گەندەڵی پەتا کوشندەکە لە عێراق و ھەرێمی کوردستاندا !

لەلایەن ستاندار Posted on 362 جار بینراوە

نەوزادی موھەندیس

• ئاشکرایە دیاردەی قێزەونی گەندەڵی یەکێکە لەو پەتا کوشندانەی کە تووشی ھەر دەسەڵات و حوکمڕانیەک ببێت،گەر بەپلانی زانسی و واقعی و بەنیەتێکی ڕاستگۆیانەی پێشوەخت و لەڕێگەی دامودەزگا و ئۆرگانی تایبەت و بەدەسەڵات ڕووبەڕووی نەبێتەوە ئەوا دەبێتە ھۆی تێکشاکاندن و خۆرکەی پایە گرنگەکانی دەسەڵات و لەکۆتایشدا دەبێتە ھۆی داڕمانی تەوای سیستەمی حوکمڕانیەکە،گەندەڵی وەک پەتایەک وایە کە زوو بڵاودەبێتەوە و بەبێ جیاوازیش ھەموان دەگرێتەوە لە لوتکەی دەسەڵاتەوە تاکو ھاوڵاتیەکی سادە و ھەر ھێندەش کە پێی گیرۆدەبویت ئیدی وازھێنانی گەلێک ئەستەم دەبێت. زۆرێک لە دەسەڵاتدار و حوکمڕان و کۆمەڵگا مرۆڤایەتیەکان بەدەست ئەم دیاردە و پەتایەوە گیرۆدەبوون و دەناڵێنن و کەوتونەتە بەرمەترسی و ھەڕەشەی لەناوچوون و زۆرێکی تریش لەمێژوودا بەھۆی دیاردەی گەندەڵیەوە بەرەو زبڵدانی مێژوو توڕھەڵدروان.
• ھەمیشە وەک کارێکی سروشتی دیاردەی گەندەڵی لەناو ئەو سیستەمە حوکمڕانیانەدا بڵاودەبێتەوە و ڕمێن پەیدادەکات کە تاکڕەو و خۆسەپێن و شمولی و بنەماڵەیی و بەرژەوەندی و خود پەرستن ،ھەربۆیەش ھەمیشە دواکەوتن و ھەژاری و ستەم و چەوساندنەوە دیاری بەختی ئەو کۆمەڵگایەنەن و نمونەی زەقیش دەسەڵاتدارە ڕۆژھەڵاتیەکان بەگشتی و بەتایبەتیش عەرەبی و ئیسلامی و کەنداویەکان و ..ھتد،بەپێچەوانشەوە ھەموو کات دەسەڵات و سیستەم و حوکمڕانیە دیموکراسی و لیبڕاڵ و پێشکەوتوو و ئازادەکان لە ڕۆژئاوا و ئەوروپا و ئەمریکا و وڵاتەکانی تریش،کەمترین دیاردەی گەندەڵیان تیادا بڵاوبۆتەوە،چونکە یاسا سەروەرە و تاک و گروپەکان ھەموانیان یەکسانن و بەڕاستگۆییانەش سیاسەت و حیزبایەتی دەکەن و باشیش لە بنەما مرۆڤایەتیەکانی یەکسانی و دادپەروەری و ئازادی تێگەیشتوون و ڕێزی زۆریشیان ھەیە بۆ مافی تاک و مرۆڤەکان و ھیچ کاتیش دەسەڵات و پۆستەکانیان وەک میراتی باوباپیرانیان یان وەک خەڵات و دەسکەوت نابینن و ھیچ کات خزمەت و قوربانیدان و ماندوبونەکانیشیان لەپێناو گەل و نیشتیمانەکانیاندا بەمنەت نافرۆشنەوە بە جەماوەر و چین و توێژەکانی گەلەکانیان،ئاخر گەلۆ ئەمە جیاوازیە گەورەکەیە لەنێوان سیستەم و دەسەڵاتدارەکانی ڕۆژئاوای پێشکەوتوو و گەشەکردودا و لەگەڵ ڕۆژھەڵاتی دواکەوتووی ھەژار و نەخوێندەوار و خۆسەپێندا.کە ھەرگیزاو ھەرگیز نابنە یەک و وەکو یەکیان لێنایەت نە لەئاکار و لە ھەڵسوکەوت و نە لەبیرکردنەوە و کارکردندا.
• لەئێستاشدا و بۆماوەی زیاد لە ١٥ ساڵی ڕابووردوو دەبێت دەوڵەتی عێراق بەھەرێمی کوردستانیشەوە تووشی ئەم پەتا قێزەونە بۆتەوە و لە لوتکەی ھەڕەمی دەسەڵاتەوە گیرۆدە بوە تاکو ھاوڵاتیانی سادە و تەواوی ئۆرگان و جومگەکانی حوکمڕانی گرتۆتەوە،ئەوەتا وەک لە ڕاپۆرتەکاندا دەردەکەوێت لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە لەساڵی ٢٠٠٣وە تاکو ئێستا زیاد لە ٨٠٠ ملیار دۆلار سەروەت و سامان وداھاتی عێراق بە فیڕۆچوە لەڕیگەی گەندەڵیەوە،بەشێوەیەک گەندەڵی تەشەنەی کردوە کە تەواوی کەرت و بوارەکانی گرتۆتەوە وبەتایبەتیش کەرتی وزە((نەوت و غازی سروشتی))، ھەر لەھەفتەی ڕابووردوودا لەلایەن پەڕلەمانی عێراقەوە لیژنەیەک پێکھاتوە بۆ لێکۆڵینەوە لە ئیشوکارەکانی ١٥ ساڵی ڕابووردووی کۆمپانیای سۆمۆ(( تایبەت بە فرۆشتن و بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق)) کە گومانێکی زۆر ھەیە دەربارەی تێوەگلانی لەگەندەڵی و بەھەدەردانی بڕیکی زۆری سەروەت و سامان و داھاتی عێراق بە قازانجی حیزب و سەرکردە سیاسیەکان.ئاشکراشە گەندەڵکاران ھەموانیان لەدەستڕۆیشتوەکانی ناو حیزب و بنەماڵەکانن یان لەلایەن حیزب و سەرکردەکانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت و تائێستاش یاسا و ئەو ئۆرگانانەی کە تەنھا بەناو دامەزراون وەک دەستەی دەستپاکی و لیژنەی ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی لەعێراق و کوردستاندا نەیانتوانیوە بچوکترین ھەنگاو ھەڵنێن و ئەو ژمارە زۆر و بەرچاو و ناسراوانەی گەندەڵکاران ڕووبەڕووی لێپرسینەوە بکەنەوە،گەرچی لێرە ولەوێ دەبیستین کە فڵانە لێپرسراو یان وەزیر و وەکیل وەزیر و ب.گشتی و ..ھتد.دراونەتە دادگا بەڵام ئەنجامی دادگاییکردنەکان ھیچ کات ئاشکرا نەکراون.
• لەئێستاشدا لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە د. عادل عبدالمھدی وە ھەیە بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنێکی تایبەت بۆ ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی لە عێراقدا،کەئەم ھەنگاوە دڵخۆشکەرە ،بەڵام ئایا دەتوانێت تەواوی ئامانجەکانی وەدیبھێنێت لەناوەڕاستی ئەم ھەموو مافیا و دەستڕۆیشتوە گەندەڵانەدا،ھەربۆیە سەرکەوتنی ھەر حکومەتێک لەعێراق و کوردستانیشدا بەندە بە ڕادەی سەرکەوتنی لە ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی و کەمکردنەوەیدا.
ئەوەتا لەڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی ((شەفافیەتی نێودەوڵەتیدا)) تایبەت بە گەندەڵی لەسەر ئاستی جیھان کە ١٨٠ وڵات لەخۆدەگرێت بڵاوکراوەتەوە کە ١٢ وڵات لە پێشەوەی ھەموو وڵاتانی دونیادان لە گەندەڵیدا کە عێراق لە پێشەوەی ھەمواندایە و لەتەنیشت عێراقیشەوە ٦ دەوڵەتی تری عەرەبی ھەن وەک ((یەمەن و ێۆمال و لیبیا و سوریا وسودان و باشوری سودان))ن.
لەھەرێمی کوردستانیش دیاردەی گەندەڵی و گەندەڵکاران گەر لەعێراق زیاتر نەبێت کەمتر نیە و گەندەڵی تەواوی بوارەکانی گرتۆتەوە بەتایبەتیش کەرتی وزە کە خۆی لە نەوتی خاو و غازی سروشتیدا دەبینێتەوە و زۆر لە کەرتی وزەی عێراق ناشەفافترە وکەم کەس ھەیە کە بزانێت داھات و فرۆشی نەوت و غازی سروشتی کوردستان بۆ کوێ دەچێت و بەکێ دەفرۆشرێت و داھاتەکانیش دەچنە نێوباخەڵی کێوە.بۆیە ھەموو ئەم تاریکاندن و ناشەفافیەتە لە حوکمڕانیدا چ لەعێراق و چ لەکوردستان بونەتە ھۆی دروستکردنی دەیان نیشانەی پرسیاری گەورە لای ھاوڵاتیانی ناڕازی و کەمتەرخەمیش لەڕووبونەوەی گەندەڵیدا بەھەمان شێوە بۆتە ئەو تەلیسم و مەتەڵەی کە بۆھیچ کەسێک ھەڵنایەت.بەھەمان شێوەش سەرکەوتن و متمانە وەرگرتنی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێم لەلایەن جەماوەرەوە بەندە بە ڕادەی سەرکەوتنی لە کەمکردنەوە و بەگژداچوونەوەی دیاردەی گەندەڵیدا، و دەبێت ھەموان باش بزانن کە گەندەڵی تەنھا بەدروشم و لە ڕاگەیاندنەوە بنبڕناکرێت بەڵکو بە سەروەربوونی یاسا و جێبەجێکردنی یاسا وەکو خۆی و بەسەر ھەمواندا بەیەکسانی و بەو پەڕی توندی و بێ بەزەییانەوە دەبێت و نابێت چاوپۆشی بکرێت و کەمتەرخەمی و خوێنساردی بنوێنرێت.گەر بە نیەتێکی ڕاستەقینەی ڕاستگۆیانە و بە باوەڕێکی پتەوەوە پێش بە گەندەڵی نەگیرێت،ئەوا بەدوور نازانرێت کە گەندەڵی وەک پەتایەک سەری سەران و دەستڕۆیشتوانی عێراق و کوردستانیش بخوات و وەکو زۆرێک لەدیکتاتۆر و ڕژێمە شمولی و سەربازی و نادیموکراسیەکان بەرەو زبڵدانی مێژوو توڕھەڵبدرێن، گەر ھەرچی زووتر ھەیە بکەونە خۆ و بە نیەتێکی ڕاستگۆیانە و بەبەرنامەیەکی تۆکمە و بە بەکارھێنانی یاسای توند و بەھێزەوە ڕووبەڕووی ئەو دیاردەیە نەبنەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.