قسەکانی جۆن کەنەدی کورد و ئەمریکا دەکاتە ھاوپەیمانی ڕاستەقینە؟

لەلایەن ستاندار Posted on 351 جار بینراوە

ئارام ھادی

سیناتۆر (جۆن کەنەدی) ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لەئەنجومەنی سینات داوایکرد, پرۆژە یاسای ناسراو بە (s١) بۆپارێزگاریکردن لە ھاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەموار بکرێت, کوردیش بخرێتە ناوی تاوەکو لە ھەر ھێرشێکی دەرەکی پارێزگاری لێبکەن.
لەبنەڕەتدا ئەمە پرۆژەیەکی درێژخایەنی ئەمریکی دەبێت بۆ پارێزگاریکردن لە ھاوپەیمانەکانی لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ھاوشێوەی ھەردوو پرۆژەی (ترومان و نیکسۆن).
ئەم پرۆژەیە لەلایەن سیناتۆری کۆماریەکان (مارکۆ ڕۆبیۆ) لەژێرناوی (s١)ئامادەکراوە, لە نوێترین پرۆژەی ئەمریکایە بۆ پاراستنی ھاوپەیمانەکانی تائێستا تەنھا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە, بەداخیشەوە وەک ھەردوو پرۆژەکەی پێشوو (نیکسۆن و ترومان)جارێکیتر کورد پەراوێزخراوە و ھیچ بەندێکی ئەو پرۆژە (٥٠) لاپەڕەییە کوردی بە بنەما نەگرتوە.

گرنگی ئەم پرۆژەیە تەنھا لەدوو خاڵدایە
یەکەم/ سیناتۆر جۆن کەنەدی داوا دەکات پرۆژەکە ھەمواربکرێتەوە و کۆدەنگی سیناتی ئەمریکای لەسەر بێت تا کوردیش وەک نەتەوەیەکی ٣٠ملیۆنی بخرێتە چوارچێوەی پرۆژەکەوە.
دووەم/ ئەوەی پێویستە لەسەر کورد بە یەکگرتویی تاچەند دەتوانێت سود لەم دەلاقە کراوەیە ببینێت کە جۆن کەنەدی بۆی کردۆتەوە و ھەموو ھەوڵە دبلۆماسیەکانی بخاتە گەڕ تا ناوی لە پرۆژەکەدا تۆمار بکرێت.
لەلایەکیترەوە قسەکانی جۆن کەنەدی لەمەدا ڕوون و ئاشکرایە و داوادەکات کورد بەگشتی لەداھاتودا لەلایەن ئەمریکاوە ھاوشێوەی (ئەردەن و ئیسرائیل) بپارێزرێن, ئەوەی کە ڕوون نیە ئەوەیە چۆن و بەچی میکانیزمێک بپارێزرێن, لەکاتێکدا باشوری کوردستان تائێستا لەناو چوارچێوەی عیراقدا ھەرێمێکە و ڕۆژئاواکەشی تائێستا چارەنوسی نادیارە و باکور و ڕۆژھەڵاتیشی لەژێر داگیرکاری دوو زلھێزی ناوچەیی (تورکیا. ئیران)دەناڵێنێت.

دواجار: ھەرچی بێت دیارە بە نیسبەت کۆنگرێسمانێکەوە کاتی مامەڵەی تاکیتکی لەگەڵ کورد بەسەرچوە و ئێستاش دەبێت ئەو نەتەوەیە لە پرۆژە ستراتیژیەکانی ئەمریکا جێگەی بکرێتەوە , ئەوەیتریشی لەسەر کورد بەندە تاچەند دەتوانێت پشتگیری کۆنگرێسمانەکان لە یەکەوە بکات بە زۆرینە, ھاوکات چۆن باوەڕ بە ئەنجومەنی سینات و ئیدارەی ئەمریکی دەکات پرۆژەکە بە ئیزافەی ناوی کوردەوە وەک ھاوپەیمانێکی ئەمریکی پەسەندبکات؟.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.