سیما و پێکھاتەی حکومەتی ئایندەی ھەرێمی کوردستان چۆن و بەچ ئاڕاستەیەک بێت ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 375 جار بینراوە

نەوزادی موھەندیس

• کابینەی داھاتووی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێتە نۆھەم کابینە،ئەم کابینەیە لەدوای لێکترازان و دڕدۆنگیەکی زۆر و گەورەی نێوان سەرجەم لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دێتە ئاراوە،لەھەرومەجێکی سەختی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئەمنیشدا لەدایک دەبێت،حکومەتێک کە چاوەڕوانی زۆری لێدەکرێت،حکومەتێک ھەموان لە ژێرەوە حەزدەکەن تیایدا بەژداربن و بەئاشکراش لێرەو ولەوێ ڕەتیدەکەنەوە.حکومەتێک لەکەشوھەوایەکی لێکترازاو و دوور لەسازانی نیشتیمانی دێتە دونیاوە،حکومەتێک دەکەوێت بەسەر ناجێگیری سیاسی و قەیرانی ٥ ساڵەی توندی دارایی و ئابوری و شڵەژاوی نێو بازاڕەکانی نەوتی دونیا و ھەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت کەھەموان ھەموو خەونەکانیان لەسەر ھەڵچنیوە بۆ بەرزبونەوە و ڕزگاربوون لەو قەیرانە داراییە سەختە،حکومەتێک دەکەوێت بەسەر گێژاوی سیاسی نێوان وڵاتانی ناوچەکە و زلھێزەکان بەتایبەتیش ئەمریکا و ئێران کە گومانی تێدا نیە ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ئایندەش پڕیشکی ئەو ململانێ و گەمارۆ و جەنگەیان بەردەکەوێت کەم تازۆر.حکومەتێک دەکەوێت بەسەر شڵەژاوی ئاشتی کۆمەڵایەتی نێوان چین و توێژ و شار و ناوچەکانی کوردستاندا،حکومەتێک کە ڕووبەڕوو دەبێتەوە لەگەڵ حکومەت و کابینەی پێنجەمی حکومەتی عێراقیدا لە بەغداد و بەھەمان شێوەی کابینەکانی تری بەغداد و ھەولێر دەبنە میراتگری کێشە کەڵەکەبوەکانی ١٥ ساڵی ڕابووردوو.
• جا حکومەت و کابینەی نوێی ھەرێمی کوردستان لەم سات و کاتە ھەستیار و ناسک و پڕ مەترسیدارەدا بێتە لەدایکبوون،ئەدی چی لێ چاوەڕوان دەکرێت ؟ دەتوانێت چی کارێک و خزمەتێک پێشکەش بکات؟ چۆن حکومەتێک بێت؟ حکومەتی دڵڕازیکردنی ھەموان و پێکەوەیی بێت ؟ یان حکومەتی خزمەتگوزاری و بوژانەوەی ئابوری و سەقامگیری سیاسی و پارێزەری ئاشتی و ئارامی کۆمەڵایەتی بێت؟ چ جۆرە حکومەتێک دەتوانێت لە ئاست خەون و ویستەکانی جەماوەردا بێت؟
• بەدڵنیایی دۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئەمنی ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی و عێراق و ناوچەکەش بەگشتی لە دۆخێکی ناجێگیر و شڵەژاودایە،و ئەگەر و گریمانەی زۆر خراپیشی لێدەکرێت بۆ ھەموان بەتایبەتی بەھۆی بەردەوامبوونی جەنگی سوریا و مەترسی سەرھەڵدانەوەی داعش لە عێراق و ململانێ توندەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و توندکردنەوەی گەمارۆ ئابوریەکان بەسەر ئێراندا و زۆری تریش.بۆیە ئەو حکومەتە زۆرینە بێت یان کەمینە ،بنکە فراوان بێت یان دووقۆڵی بێت ،ئەوا وەکو ساڵانی ڕابووردوو ناتوانرێت کاری گەورەی لێچاوەڕوان بکرێت،چونکە لەسایەی ئەو ھەموو ئاڵنگاری و مەترسیانەدا دەکرێت ھەر ئەوەندە بکات کە کابینەکانی تر کردویانە،بەڵام ئەمەش مانای وانیە کە ھەر لەئێستاوە بێئومێد ببین و ڕەشبین بین و تونێڵەکە لەسەرخۆمان دابخەین،بەڵکو کابینەی داھاتو دەتوانێت گەلێک کاری گەورە بکات بۆئەوەی بتوانێت خزمەتی گەورە و بەرچاو پێشکەش بکات،وەک :
١.ھەوڵبدات داھات و خەرجیەکانی بەباشی کۆنتڕڵ بکات و بیگەڕێنێتەوە گەنجینەی حکومەت.
٢.سیاسەتی نەوتی ھەڵەی چەند ساڵی ڕابووردوو ڕاستبکاتەوەو بەشەفافانە بیبات بەڕێوە.
٣.بگەڕێت بەدوای دۆزینەوەی سەرچاوەی داھاتی تر بۆ حکومەتی ھەرێم.
٤.یاسا سەروەر بکات و ڕێگە بەھیچ جۆرە زیادەڕەویەک نەدرێت بۆ سەر موڵک و ماڵی گشتی و حکومەت و شکۆ و ھێزی حکومەت پیشان ھەموان بداتەوە بەبێ جیاوازی.
٥.ھەڵمەتێکی جدی دژی گەندەڵی بەرپا بکات لەسەر ھەموو ئاست و ئۆرگان و ناوچەکاندا.
٦.ڕێز لەیاسا و ڕێساکانی پەڕلەمانی ئایندە بگرێت .
٧.پەیوەندیەکانی لەگەڵ بەغداد گەرموگوڕتر بکاتەوە و سەرجەم کێشە ھەڵواسراوەکان لەچوارچێوەی دەستوری عێراقیدا چارەسەر بکەن وەک کێشەی ناوچە دابڕێنراوەکان و مادەی ١٤٠ی دەستوری و ھێزی پێشمەرگە و پشکی ھەرێم لەبودجەی عێراق و سنور و دەسەڵاتەکانی ھەردوولا و مەسەلەی نەوت و غازی سروشتی و ..ھتد.
٨.پەیوەندیەکی دۆستانەش لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و زلھێزەکانیش دروست بکات بەبەرژەوەندی کوردستان.
بەم شێوەیە دەتوانێت زۆر کاری گەورە و خزمەت پێشکەش بکات بەھەموان ،گەرچی نرخی نەوتیش بەرز نەبێتەوە لە بازاڕەکانی جیھاندا،کە بەداخەوە بۆتە تاکە سەرچاوەی داھاتی حکومەتی ھەرێم.
حکومەتی ئایندەش دەبێت لەڕووی پێکھاتەکەشیەوە حکومەتێکی ڕەشیق و کەم و پوخت و توندتۆڵ بێت و ژمارەی وەزارەت و دەزگا و فەرمانگەکانی کەم بکاتەوە و چاوێکیش بخشێنێتەوە بە یاسای مووچە و دەرماڵەکاندا و بەیاسا ڕێکیان بخاتەوەو ھاوسەنگیەگ ڕابگرێت لەنێوان چینەکانی خوراوو پلە باڵاکاندا.
حکومەتێک بێت دوور لە پشکپشکێنەی حیزبایتی و دوور لە حکومەتی بنکە فراوان،چونکە بە کردارەکی و لە کابینەکانی ڕابووردوودا و بەتایبەتیش کابینەی ھەشتدا شکستی حکومەتی بنکە فراوانمان بینی کە تەنھا بۆ دڵڕازیکردنی ھەموان بوو،بەڵام نەتوانرا کاری گەورە و سەرکەوتنیش بەدەستبێنێت،بۆیە ھەق وایە حکومەتێک بێت کە لە لایەنی سەرکەوتوو و خاوەن نفوز و ھێز و خاک بێت و بتوانێت ئامانج و دروشمەکانی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکان وەدیبێنێت،حکومەتێک بێت کە بتوانێت خزمەت بەھەموان بکات بەبێ جیاوازی دوور لەگەندەڵی و دزینی سەروەت و سامانی میلەت و ھەوڵی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن و ئاوەدانی زیاتری وڵات بدات.حکومەتێک بێت بەمانای وشە و دەسەڵاتداریش بێت ولاواز و بێدەسەڵات نەبێت لەبەرامبەر حیزب و سەرکردە سیاسیەکاندا.
حکومەتێک بێت نیوە حکومەت و نیوە ئۆپۆزسۆن نەبێت.بۆیە ناکرێت تاسەر بەناو و بەبیانوی ناسکی ئەزموون و دۆخی سیاسی و ئابوری ھەرێم دڵی ھەموان ڕازیبکرێت،بۆیە ھەمیشە و لەدونیاشدا وابوە تەنھا ئەو حکومەتانە سەرکەوتون کە تەبا و گونجاو و نزیک بون لەیەکەوە و توانیویانە بەتەنھا یان دووقۆڵی حکومەت پێکبێنن،باشترین نمونەش حکومەتی ((ئاکەپەیە کە بۆماوەی ١٥ ساڵە لە مێژووی دەوڵەتی تورکیادا حکومەتێکی سەرکەوتوی پێکھێناوە دوور لە حکومەتی ئیئتیلافی))،ڕاستە ناکرێت کۆپی حکومەتی تورکیا بکەین بەڵام لەدونیای پێشکەوتوو ودیموکراسیشدا ھەر ئەو جۆرە حکومەتانە سەرکەوتووبن. بۆیە بۆ تەندرستی و ساغڵەمی سیستەمی حوکمڕانیەکەشمان گەرەکە کە ھێزی دەسەڵاتدار و ھێزی ئۆپۆزسیۆنیش ھەبێت،چونکە دەرکەوت ئەو ھێزانە کە بە وەزیرێک یان دووان و سیانیش بەشداربوون نەیانتوانیوە کە گۆڕانکاری و خزمەتی گەورە پێشکەش بکەن،لەلایەک بەھۆی نەتوانین و بێ ئەزمونی خۆیان وتۆخکردنەوەی حیزبایەتی و لەلایەکی تریشەوە بەھۆی ڕێگەگرتن و نەھێشتن و بەربەست دروستکردنی حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە بوە.
• بۆیە بەدڵنیایی حکومەتێک دەبێتە دڵخواز و جێگەی ویستی جەماوەری میلەتەکەمان کە بتوانێت:
١. مووچە مانگانەی مووچەخۆران و فەرمانبەران بێ پاشکەوت و لەکاتی خۆیدا دابین بکات.
٢. ئاوەدانی و ھەلی کار و خزمەتی زیاتر پێشکەش بکات.
٣. ئاشتی و ئارامی کوردستان بپارێزێت و دابینی بکات.
٤. دوور بکەوێتەوە لەنانەوەی کێشە و ململانێ لەگەڵ بەغداد و دەرودراوسَی و زلھێزەکاندا.
٥. کوردستانێکی ئارام و بەھێز و یەکگرتوش بێنێتە ئاراوە کە ھەموان لەسایەیدا بحەوێنەوە و ببوژێنەوە.
بەم شێوەیە دەکرێت حکومەت و کابینەی نۆیەم سەرکەوتوو بێت و ھەموان لە ساڵانی ئایندەتردا ھیوای بۆ بخوازین و کابینەکانی داھاتووتریش لەسەر ڕچە و ڕێباز و کار و کردەوە و پلانی ئەو درێژە بەکاروانی خزمەتکردن و ئاوەدانی و گەشە و ئارامی وڵات بدەن،ئەمەش بە کەسانی لێھاتوو و شیاو و نوێخواز و بەھێز و بیرتیژ و ئایندە بینیەکی فراوان دەکرێت نەک بە کەسانی کۆنەپارێز و دووبارە بۆوە و عەقڵ دۆگما و بیر تەسکی حیزبایەتی و ناوچەگەرێتی و ..ھتد.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.