دیموکراسی لە کوێ و کامە زەمەنی ؟!

لەلایەن ستاندار Posted on 386 جار بینراوە

کمال محمد

سەبارەت بە دیموکراتی لە ھەرێمی کوردستان نە تەقەڵایەکی راستینەیی دەسەڵاتی سیاسی بوە نە یۆتۆپیایەکی بەھەشتیش سەبارەت بە ئاییندە !، چون ئەو دیموکراتییەی دەسەڵاتداران بانگەشەی بۆ ئەکەن لە دۆخی راستی و حەقیقەت جێگرو بە پرەنسیب نییە و نەبوە بەپرۆژەو سیستەمێکی ھیوابەخش لە چارەسەرکردنی پرسە سیاسیەکان و بنەرەتییەکانی دەسەڵاتدارێتیدا، بۆیە ھەردو پارتی دەسەڵاتدار بە درێژایی حکومڕانییان ئامانجیان لە پێشینەی دەسەڵات بوەو ئەبێت ،ھەرچی دەسەڵاتیشە ھۆکاری سەرەکی ئەم دۆخەیە ،

دیموکراتی لە ھەرێمی کوردستاندا لە دۆخی بانگەشەدایەو نەچۆتە بواری پراکتیزەکردنەوە ، بۆیە ھەمیشە کێشە و قەیرانی دیموکراتی ھۆکاربووە بۆ ئەوەی رێسا فەرمییەکانی یاسا و حقوق نەتوانن ڕۆڵی خۆیان ببینن و کۆمەڵگا بپارێزن کە تاکە دەرەتانی بەدەستھێنانی ئازادییە ،چون ئەو کۆمەڵگایەی لەرێگای سیاسەتی دیموکراتیانەوە خۆی بپارێزێت زیاتر شانەی سیاسی خۆی کارا ئەکات و ئەتوانێت خۆی بۆ کۆمەڵگایەکی دیموکراتی ھاوچەرخ وەرچەرخێنێت و لە رێگای گۆڕانکارییەکانەوە خەسڵەتەکانی دەسەڵاتدارێتی دیموکراتیک دەستنیشان بکرێت .

دەسەڵاتدارانی ئەم ھەرێمە بە درێژایی دەسەڵاتیان بەھۆی دەمامکی دیموکراسییەوە ھەوڵی شاردنەوە و رووی راستەقینە و ناوەڕۆکی خۆیان داوە و کەئەمەش جگەلە باڵادەستی چینێکی بۆرژوازی سیاسی بازرگانی بێ مۆڕاڵ شتێکی دیکە نییەو ھەرچی بە کارھێنانی ناوی دیموکراسیشە لەپێناوبەدەستھێنانی مەشروعیەتی پاوانی دەسەڵاتی سیاسیاندایە ، بۆیە ناتوانرێت باس لە بونی دیموکراتی و بەرێوەبردنی سیاسەتی دیموکراتیانە بکرێت و ھەرچی دیموکراتیشە وەکو بوون تا دواڕادە ڕوکەشییە و ھیچ واتایەکی نییە ، سەرباری داپۆشینی بە پەردە ئەستورەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە کە ڕۆڵێکی گرنگیان لە دیلکردنی کۆمەڵگادا بینیوە ،

لێرەدا بەکارھێنانی دیموکراتی زۆر مەترسیدارترە وەک لە نەبونەکەی !

لە ھەرێم رۆژنامەنوس تیرۆر دەکرێت بەڵام دەسەڵات لە ژێر ناو و سیناریۆی جیاجیاوە چۆنێتی تیرۆرکردنەکەی و بکوژان و دەستەکانی پشتەوەی تیرۆرکردنەکە بەلارێدا ئەبات ،بۆیە پێویستە ئەمە گرنگترین وانە بێت لە ھەست کردنی نەبونی دیموکراسیدا ،دیموکراسی بە واتا راستەقینەیینەکەی خۆی.

بۆیە کاتێک دەسەڵاتێک نەتوانێت ھەڵەکان لە دۆخی ھەڵە ڕزگار بکات و کێشەکانیش لە دۆخی کێشەبون ڕزگار بکات و رەخنەی رەخنەدانەکان قبوڵ بکات ئەبێت دیموکراتی لە کوێدا بێت یان ئەگەر رەوشەکە بەمجۆرە بەردەوام بێت و خەیاڵەکانی ژیانی ئازاد و یەکسان و دیموکراتی لە گێژاوی یۆتۆپیا خەیاڵییەکان ڕزگاری نەبێت ئەبێت بوونی دیموکراتی لە کوێ و کامە زەمەنیدا بێت ؟.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.