به‌شداری له‌م حوكمڕانێتیه‌ سته‌مكارانه‌دا به‌هانه‌ی نیه‌!

لەلایەن ستاندار Posted on 424 جار بینراوە

سۆران عومه‌ر

بۆ هێزێك كه‌ به‌ وه‌زیرێك یان دوو وه‌زیر به‌شداری بكات له‌ حكومه‌تێك دا كه‌ دۆسێی ئه‌منی و نه‌وت و دارایی و دادوه‌ری و په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی یه‌ك فه‌رمانبه‌ری به‌تۆ نه‌درێ، له‌ وه‌زاره‌تێكیش ته‌نها وه‌زیرێكی بێ ئیمكانیه‌تت پێ بدرێ ده‌بێ چۆن ڕێ به‌خۆت بده‌ی و قه‌ناعه‌ت بۆ جه‌ماوه‌ر دورست بكه‌ی كه‌ تۆ ده‌توانی كار له‌ وه‌ها حوكمڕانێتیه‌كدا بكه‌ی؟ هه‌ركات تینیان پێ گه‌شت ده‌رت بكه‌ن و په‌رله‌مانت لێ مه‌نع بكه‌ن ده‌بێ چۆن له‌گه‌ڵیان به‌شدار بی و متمانه‌ت به‌وه‌ هه‌بێ كارنامه‌ی حكومه‌ته‌كه‌یان باشه‌! له‌كاتێكدا كارنامه‌ی كابینه‌ی هه‌شته‌م یه‌كجاری خوێنرایه‌وه‌و كه‌س نه‌یبینی و كاریشی پێ نه‌كرا!
كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم هیچ جیاوازیه‌كی نیه‌ له‌ كابینه‌ی هه‌شته‌م، ته‌نانه‌ت سه‌رۆكی حكومه‌ته‌كه‌ هه‌مان ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ به‌رپرسیاری نه‌هامه‌تیه‌كانی چه‌ندین كابینه‌ی شكست خواردوی حكومه‌ته‌!
ئه‌و كابینه‌ی كه‌ دوو ساڵ نه‌وتی هاڤاناو بای حه‌سه‌نی فرۆشت و له‌نێوان خۆیاندا به‌شیان كردو پترۆ دۆلاره‌كه‌شیان به‌كه‌ركوكیه‌كان نه‌دا !
ئه‌م حكومه‌ته‌ هه‌ر ئه‌و حكومه‌ته‌یه‌ كه‌ 5 ساڵ به‌بێ یاسای بودجه‌و به‌نایاسایی ده‌یان ملیار دۆلاری سه‌رفكرد! په‌رله‌مانی داخست! وه‌زیری ده‌ركرد!
موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی پاشه‌كه‌وت كرد 12 موچه‌ی ته‌واوی موچه‌خۆرانی خواردووه‌.
10 ملیار دۆلاری بانكه‌ ئه‌هلی و بازرگانیه‌ عێراقیه‌كانی له‌هه‌رێم بردووه‌.
هیچ گرێبه‌ستێكی نه‌وتی شه‌فاف نیه‌و پاره‌ی نه‌وتی به‌ موحاسه‌سه‌ی حزبی له‌نێوان خۆیاندا دابه‌ش كردووه‌، هه‌یانه‌ ده‌ستی به‌سه‌ر بیره‌ نه‌وتدا گرتووه‌.
دۆسێكانی گه‌نده‌ڵیان له‌ دادگای نه‌زاهه‌ تۆزی لێ نیشتووه‌و گه‌مه‌یان به‌دادگاو لێپرسینه‌وه‌ دێ.
ته‌نها ده‌موچاوی چه‌ند وه‌زیرێك ده‌گۆڕن و به‌هه‌مان عه‌قڵیه‌ته‌وه‌ حوكمڕانی ده‌كه‌ن، ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌ی كه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ی به‌و هه‌موو سه‌روه‌ته‌وه‌ به‌دۆخێك گه‌یاندووه‌ میله‌ت هه‌ژارو برسی و خۆشیان بونه‌ته‌ خاوه‌نی ملیاره‌ها دۆلارو پاره‌كه‌شیان بردۆته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ بازرگانی خه‌یاڵی!
ڕاپۆرته‌كانی چاودێری دارایی ده‌شارنه‌وه‌و هیچ لێپرسینه‌وه‌یه‌ك نیه‌.
خه‌ریكی بازرگانی نه‌وت و به‌ردو دارو بزمارو دایبی و ئاوو مه‌شروب و جگه‌ره‌ی ته‌زویرو ده‌رمانی ئێكسپایه‌رو ئاڵتون و شوێنه‌وارو خوێ و خۆراكن و قۆرخی بازاڕیان كردووه‌و ملیاره‌ها دۆلاریان به‌نایاسایی بردۆته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و چه‌ندین مافیاو چه‌ته‌یان له‌سنوره‌كان داناوه‌ به‌ناوی جۆراوجۆره‌وه‌ سه‌رانه‌ له‌ شۆفێرو بارهه‌ڵگر وه‌رده‌گرن، هه‌یانه‌ هیچ بازرگانیه‌كی بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه‌ خه‌ریكی بازرگانیه‌ به‌ مرۆڤه‌وه‌!
هه‌زاره‌ها بن دیوارو موچه‌خۆری نایاساییان هه‌یه‌، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یان پڕكردووه‌ له‌ بن دیوار، لیستی شه‌هیدان و ئه‌نفالیان پڕ كردووه‌ له‌ ناموسته‌حه‌ق، خاوه‌نی چه‌ك و جبه‌خانه‌ی خه‌یاڵی نایاسایین، زۆریان میلیشیایان هه‌یه‌.
ئازادیان خۆستۆته‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌، خه‌ڵك ده‌ڕفێنن، ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌ده‌ن، خه‌ڵكی له‌سه‌ر بیروڕا سزا ده‌ده‌ن، به‌ناوی سیاسه‌ته‌وه‌ خه‌ریكی بازرگانین، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان بازرگانی ماده‌ی هۆشبه‌ریش ده‌كه‌ن.
جگه‌ له‌وه‌ ده‌ستیان گرتووه‌ به‌سه‌ر دادگا، دارایی، نه‌وت، په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌، ئه‌نجومومه‌نی ئاسایش و به‌ته‌واوی ئه‌م دۆسێ گه‌ورانه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی گفتوگۆی پێكهێنانی حكومه‌ت و به‌شداری لایه‌نه‌كانی دیكه‌ن له‌ حكومه‌ت!
له‌م خوله‌شدا سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كارا ده‌بێته‌وه‌و پرسی سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ر بۆ خۆیان و له‌نێوان خۆیاندا دابه‌ش ده‌كه‌ن!
ئه‌وه‌ی به‌شداری ده‌كات له‌م حكومه‌ته‌دا ده‌بێ بزانێ ئه‌مانه‌ی ئاماژه‌م پێكردون هیچی نه‌گۆڕاوه‌و چاك نه‌بووه‌و بگره‌ خراپتر بووه‌، ئیدی ده‌بێ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێی هاتنی شاندنی پارتی بكه‌ی بۆ بینینی كارنامه‌ی حكومه‌ته‌كه‌و به‌شداری كردن تێیدا چی له‌مانه‌ گۆڕاوه‌؟ بێگومان به‌شداری كردن له‌ حكومه‌ت بۆ بێده‌نگ كردنه‌ له‌ نادادی و سته‌مكاریه‌كانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ كه‌ هه‌ر كه‌س ئه‌مه‌ بكات خۆی ده‌كوژێ!
ده‌وترێ چاره‌سه‌ر چییه‌، چاره‌سه‌ر له‌وه‌ها دۆخێكدا كه‌ خه‌ڵكی به‌ ته‌زویره‌وه‌ 66 كورسی و 10 كورسی پێكهاته‌ش ده‌نگ دراوه‌ به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ واته‌ زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆری خه‌ڵك ئه‌مانه‌ی قبوڵه‌، ئه‌وه‌ی قبوڵی نه‌بوون ده‌نگی نه‌داوه‌و كه‌مینه‌ی ده‌نگی به‌ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ داوه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ره‌ ئۆپۆزسیۆنی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ سته‌مكاره‌ بێ.
ئۆپۆزسیۆن بوونی فیعلی ئه‌م جۆره‌ ده‌سه‌ڵاته‌ سه‌خته‌و مه‌ترسیشی هه‌یه‌، به‌ڵام لانی كه‌م به‌شدار نابی له‌م هه‌موو نادادیه‌داو كاتێك ڕه‌خنه‌ت گرت پێت بڵێن تۆش به‌شداری! حاشا به‌شداری وه‌ها حوكمڕانیه‌ك عه‌یبداری گه‌وره‌ی دونیاو دواڕۆژی تیایه‌.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.