە کە بەسەریەکەوە نزیکەی ٢٠ ملیۆن مرۆڤ دەکوژێت، ئەم پەتایە بە گەورەترین پەتای ناو مێژوو دەزانرێت و بەقەد ژمارەی کوژراوەکانی جەنگەکە خەڵک دەکوژێت. ئەو ھێزە ئەمریکاییانەش کە ھاتبوون بۆ ھاریکاریی ەئوروپییەکان، ١٠٠ ھەزار کەسیان لێ مرد، نیوەیان بەو پەتا ئیسپانییە مردن. بە کورتییەکەی لەماوەی چەندساڵێکی کەمدا جەنگ و پەتا نزیکەی ٤٠ بۆ ٥٠ ملیۆن مرۆڤ دەکوژن.
ئیمزاکردنی ڕێکەوتنی کۆتاییھێان بە جەنگەکە لەناو واگۆنی شەمەدەفەرێکدا بوو لە دارستانێکدا پەنجا کیلۆمەتر لە دەرەوەی پاریس دا. دواتر فەرنسییەکان مۆزەخنایەکی تایبەتیان بەدەوری ئەو واگۆنەدا دروستکرد وەک سیمبۆلی سەرکەوتنی خۆیان بەسەر ئەڵمانییەکان و سوکایەتیکردن بە داگیرکەرە ئەڵمانایەکە ھێشتەوە. لەو ڕێکەوتننامەیەدا ئەڵمانییەکان ناچاردەکرێن پارەیەکی ھێجگار زۆر بە فەرەنسا و بریتانیا و زیانلێکەوتوەکانی تری جەنگەکە بدەن، دواھەمین پشکی ئەو پارەیەی ئەڵمانیا بە فەرەنسای ئەدات لە ساڵی ٢٠١٠ کۆتاییپێدێت..
ئەو مەرجانەی براوەکانی جەنگی جیھانی یەکەم بەسەر ئەلمانیادا دەیسەپێنن ھێندە قورس و ئیھانەکەر بوو، گەرای بەرپابوونی جەنگی جیھانی دووھەمی لەناو خۆیدا ھەڵگرتبوو. کاتێکیش جەنگی جیھانی دووھەم دەستپێدەکات و ھیتلەر لە ماوەیەکی کەمدا فەرەنسا داگیردەکات. لەناو ھەمان واگۆندا کە مەرجە قورسەکان بەسەر ئەڵمانیادا دەسەپێنرێت، فەرەنسییەکان ناچاردەکت تەسلیمبوونی خۆیان بە ئەڵمانیا ئیمزابکەن. وەکچۆن فەرەنسییەکان لەناو ئەو واگۆنەدا سوکایەتیی بە ئەڵمانیا دەکەن، بەھەمانشێوە ئەڵماناکان لەناو ھەمان واگۆندا ھەمان سوکایەتیی بە فەرەنسا دەکەنەوە. کاتێکیش ئەڵمنیا لەوە نزیکدەبێتەوە جەنگی جیھانی دووھەمیش بدۆڕێنێت، ھیتلەر ئەمر بە چەند ئەفسەرێک لە ئەفسەرە نزیکەکانی خۆی دەکات کە بچن واگۆنەکە وێرانبکەن، نەکو سەرلەنوێ بەکاربھێنرێتەوە بۆ سوکایەتیکردن بە ئەڵمانەکان.
جەنگی جیھانیی یەکەم بۆ میلەتی ئێمە دوو دەرەنجامی زۆر سەرەکیی و تراژیدیی ھەبوو. یەکەمیان ”بەکەمینەکرنی کورد“ لەناو چوار دەوڵەتی تازە دروستکراوی ناوچەکەد، بە ئینگلزیی minoritization. دووھەمیان بە ”ئاسایشکردنی“ مەسەلەی کورت، واتە کورتکردنەوەی مەسەلەی میلەتێک بۆ کێشەیەکی ئەمنیی و مامەڵەکردنی وەک ھەڕشەی ئەمنیی، بە ئینگلزیی Securitization. ئەم دوو پرۆسە تازەیە ژێرخانی ئەو مێژووە خوێناویی و ترسناکەیە کە لەدوای جەنگی جیھانی یەکەمەوە مێژووی ئێمەی تێکەوتوە.

وێنەکە: وێنەی ئەو واگۆنەی کە ڕێکەوتنی کۆتایی جەنگەکەی تیا ئیمزاکرا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.