شێرزاد شێخانی
لەسەروبەندی دامەزراندنی کابینەی حەوتەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دوای ھەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٣ ، بەمەبەستی سەلامکردن سەردانی کاک نەوشیروان مستەفام کرد لەگردەکە . کاتێک سکرتێرەکەی خەبەری منی پێگەیاند گوتی بابێتە ژوورەوە . کە سەرمکرد بەژووەرە بینیم بەشێک لەسەرکردەیکانی گۆڕان لەگەڵی دانیشتون دیار بو باسی مەسەلەی ھەڵوێستی گۆڕانیان ئەکرد لەسەر بەشداریکردن یان نەکردن لەحکومەتی ھەرێمدا . کاک نەوە کە بینیمی یەکسەر وتی ” باشبو ھاتی ، وەرە دانیشە بابزانم رای تۆ چییە لەسەر ئەو مەسەلەی گفتوگۆی لەبارەوە ئەکەین . تۆ وەکو رۆشنبیرێک پێت باشە ئێمەی گۆڕان بچینە ناو حکومەتەوە یان نا “؟. بە بەرچاوی ئەو ھاوڕێیانەی لە کۆبونەوەکە دانیشتبون کە بەشێکیان ئێستاش لەسەرکردایەتی گۆڕاندان ، ئەگەر پێویست بکات ناویشیان ئەھێنم ، پێموت : کاک نەوە ئێوە وەکو بزووتنەوەی گۆڕان لەم ھەڵبژاردنەدا ٢٤ کورسی پەرلەمانتان ھێناوە . ئەگەر بەشداری حکومەت بکەن ئەوپەڕی چوار یان پێنج وەزارەتتان بەر ئەکەوێ .ئەو بەرنامەیەی لەھەڵبژاردنەکاندا خستوتانەتە روو و جەماوەرەکەتان دەنگی پێداوە بەم ژمارەی وەزارەتانەوە پێتان جێبەجێ ناکرێ .دوای ئەوەش سەرۆکی حکومەت لەپارتییە ، تەسەور مەکە ھاوکاری وەزیرەکانتان بێت بۆ ئەوەی لەکارەکانی وەزارەتەکانیان سەرکەوتوبن و ئەم دەسکەوتە بدات بە وەزیرەکانتان . بەڵکو بەپێچەوانەوە کێشەیان بۆ دروست ئەکات تاکو شکست بێنن و دواتر بڵین فەرمو ئەوەش وەزیرەکانی گۆڕان ھیچیان پێنەکرا . بۆیە بەشداریتان بەچوار پێنج وەزارەتەوە ھیچ لەوەزعەکە ناگۆڕێ . ئێوە پێشتر لەناو پەرلەمان ئۆپۆسزیۆنێکی کارا بوون و گۆڕانکاریەکی زۆر گەورەتان ھێنایە ئاراوە بەو رۆڵەی پەرلەمانتارەکانتان گێڕایان لەناو پەرلەماندا ، ھەستمان بە ئەکیتیفبونی ھێزی ئۆپۆسزیۆن کرد وکاریگەری بەسەر دەسەڵاتدا ، بۆیە مانەوەتان وەکو ھێزێکی کاریگەری ئۆپۆسزیۆن بۆ تەواوکردنی پەیامەکەتان زۆر باشترە لەوەی بچنە ناو حکومەتێکەوە کە ھیچ دەسەڵاتێکتان بەسەریەوە نابێت .بۆیە پێمباشە سەرۆکایەتی پەرلەمان وەربگرن و لەوێوە کاری خۆتان بکەن بۆ فشار خستنە سەر دەیسەڵات ، ئەمە جگە لەوەی پەرلەمان دەسەڵاتی یاسادانانیشی ھەیە بەمەش رێگری لەوە دەکەن حکومەت ھەمو شتێک بە کەیفی خۆی بکات . جیا لەوەش ئەتوانن بەکاری پەرلەمانی چاودێری کارەکانی حکومەتیش بکەن بێ ئەوەی ھیچ کەسێک بتوانێ فشارتان بخاتەسەر .کۆتاییشم بەوە ھێناو وتم : ئێوە دەمێکە باس لەگەندەڵی ئەم دەسەڵاتەی کوردستان ئەکەن ، چوونتان بۆ ناو حکومەتێکی گەندەڵ ئێوەش تۆمەتبار ئەکات بەگەندەڵی ، بۆیە با وێنەکەتان ناشرین نەبێت لەناو حکومەتێک کە ناتوانن بە چەند وەزارتیک گۆڕانکاری تێدا بکەن ، باشترە سەرۆکایەتی پەرلەمان وەربگرن ، تا ئەو کاتەی جەماوەر پشتیوانیتان ئەکات و بەرێژەی زیاتری کورسیەکانی پەرلەمان لەداھاودا دەتوانن حکومەت بگرنە دەست “.
کاک نەوشیروان دوای ئەم قسانەی من رووی لەسەرکردەکانی بەشداربوو کردو وتی ” منیش لەگەڵ ئەو رایەی کاک شێرزادم “. بەڵام دواتر بۆم دەرکەوت کەوا فشاری زۆری سەرکردەکانو بەشێک لەکادیرانی گۆڕان وای لەکاک نەوشیروان کرد وەکو ھەندێ سەرکردەی تر ، کاسە ژەھرەکە بخواو بەشداری لەحکومەت بکات . ھەڵبەت ئەوانەی فشاری زۆریان بۆ ھێنا مەبەستیان بوو بەشێک لەکێکی دەسەڵات بخۆن ، نەیانئەزانی کێکەکەش ژەھراوییە وەکو دواتر بۆمان دەرکەوت بە دەرکردنی وەزیرەکانو تەنانەت سەرۆکی پەرلەمانەکەشیان .
بۆ مێژوو ئەیڵێمەوە ، ھیچکات ھەستم نەکردوە بەدرێژایی ھاوڕێیەتی تایبەتیم لەگەڵ کاک نەوەدا ، چاوی لە پلەو پۆستی دەسەڵات بێت ، ئەو بەسروشتی شۆڕشگێڕانەی خۆیەوە ھەمیشە خۆی لە نادادی دەسەڵات دوور گرتوەو ھەمیشە چاوی لەخزمەتی خەڵکە بەشمەینەتەکەی کوردستان بوە .
ئێوارەیەکیان خۆمو خۆی لەماڵەکەیدا دانیشتبوین . رەخنەی ئەوەم لێگرت کەوا زۆر تووندە بەرامبەر بە دەسەڵات و پێویستە ھەموو پەنجەرەکان بەسەر خۆیدا دانەخات بۆ ئەوەی بتوانێ پەیامەکەی بباتە سەر . لەوەڵامدا قسەیەکی کرد کە تا رۆژی مردن لەبیری ناکەم لەگەورەیی ئەم زاتە ، وتی : من خۆم قەرزارباری ئەو ماڵە جوتیارانە ئەزانم کە لەسەردەمی شۆڕشدا نانێکی گەرمیان لەبەردەم ئێمەی پێشمەرگەدا دائەناو، پێخەفی گەرمی خۆیان بەسەر ئێمەدا ئەدا . من قەرزاری ئەو لادێیانەم کە لەسەر رێگەی مەفرەزکانی پێشمەرگەدا نانو خورمایان لەژێر دارەکاندا ئەشاردەوە . قەرزاری خانەوادەی ئەو رەفیقانەم کە لەپێشمەرگایەتیدا لەناو سەنگەر بەتەنیشتمەوە شەھید ئەبون . قەرزاری ئەو پێشمەرگانەم کە لەخەباتی شاخدا دەست و قاچیان لەدەستداوە ، بۆیە ناتوانم بێدەسەڵات بوەستم لەئاست ئەو ھەمو قوربانیانەو موجامەلەی دەسەڵات بکەم ” .
ئەوانەی ئێستا لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا ئەیانەوێ بچنە ناو حکومەتی داھاتووی ھەرێمەوە بەبێ گوێدانە ئەو سزا قوڕسەی جەماوەرەکەیان لەھەڵبژاردنەکەی ئەمدواییەدا ، ھەمان ئەو دەموچاوانەن کە بەشێکیانم لەو کۆبونەوەیەدا بینی کە پێنج ساڵ لەمەوبەر ھەمان ھەوڵیان ئەدا بۆ بڕینی بەشێکی زۆر بچووک لە کێکی دەسەڵات !!!.