ئاڵای کوردستان و مەبەستی پاڵ دیاریکردنی ۱۷ی کانونی یەکەم وەک ڕۆژی ئاڵا

لەلایەن ستاندار Posted on 468 جار بینراوە

کەرکوک ئەحمەد

ھەموو کیانێکی سیاسی ئاڵایەکی تایبەت بەخۆی ھەیە کە گوزارشت لە کولتور و پێکھاتە و تایبەتمەندیەکانی ئەو وڵاتە دەکات و ڕەمزی سەروەری و سیادەیە. مەرج نییە ئەو قەوارەیەی ئاڵای تایبەت بەخۆی ھەیە دەوڵەت یان ھەرێم بێت بەڵکو کیانی بچوکتر لە ھەرێمیش ئاڵای تایبەت بەخۆی ھەیە. ھەبوونی ئاڵا پەیوەندی بە دانپێدانانی دەوڵەتانەوە نییە بەڵکو ئاڵا ڕەمزێکە بۆ یەکێتی کۆمەڵەیەک و خۆجیاکردنەوەی لەکۆمەڵەیەکی تر.

شتێکی ئاساییە کە ئاڵای نەتەوەیەک یان وڵاتێک بەپێی جیاوازی قۆناغەکانی مێژوو گۆڕانی بەسەردا ھاتبێت، لەسەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر لەیەک جیاوازبێ. زۆر جار بەگۆڕانی سیستەمی حوکم لە وڵاتێک ئاڵای وڵاتەکەش لەگەڵ سیستەمەکە گۆڕاوە، وەکو ئەوەی لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەحس ئاڵای عێراق چەند جارێک گۆڕانی بەسەردا ھات تاکو لەساڵی ۲۰۰٨ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەیاسا ئەوشێوەیەی ئێستای پەسندکرد. ھاوشێوەی وڵاتان ئاڵای کوردستانیش بەپێی قۆناغە جیاوازەکانی مێژوو گۆڕانی بەسەردا ھاتووە ئەگەر لەسەردەمی میرنشینی سۆرانەوە لەساڵی ۱٨۱٦ وە وەریبگرین تاکو ئێستا ئاڵای کوردستان پێنج شێوەی بەخۆیەوە بینیوە.

لەپێناو ئەوەی ئاڵای وڵات شێوازێکی نەگۆڕ وەربگرێت و ھەرڕۆژەو گۆڕانکاریەکی بەسەردا نێت، دەوڵەتان ئەو بابەتەیان بەپێی یاسا ڕێکخستووە لەو چوارچێوەیەش عێراق بەپێی مادە ۱۲ فەقەڕە ب لەدەستوری ساڵی ۲۰۰٥ ئەو بابەتەی بەجێھێشتووە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئەوەی بەپێی یاسایەکی تایبەت ڕێکیبخات.

ھەرێمی کوردستانیش بەر لە دەستوری عێراق و لەساڵی ۱۹۹۹، ئەو بابەتەی بەپێی “یاسای ئاڵای ھەرێمی کوردستانی عێراق ژمارە ۱٤ ی ساڵی ۱۹۹۹” ڕێکخستووە، تیایدا بەشێوەیەکی ورد باسی لە شێوازی ئاڵای کوردستان و قەبارەو ڕەنگەکانی کردووە، ھەروەھا لەیاساکە باس لە شێوازی ھەڵکردنی ئاڵاکەو ئەو شوێنانەی کە ئاڵاکەیان لەسەر ھەڵدەدرێت کراوە.

لەکاتێکدا ئاڵا پێویستە بەشێوەیەکی بەردەوام لەسەر دامەزراوەکانی وڵات بشەکێتەوە بەڵام ھەندێ وڵات ڕۆژێکیان تایبەت کردووە بە ئاڵا و ناویان ناوە “ڕۆژی ئاڵا” کەتیایدا ئاڵای سەر سەرجەم دامەزراوەکان دەگۆڕدرێ و نوێدەکرێتەوە، دیاری کردنی ئەو ڕۆژەش زۆرجار پاشخانێکی مێژویی ھەیە، پەڕلەمانی کوردستان لەساڵی ۲۰۰۹ بڕیاریدا کە ڕۆژی ۱۷ ی کانونی یەکەمی ھەموو ساڵێک ڕۆژی ئاڵابێت و لەوڕۆژەدا ئاڵای سەر سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەت بگۆڕدرێن و نوێبکرێنەوە، ھۆکاری پاڵ دیاریکردنی ئەو ڕۆژە وەکو ڕۆژی ئاڵا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ۱۹٤۷ کاتێک لە ۱۷ ی کانونی یەکەمی ئەوساڵە ئاڵای کوردستان لەسەر سەرجەم دامودەزگاکانی کۆماری مەھابات ھەڵکرا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.