گۆڕان دەیەوێت لە ئەماڕەتی یەکێتییەوە لە حکومەتی بنەماڵەی بارزانیی بەشدار بێ

لەلایەن ستاندار Posted on 382 جار بینراوە

كه‌مال چۆمانی

پارتی حکومەت لەگەڵ یەکێتیی پێکدەھێنێت. بەشدارییش بە ھەر حیزبێک دەکات کە بیەوێت بەشداریی بکات، بەتایبەت بەشداریی بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی بۆ پارتیی زۆر گرنگە.
ئەو حکومەتە حکومەتی پارتییە؛ نێچێرڤان بارزانی جارێکی تر دەبێتەوە سەرۆکی حکومەت کە خۆی یەکێکە لە ھۆکارە سەرەکییەکانی بەشی ھەرە زۆریی نەھامەتییەکانی خەڵکی کوردستانە. ئاژێندای حکومەت زیاتر ئاژێندای پارتییە، رونتر ھی بنەماڵەی بارزانیی کە چۆن دەیانەوێت کوردستان لەڕێی دەزگای دڵڕەقیی ئاساییشی حیزبیی و پێشمەرگەی میلیشیایی زیاتر بە پۆلیسیی بکەن. لەڕێی زیاتری کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە سروشتییەکانیشەوە زیاتر ئابوریی و دارایی کۆنترۆڵ بکەن و ئیمپراتۆریەتی بنەماڵەیی ئابوریی خۆیان گەورەتر بکەن. لەڕێی کۆنترۆڵکردنی حکومەت و عەسکەر و ئاساییش و سەرچاوەکانیشەوە پەیوەندیی عێڕاقیی و ئیقلیمیی و ناودەوڵەتییش زیاتر کۆنترۆڵ بکەن، بەتایبەت لەگەڵ تورکیا پڕۆکیسبونی خۆیان بەردەوامیی پێ دەدەن. لە پارلەمانێکی لاواز و کۆنترۆڵکراویشدا، دەستوری ھەرێم بە ویستی خۆیان دادەڕێژن و قانونی سەرۆکایەتیی ھەرێم بە ویستی بارزانیی ھەمواردەکەنەوە، گرێبەستەکانی نەوت لە بن دەستی نێچیرڤان بارزانیی دەھێڵنەوە. میدیا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنییان کۆنترۆڵ کردون.
لەولاشەوە، یەکێتییەکی سەد پارچە، لەسەر ھەمو شت ناکۆک تەنھا لەوەدا نەبێت کە برابەشی پارتیی بن، بە ھەمان رادەی پارتیی لە سلێمانیی و گەرمیان و ھەڵەبجە ویستی خۆیان و ھی بنەماڵەی تاڵەبانیی بچەسپێنن. پێشمەرگە و ئاساییش حیزبیی و میلیشیاییان ھەمیشە ئامادەدەبێت بۆ سەرکوتکردنی ھەر دەنگێکی ناڕازی. ھەوڵدەدەن گۆڕان و لایەنەکانی دی لە خۆیان نزیکبکەنەوە تەنھا بۆ ترساندنی پارتیی نەک ئیرادەی گۆڕانکاریی.
لەو نێوەندە پڕ کێشمەکێشم و چەتەگەرایی و دڵڕەقییەدا، گۆڕان و کۆمەڵ دەیانەوێت بەشداریی حکومەت بکەن. گۆڕان لە ئەماڕەتی یەکێتییەوە دەیەوێت بەشداریی حکومەتی بنەماڵەی بارزانیی بکات. بزوتنەوەی گۆڕان ناتوانێت تەنھا یەک سودی بەشدارییکردنمان لە حکومەتی بنەماڵەی بارزانیی کە تێیدا ئەماڕەتی یەکێتییش جێی کراوەتەوە پێ بڵێت. سەرکردایەتیی گۆڕان دەیانەوێت لەڕێی دەزگاکانی حکومەتەوە ھێندە پارە و دەستەڵاتیان لەبەر دەست بێت تا بتوانن کادیرانی گۆڕان بێدەنگ بکەن کە داوای چاکسازیی ریشەیی لە حیزبەکەیان دەکەن.
لە کاتێکدا لە ھەر رۆژێک زیاتر پێویستمان بە ئۆپۆزسیۆنێکی جدیی ھەیە، بزوتنەوەی گۆڕان دەیەوێت ببێتە بەشێک لە پڕۆسەی جێبەجێبونی ویستی تاکڕەوانەی پارتیی. پارتی لە ھەبونی نەوشیروان مستەفای رەحمەتیی و لوتکەی بەھێزیی گۆڕان حیسابی بۆ گۆڕان نەکرد، چۆن لە نەبونی نەوشیروان مستەفا و ئەوپەڕی بێھێزیی گۆڕان حیساب بۆ ئەو حیزبە دەکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.